Karsazy ShadmanKarsazy Shadman

٥ قۆناغە گرنگەکەی فرۆشتن کامانەن؟

فرۆشتن تەنها خستنەڕووی نرخ و تایبەتمەندیی کاڵا نییە، بەڵکو هونەری تێگەیشتنە لە کڕیار و دروستکردنی متمانەیە. لەم بابەتەدا بە شێوازێکی سادە و کرداری، ٥ قۆناغە سەرەکییەکەی فرۆشتنی سەرکەوتوو دەخەینە ڕوو؛ لە دروستکردنی متمانە و پرسیارکردنی زیرەکانەوە تا گەیشتن بە پێشنیارێکی گونجاو و چارەسەرکردنی بیانووەکانی کڕیار بە هێمنی و پیشەیی.

  • KarsazyShadman
  • 3 خولەک خوێندنەوە
  • 3 خوێنەر
٥ قۆناغە گرنگەکەی فرۆشتن کامانەن؟
ناوەڕۆکی ئەم مەقالەیە8
  1.  ٥ قۆناغە گرنگەکەی فرۆشتن کامانەن؟
  2. بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی پیشەیی و سەرکەوتوو مامەڵە بکەیت، پێویستە بەم ٥ قۆناغەی فرۆشدا بڕۆیت:
  3. ١. متمانەسازی (دروستکردنی پەیوەندی):
  4. ٢. پرسیارکردن (ناسینی پێداویستی):
  5. ٣. دڵنیابوونەوە:
  6. ٤. پێشنیارکردن (بەستنەوەی بەرهەم بە سوودەوە):
  7. ٥. وەڵامی بیانووەکانی کڕیار (چارەسەرکردنی دوودڵی):
  8. دەرئەنجام

 ٥ قۆناغە گرنگەکەی فرۆشتن کامانەن؟

فرۆشتن  تەنها نمایشکردنی کاڵا یان خزمەتگوزاری نییە؛ بەڵکو دروستکردنی پەیوەندییەکی ڕاستەقینە و متمانەدارە لەگەڵ کڕیار.

فرۆشیارەکان ڕاستەوخۆ باسی نرخ و تایبەتمەندی دەکەن بێ ئەوەی گوێ لە پێداویستیی کڕیار بگرن، ئەمەش وا دەکات کڕیار دوودڵ بێت یان بکشێتەوە. لە بازاڕدا ئەو کەسەی زۆرترین قسە دەکات زۆرترین نافرۆشێت؛ ئەو کەسەی زۆرترین گوێ دەگرێت، پرسیاری زیرەکانە دەکات و متمانە دروست دەکات، سەرکەوتوو دەبێت.

بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی پیشەیی و سەرکەوتوو مامەڵە بکەیت، پێویستە بەم ٥ قۆناغەی فرۆشدا بڕۆیت:

١. متمانەسازی (دروستکردنی پەیوەندی):

کڕیار پێش ئەوەی بەرهەم بکڕێت، بەدوای کەسێکی ڕاستگۆ و جێی متمانەدا دەگەڕێت.

  • پسپۆڕی لە بواری خۆتادا.
  • سڵاوکردنێکی گەرم و ڕووخۆشی.
  • گوێگرتن بەبێ پەلەکردن و ڕاستگۆیی لەبارەی تواناکانی بەرهەمەکەتەوە، بناغەی یەکەمە.

 کاتێک کڕیار هەست بکات تۆ تەنها بۆ گیرفانی خۆت قسە ناکەیت و بەڕاستی دەتەوێت یارمەتی بدەیت، وە لە بواری خۆت شارەزایت نیوەی ڕێگاکەت بڕیوە.

٢. پرسیارکردن (ناسینی پێداویستی):

پرسیار بکە نەک گریمانە. زۆر گرنگە بزانیت کڕیار بەدوای چیدا دەگەڕێت:

  • چ کێشەیەکی هەیە؟
  • چۆن بەرهەمەکە بەکاردەهێنێت و بودجەی چەندە؟

بۆ نموونە، لەبری ئەوەی بڵێیت ئەم مۆبایلە زۆر باشە، بپرسە: زیاتر بۆ وێنەگرتن و سۆشیاڵ میدیا دەتەوێت یان بۆ کار و یاری؟ وەڵامەکانی کڕیار نەخشەی ڕێگات دەدەنێ.

٣. دڵنیابوونەوە:

پێش ئەوەی بەرهەمێک یان پاکێجێک پێشنیار بکەیت، کورتەیەک لەوەی تێگەیشتوویت بیڵێرەوە بۆ ئەوەی کڕیار پشتڕاستی بکاتەوە کە لێی تێگەیشتوویت.

بۆ نموونە: واتە بەڕێزتان پێویستتان بە ئامێرێکە کە خێرا بێت، باترییەکەی بەرگە بگرێت و لە دەوری ئەم نرخە بێت؛ وایە؟

ئەم هەنگاوە هەڵەی تێگەیشتن کەم دەکاتەوە و هەستێکی باش بە کڕیار دەدات کە گوێی لێ گیراوە.

٤. پێشنیارکردن (بەستنەوەی بەرهەم بە سوودەوە):

لێرەدا ئەو بەرهەم یان خزمەتگوزارییە پێشنیار بکە کە وەڵامی ڕاستەوخۆی پێداویستییەکەی قۆناغی پێشوو دەداتەوە. تایبەتمەندیی وشک و تەکنیکی کەم بکەرەوە و زیاتر باسی (سوود) بکە بۆ خودی کڕیارەکە:

ئەم بەرهەمە چۆن کاتی بۆ دەگەڕێنێتەوە، ماندووبوونی کەم دەکاتەوە، یان پارەی بۆ دەگەڕێنێتەوە؟

٥. وەڵامی بیانووەکانی کڕیار (چارەسەرکردنی دوودڵی):

بیانووی وەک:

  • گرانە.
  • بیرێکی لێ دەکەمەوە.
  • لە شوێنێکی تر هەرزانترە.

ئەمانە هەمووی بەشێکی ئاسایی فرۆشتنن؛ نیشانەی ڕەتکردنەوەی کۆتایی نین، بەڵکو داوای زانیاری زیاتر یان دڵنیایین. تووڕە مەبە و بەرگری مەکە؛ سەرەتا تێگەیشتنی خۆت نیشان بدە، پاشان بە هێمنی و بە بەڵگە (وەک کوالێتی، گەرەنتی، خزمەتگوزاری دوای فرۆشتن یان شێوازی پارەدان) جیاوازییەکە ڕوون بکەرەوە.

دەرئەنجام

 فرۆشیاری سەرکەوتوو ئەو کەسە نییە کە زۆرترین قسە دەکات یان بە زۆر کاڵا ساغ دەکاتەوە؛ بەڵکو ئەو کەسەیە کە وەک پسپۆڕێک دەردەکەوێت.

کاتێک تۆ بنەمای متمانەت هەبێت، بە پرسیاری دروست کێشەکە بدۆزیتەوە، بە دڵنیابوونەوە ڕاستییەکەی بسەلمێنیت و باشترین چارەسەر بخەیتە ڕوو، کڕیار خۆی هەست بە ئاسوودەیی دەکات.

بەم شێوەیە نەک تەنها فرۆشێکت ئەنجام داوە، بەڵکو کڕیارێکی هەمیشەییشت بۆ خۆت مسۆگەر کردووە کە سبەی خەڵکی تریش دەنێرێتە لات.

نوسین: تیمی کارسازی شادمان

ئەم مەقالەیە بۆ هاوڕێکانت بنێرە
تێلیگرام واتساپ
نووسەر KarsazyShadman

دامەزرێنەری کارسازی شادمان و نووسەری کتێبەکانی پڕۆژەی شادمانی.

مەقالەی پەیوەندیدار

هەموو مەقالەکان ←

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *