Karsazy ShadmanKarsazy Shadman

کڕیارەکان چیرۆکی کڕینەکانیان بیردەمێنێت!

 

زۆر جار فرۆشیار وا دەزانێت کاتێک کاڵایەکی دایە دەست کڕیار و پارەکەی وەرگرت، ئیتر هەموو شتێک تەواو بوو. بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە؛ کڕیارەکان چیرۆکی کڕینەکەیان بیردەمێنێت نەک تەنها کاڵاکە!

دوای چەند مانگێک، ڕەنگە کڕیارەکە بیری نەمێنێت ئەو کراسە یان ئەو کەرەستەیەی بە چەند کڕیوە، بەڵام زۆر بە باشی بیری دەمێنێتەوە کە کاتێک هاتە ناو دوکانەکەت چۆن پێشوازیت لێ کرد، چ هەستێکت پێ بەخشی و چ چیرۆکێکت لە مێشکیدا تۆمار کرد.

 

با بزانین ئەم چیرۆکە چۆن دروست دەبێت و چۆن کاریگەری لەسەر داهاتووی کارەکەت دەکات:

 

١. هەستی باش؛ چیرۆکێک کە کڕیار دەیکات بە ڕیکلام بۆ تۆ:

کاتێک کڕیارێک دێتە دوکانەکەت و بە زەردەخەنە و ڕێزەوە مامەڵەی لەگەڵ دەکەیت، تۆ لەو چرکەیەدا (هەستێکی باشی) بۆ دروست دەکەیت. ئەم کڕیارە کاتێک دەچێتەوە ماڵەوە یان لە ناو هاوڕێکانیدا دادەنیشێت، باسی کاڵاکە و باسی ئەخلاق و مامەڵە جوانەکەی تۆ دەکات.

واتە تۆ بە بێ پارە، کڕیارەکەت کردووە بە ڕیکلامێکی زیندوو بۆ دوکانەکەت و دڵنیا بە جارێکی تریش هەر دێتەوە لای تۆ.

نموونەیەکی زیندوو:
خانمێک وتی کاتی ئاهەنگی دەرچوونم بوو لە زانکۆ و دەبوو بۆ جلەکانم لەچکێک هەڵبژێرم، بەڵام جلەکانم لای خەیات بوو، نەم دەتوانی بیبەم بۆ بازاڕ تا لە ڕەنگی جلەکان لەچکی بۆ بکڕم.

پارچەیەکی بچووکم پێبوو لە جلەکان و چوومە دوکانێیکی لەچک و بە دڵتەنگی بە فرۆشیارەکەم وت چ لەچکێک بۆ ئەمە باشە؟

فرۆشیارەکە بڕێک سەیری کردم وتی: قەلەقیت؟
خانمەکە وتی: پێم وت؛ زۆۆر !! پاشان فرۆشیارەکە زەرفێکی هێنا و چەند ڕەنگێک کە نزیک بوو لە جلەکانم کردیە زەرفەکە و وتی: بیبە بۆ لای خەیاتەکە و بزانە کامەی گونجاوە.
وتم: چۆن دەبێت؟
 وتی بۆ نابێت؟ گرنگ ئەوەیە ئێوە بگەنە ئەنجام.
خانمەکە وتی لە دڵخۆشی نەمزانی چی بکەم، وتم دەبا پارەی گشتی بدەم و دواتر کە لەچکەکەم گەڕاندەوە پارەکەم بۆ بگەڕێنەوە.
فرۆشیارەکە وتی: من هەر لێرام، پارەشت لێ وەرناگرم. ئەگەر هێناتەوە لەچکەکان ئەوە پارەی تەنها ئەو لەچکە بدە کە هەڵتگرتووە و ئەگەریش نەتهێنانەوە، گەردنت ئازاد بێت.
خانمەکە وتی: لەچکەکانم بردە لای خەیات و دانەیەکم بۆ هەڵبژارد، وە ئەوانیترم بۆ فرۆشیارەکە گەڕاندەوە. بەڵام لەو ڕۆژەوە هەرچی لای ئەو دوکانەوە تێدەپەڕم دووعای خێری بۆ دەکەم.

 

 

٢. مامەڵەی خراپ؛ برینێک کە هەرگیز ساڕێژ نابێت:

لە بەرامبەریشدا، ئەگەر کڕیارێک هات و بە ڕووگرژی، بێزاری یان بە شێوازێکی ناشرین وەڵامت دایەوە، تەنانەت ئەگەر کاڵاکەشت لێ بکڕێت چونکە ناچارە، ئەوا (چیرۆکێکی ناخۆش) لە مێشکیدا تۆمار دەبێت.

ئەم کڕیارە نەک هەر نایەتەوە لات، بەڵکو بە هەموو دەوروبەرەکەشی دەڵێت: نەچنە ئەو دوکانە، خاوەنەکەی زۆر ڕەقە و مامەڵەی ناشرینە!

نموونەیەکی زیندوو:
جارێک کەسێک وتی چومە دوکانێک کە پێشتر چەندین جار کڕینم کردبوو بە نرخی زۆر، بۆ ئەم جارە داوای داشکاندنم کرد. لای خۆم من وا هاستم دەکرد کڕیارێکی جیابم لە کڕیاری تر، چونکە پێشتر زۆر کڕینم کردبوو لەو دووکانە.

فرۆشیارەکە وتبووی: ناتوانم داشکاندنی زیاتر بکەم.

ئەم کڕیارەش وتی: بە پێکەنینەوە وتوومە هەمووکەس وەک من کڕین ناکات لای ئێوە داشکاندنی زۆرترم بۆ بکە.

وتی فرۆشیارەکەوە بە تەنزەوە وتوویەتی: بۆ خۆ ئەم دوکانە بەس بۆ تۆ ناکەمەوە، بای چەند دەفتەر شتی تێدایە. ئەگەر مشتەری ترم نەبێت بۆ زەرەر لە خۆم دەدەم.

کڕیارەکە وتی: لە دڵی خۆم وتم خۆ ڕاست دەکات بەس من مشتەری ئەو نیم بەڵام دەبوو بە ڕێزەوە بڵێت؛ بەڵێ هەموو کەس کڕیاری من نیم، کڕیارەکانم وەک ئێوە کەسی تایبەتن.

کڕیارەکە وتی: ئەگەر وای بوتایە دوو ئەوەندە کڕینم دەکرد.

 

 

٣. ئاگاداربە! مامەڵە خراپەکەت لەگەڵ یەک کەس، کڕیارەکانی تریش دەترسێنێت:

ئەمە ئەو خاڵەیە کە زۆربەی فرۆشیاران بێئاگان لێی: کاتێک لە دوکانەکەتدا بە خراپی مامەڵە لەگەڵ کڕیارێک دەکەیت، لە هەمان کاتدا هەستێکی خراپ بۆ هەموو ئەو کڕیارانەی تریش دروست دەکەیت کە لەو کاتەدا لە دوکانەکەدان!

کڕیارێک کە لە تەنیشتەوە وەستاوە و دەبینێت تۆ دەنگت بەسەر کڕیارێکی تردا بەرز دەکەیتەوە یان بە ساردی وەڵامی دەدەیتەوە، لە دڵی خۆیدا دەڵێت: ئەگەر سبەی منیش کێشەیەکم هەبێت یان بمەوێت کاڵایەک بگۆڕم، بەم شێوەیە مامەڵەم لەگەڵ دەکات!

 بۆیە بێ ئەوەی تۆ پێی بزانیت، ئەو کڕیارەش دەستبەرداری کڕین دەبێت و دەڕوات.

 

 

دەرئەنجام

دوکانەکەت شانۆیەکە و تۆش پاڵەوانی ئەو چیرۆکەیت کە کڕیارەکان دەیگێڕنەوە.

هەمیشە هەوڵ بدە جوانترین هەست و باشترین مامەڵە پێشکەش بە هەموو کڕیارێک بکەیت، چونکە کڕیار کاڵای لێ دەفەوتێت و کۆن دەبێت، بەڵام چیرۆکی کڕینەکە و ئەو هەستەی پێت بەخشیوە، تا هەتایە لە بیریدا دەمێنێتەوە.

 

نوسین: تیمی کارسازی شادمان

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *