٦ تێبینی گرنگ بۆ تیمی فرۆشیارانی تەلەفۆنی

٦ تێبینی گرنگ بۆ تیمی فرۆشیارانی تەلەفۆنی

 

فرۆشیاران مرۆڤن و مرۆڤەکانیش هەڵە دەکەن. جیهانی بزنس وەک جەستەی مرۆڤ وایە، بە پشتگوێخستی دەکرێت کارەسات دروست ببێت. وە هەڵەکردنیش بەشێکی دانەبڕاوی مرۆڤ و بزنسیشە،بەڵام ئەوەی گرنگە  ئەوەیە چۆن مامەڵەدەکەیت تا چارەسەری هەڵەکە بە باشی بکەیت؟

 

لەم وتاردا باسی ٦ تێبینی دەکەین کە دەبێت فرۆشیاران بە گشتی و فرۆشیارانی تەلەفۆنی بە تایبەت، گرنگی پێبدەن:

 

١.وردبینی بکە:

هەر ١٥ ڕۆژ یان ٣٠ ڕۆژ جارێک وردبینیبکە بۆ هەموو ئەو تێبینییانەی کە نوسیوتە یان ئەو بەڵێنانە کە بە کڕیارت داوە. چونکە دەکرێت بەڵێنێکت بیرچوبێت کە جێبەجێی بکەییت یان کارێکی نیوە ئەنجامدراو.

 

٢.ماوەی پشوو با پشووبێت:

هەندێک لە فرۆشیاران بە هۆی ئەوەی کەسایەتیەکی جدییان هەیە، هەتا لە کاتی پشوودا پەیوەندییەکان وەڵام دەدەنەوە، دەڵێن: (هیچ نییە خۆ ١ یان ٢ پەیوەندییە و خێرا تەواوی دەکەم)، بێ ئاگان لەوەی کە مێشکیان هەر لە باری کاردایە و ناتوانن بە باشی سوود لە پشوەکەیان وەربگرن.

 

٣. کاتی کار با کاتی کاربێت:

لە کاتی کار هەوڵبدە لە هەموو ئەو شتانە بە دووربیت کە تەرکیزی کارت دەشێوێنێت، تا بتوانی بە خێرا و کوالتی بەرزەوە ئەرکەکانت جێبەجێبکەیت و پشووبدەیت.

 

٤.مەترسە لە نەزانین:

فرۆشیاران کاتێک لە شتێک زانیارییان نییە یان وەڵامی پرسیارێک نازانن، خۆیان لە پەیوەندییەکان یان کڕیارەکان دەدزنەوە. بۆیە باشترە ڕاستی بڵێت و بە کڕیار بڵێت: من لەم کاتە وەڵامی ئەم بابەتەم لانییە بەڵام هەوڵی تەواو دەدەم تا وەڵامتان بۆ بگێڕمەوە. پاشان بە خێرایی بەدوای وەڵامدا بگەڕێ و وەڵامی بۆ بگێڕەوە.

 

٥.کاتی تۆ زۆر بەنرخە:

هەندێک کات فرۆشیارانی تەلەفۆنی شەرم لەوە دەکەن چەند جارێک پەیوەندی بکەنەوە بە كڕیارەوە تا بگەنە ئەنجامی کۆتایی، بۆیە دەچێت نامەی بۆ دەنێرێت. بەڵام ئەو یان وەڵام ناداتەوە یان درەنگ وەڵام دەداتەوە و کارەکانی تۆش دوادەکەوێت. بۆیە هەوڵبدە بە پەیوەندی کارە گرنگەکان خێرا یەکلای بکەیتەوە و بشوو وەربگریت.

 

٦.هەر پرسیارێک ٣ وەڵامی  بۆ ئامادە بکە:

وەک دیارە کڕیار مرۆڤە و دەکرێت لە هەر کاتێک پرسیارێکی جیاواز بکات یان وەڵامی ئەو پرسیارەی تۆی بەدڵنەبێت و نەتوانی قەناعەتی تەواوی پێبکەیت. کەواتە هەرکات کڕیارێک پەیوەندی کرد و پرسیارێکی کرد تۆ بە تێبینی لای خۆت بینوسە و پاشان چەند وەڵامێکی بۆ ئامادە بکە تا بتوانی لەگەڵ کەسایەتییە جیاوازەکان وەڵامەکانت بگۆڕیت لە پەیوەندییەکانی ئایندەدا.

 

 

قسەی کۆتایی

لە کۆتاییدا، فرۆشیاری تەلەفۆنی تەنها هێڵێکی پەیوەندی نییە، بەڵکو هونەری دروستکردنی متمانە و ڕێکخستنی کاتە. سەرکەوتن لەم بوارەدا پێویستی بە هاوسەنگی هەیە؛ هاوسەنگی لە نێوان کاتی (کار و کاتی پشوو)، و لە نێوان (ڕاستگۆیی لەگەڵ کڕیار و وردبینی لە بەڵێنەکاندا).

 

هەڵەکردن بۆ هەموو فرۆشیارێک پێشبینیکراوە، بەڵام ئەوەی فرۆشیارێکی لێهاتوو لەوانی تر جیا دەکاتەوە، ئامادەکاری پێشوەختە و فێربوونی بەردەوامە لەو هەڵانە.

بە جێبەجێکردنی ئەم ٦ تێبینییە گرنگە، نەک تەنها دەبیتە فرۆشیارێکی پرۆفیشناڵ کە متمانەی کڕیارەکان بەدەست دەهێنێت، بەڵکو دەتوانیت بەبێ شەکەتبوون و بە بەرزترین کوالیتی پەرە بە کارەکەت بدەیت.

کۆمێنتێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *