چۆن لە سفرەوە فێری فرۆش ببم؟

چۆن لە سفرەوە فێری فرۆش ببم؟

 

زۆر کەس هەڵە تێدەگەن و وا بیردەکەنەوە کە فرۆشتن تەنها لە دووکان یان کۆمپانیادا دەکرێت، بەڵام لە ڕاستیدا فرۆش پێویستییەکی ڕۆژانەیە بۆ هەموو مرۆڤێک.

باوەڕ بکە هەتا بۆ ڕازیکردنی هاوبەشی ژیانت لەسەر شتێک، یان قایلبوونی دەوروبەرت بە بیرۆکەیەک، پێویستت بە هونەری ڕازیکردن و بنەماکانی فرۆش هەیە.
کاتێک فێری فرۆش دەبیت، فێری چۆنیەتی تێگەیشتن لە دەروونی بەرامبەر و سەرکردایەتیکردنی ژیانت دەبیت.

با سەرەتا بزانین فرۆش چییە:

فرۆش تەنها ئاڵوگۆڕکردنی بەرهەم بە پارە نییە، بەڵکو هونەر و زانستی تێگەیشتنە لە پێویستییەکانی کڕیار و پێشکەشکردنی چارەسەری گونجاوە بەشێوازێک کە کڕیار متمانەت پێبکات بۆ ماوەیەکی درێژخایەن.

فرۆش وەک لێدانی دڵی کۆمپانیاکان و بزنس وایە؛ ئەگەر باشترین بەرهەم یان خزمەتگوزاریشت هەبێت، بەبێ پرۆسەیەکی فرۆشی سەرکەوتوو، بزنسەکەت ناتوانێت گەشە بکات و بمێنێتەوە.

فرۆش ئەو بزوێنەرەیە کە بیرۆکەکان دەکاتە داهات.

 

دەتوانم فێری فرۆشببم؟

تەنانەت ئەگەر پێشتر هیچ ئەزموونێکیشت لە بواری فرۆشدا نەبووبێت، فرۆش بەهرەیەک نییە کە لەگەڵیدا لەدایک ببیت، بەڵکو هونەر و زانستێکە کە بە ڕاهێنان فێر دەبیت بەو مەرجەی حەزت بە فێربوونبێت.

جا خاوەن کار بێت، یان کارمەندێک کە دەیەوێت داهاتی زیاد بکات، زانینی بنەماکانی فرۆش بەهێزترین چەک و ئامرازە بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتن. بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە:

چۆن لە سفرەوە دەست پێبکەیت و ببیتە فرۆشیارێکی سەرکەوتوو لە بازاڕدا؟

 

 

لەم وتارەدا بە ٥ خاڵ ڕوونی دەکەینەوە چۆن فێری فرۆش ببین لە سفرەوە:

 

١. گۆڕینی بیرکردنەوە؛ فرۆشتن یارمەتیدانە، نەک فێڵکردن:

یەکەم هەنگاو بۆ ئەوەی لە سفرەوە دەست پێبکەیت، راستکردنەوەی تێگەیشتنە لەسەر وشەی (فرۆش). زۆر کەس وا بیردەکەنەوە کە فرۆشیار واتە کەسێک کە قسەی زۆر دەکات یان شتێک دەفروشێت کە کڕیار پێویستی پێی نییە!

لە ڕاستیدا فرۆشیاری سەرکەوتوو ئەو کەسەیە کە:

  • گوێگرێکی باشە: قسەیەکی فەلسەفی هەیە ئەڵێت: (کاتێک کە بێدەنگ دەبین؛ هەموو شتەکانی چواردەورمان قسە دەکەن). ئەمەش واتە فرۆشیار کاتێک بێدەنگ دەبێت و زۆر قسە ناکات؛ کڕیار دەکەوێتە قسە و پێویستیی ڕاستەقینەی کڕیار ئاشکرادەبێت بە هۆی قسەکانییەوە.
  • کێشەکان چارەسەر دەکات: بەرهەمەکەی یان خزمەتگوزارییەکەی وەک چارەسەر پێشکەش دەکات.
  • بڕوا و متمانە دروست دەکات: پەیوەندییەکی درێژخایەن لەگەڵ کڕیاردا دروست دەکات.

 

٢. شارەزابوون لە بەرهەم و ناخۆیی بازاڕ:

کوردستان بازاڕێکی تایبەت بە خۆی هەیە؛ (پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و ڕێزگرتن و متمانەی کەسی)، ڕۆڵێکی گەورە دەگێڕن. بۆ ئەوەی بەهێزەوە دەست پێبکەیت:

ا.شارەزایی تەواو لە بەرهەم: دەبێت بزانیت بەرهەمەکەت چ کێشەیەک لە ژیانی کڕیارەکەت چارەسەر دەکات، ئەمەش کاتێک دەبێت کە بزانیت بەرهەمەکەت:

  • لە چی پێکهاتووە؟
  • چۆن دروستکراوە؟
  • لە چ وڵاتێک دروستکراوە؟
  • هەر پێکهاتەیەک لەم بەرهەمە سوودی بۆچی هەیە؟
  • چۆن بەکار دەهێنرێت؟
  • بۆ کێ گونجاوە و بۆ کێ نەگونجاوە؟

ب.دەستنیشانکردنی کڕیاری ئامانج: بزانه کێ زۆرتری پێویستی بەم بەرهەمەیە؟ (گەنجان، خێزانەکان، یان خاوەنکاران).
کاتێک شارەزابوویت کە کاڵا و خزمەتگوزارییەکەت چۆن و چییە، بۆت دەردەکەویت کە بۆ چ جۆرە کڕیارێکیشە.

 

 

٣. سوودوەرگرتن لە ئەزموونی ڕاهێنەر و سەرچاوە ناوخۆییەکان:

سەرکەوتنی خێرا بەبێ فێربوون لە کەسانی خاوەن ئەزموون مەحاڵە. چەندین کەسایەتی و شارەزا هەن کە دەتوانیت لە ئەزموونەکانیانەوە دەست پێبکەیت و فێری بنەما زانستییەکانی فرۆش ببیت:

کاتێک باسی خول و کتێب دەکرێت؛ ڕاستەوخۆ دێتە خەیاڵت کە بۆ پارە بەم جۆرە شتانە بدەم کە گۆگڵ و یوتوب و ئەی ئای… ئەمانە خۆڕایین؟
وەڵامەکە ئەوەی کە ڕاستە ئەم سەرچاوانە بەردەستە، بەڵام زانیاری زۆر وەک ئاو وایە. ئەگەر چی زۆرینەی گۆی زەوی بە ئاو داپۆشراوە بەڵام بەشێکی کەمی گونجاوە بۆ خواردنەوە. کەواتە زۆربوونی زانیاری مانای بەسوودی نییە، خول و کتێبەکان و پۆدکاستەکان؛ کات و تێچووت بۆ دەگەڕێنەوە.

خۆ من پارەیان پێدەدەم، ئەمە تێچوو نییە؟

منیش دەڵێم وایە بەڵام کاتێک بە بڕێکی دیاریکراو خولێک یان کتێبێک دەکڕێت، ئەزموونی چەندان ساڵی ڕاهێنەرەکە و سەدان ڕاهێنەری تر لە هەمان کەسەوە وەردەگریت کە بە پارە ناتوانی ئەم هەمووە ئەزموونە بکڕێت چونکە تێچووەکەی زۆر بەرزە.

 

 

٤. فێربوونی ٣ تەکنیکی سەرەکی فرۆش:

کاتێک دەستت پێکرد، پێویستە ئەم چەند تەکنیکە بنەڕەتییە بزانیت:

  • تەکنیکی دۆزینەوەی پێویستی: لەبری ئەوەی بڵێیت (بەرهەمەکەم زۆر باشە)، بپرسە (چ گرفتێکت هەیە لەم بوارەدا؟).
  • وەڵامدانەوەی ناڕەزایەتییەکان: زۆرجار کڕیار دەڵێت (گرانە) یان (پێویستم پێی نییە). فرۆشیاری شارەزا بە هێمنی ڕوونی دەکاتەوە کە بەهای بەرهەمەکە زۆرترە لە نرخەکەی.
  • خزمەتگوزاری دوای فرۆش: بتوانیت کاتێک کڕیارێک کڕینت لێدەکات، پاڵپشتی بکەیت لە کێشەی هەبوو یان گرەنتی پێبدەیت.

 

 

٥. ڕاهێنانی ڕۆژانە و کۆڵنەدان:

فرۆش تەنها بە خوێندنەوەی پەڕتووک یان سەیرکردنی ڤیدیۆ فێرنابیت. دەبێت بە کرداری ئەنجامی بدەیت:

  • لە هەڵەکانت فێرببە؛ هەر وەڵامی (نەخێر)ێک لەلایەن کڕیارەوە، دەرسێکە بۆ فرۆشی داهاتووت.
  • پەیوەندییەکانت بەهێز بکە و تۆڕەکۆمەڵاییەتیەکانت گەشە پێبدە.
  • ئەوەی ڕۆژانە فێر دەبیت؛ ڕاستەوخۆی لەسەر کڕیارەکانت جێبەجێی بکە.
  • ڕۆژانە ئەو پرسیارانە بنوسە کە کڕیار لێتی دەکات وە نازانیت، دواتر بە دوای وەڵامی گونجاو بگەڕێ تا لە جاری داهاتوو ئامادەی ئەو پرسیارەبیت.

 

دەستپێکی تۆ لە کوێوە بێت؟

ئەگەر ئەمڕۆ لە سفرەوە دەست پێدەکەیت، یەکەم کاری ئەمڕۆت بڕیاردان بێت بۆ فێربوون. گوێ لە سیمینارەکان بگرە، بەدوای وتاری شارەزایانی فرۆشدا بگەڕێ، و هەوڵبدە ڕۆژانە بە کرداری ئەو زانیارییانەی فێریان دەبیت لە بازاڕدا جێبەجێیان بکەیت.

 

لەبیرت بێت: گەورەترین فرۆشیارەکانی جیهانیش ڕۆژێک لە ڕۆژان لە سفرەوە دەستیان پێکردووە!
هیچ کەسێک بە دارێکی سحراوی بە ڕۆژێک یان مانگێک فێری فرۆش نابێت. جار دوای جار و ساڵ دوای ساڵ، تا دەبیتە یەکەمی بواری خۆت.

 

نوسین: تیمی کارسازی شادمان

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *