کەی کاتی گونجاوە بۆ دەستپێکردنی بزنسەکەت؟
زۆرێک لە ئێمە چاوەڕێ دەکەین لە هەموو لایەنەکانەوە سەد لە سەد ئامادەبین ئەوکاتە دەست بە درووستکردنی بزنسەکەمان دەکەین: سەرمایەیەکی زۆر، بازاڕێکی بێ کێشە هەروەها پلانێکی بێ کەموکوڕی. بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە: ئەگەر چاوەڕێی کاتی نموونەیی بکەین، هەرگیز ئەو کاتە نایەت.
بە تایبەت هەندێک لە گەنجان کاتێک پێیان دەڵیت بۆچی دەست بە جێبەجێکردنی بیرۆکەکەت ناکەیت؟ ئەم بیرۆکەیەت زۆر جوانە و جێی خۆی دەکاتەوە لە بازاڕدا. وردە وردە دەست پێبکە و بەرهەمەکانت پیشانی خەڵک بدە.
لە وەڵامدا دەڵێن: ئاخر من دووکانێکم نییە لە جێگەیەکی باشدا، مۆبایلێکم نییە کە کامێراکەی زۆر باشبێت بۆ وێنەگرتن، پارەی زۆرم بەدەستەوە نییە، خەڵکی تر دەستی بەو بیرۆکە کردووە و من دواکەوتووم هەروەها چەندەها بیانووی دیکە دێننەوە.
بۆ ئەوەی بزانیت کەی دەست بە درووستکردنی بزنس بکەیت، لەم وتارەدا بە ٣ خاڵ ڕوونی دەکەینەوە:
١. کاتێک چارەسەرێکی ڕاستەقینەت لایە:
کەی دەست پێ بکەیت؟ کاتێک کێشەیەک لە دەوروبەرت دەبینیت و دەزانیت چۆن بە شێوازێکی باشتر، خێراتر، یان هەرزانتر چارەسەری بکەیت. بزنس لە پێویستیی کڕیارەوە دەست پێ دەکات، نەک تەنها لە ئارەزووی تۆوە. ئەگەر خەڵک ئامادەن پارە بدەن بۆ بیرۆکەکەت، کەواتە کاتەکە گونجاوە.
تێبینی: بازاڕ پێویستی بە چارەسەرێکی ڕاستەقینە هەیە بۆ ئەو بۆشاییەی کە هەیەتی نەک ئەو خەیاڵ و ئارەزووەی کە تۆ هەتە.
٢. کاتێک پلانەکەت واقعییە:
پێویست ناکات بە پڕۆژەیەکی ملیۆن دۆلاری دەست پێ بکەیت. باشترین کات بۆ دەستپێکردن بە بیرۆکەکەت؛ ئەو کاتەیە کە دەتوانیت بە کەمترین تێچوو بیرۆکەکەت تاقی بکەیتەوە. ئەگەر دەتوانیت لە ماڵەوە، لە سۆشیاڵ میدیا، یان بە نموونەیەکی سەرەتایی دەست پێ بکەیت، هەر ئێستا کاتەکەیە.
٣. بزنس پێویستی بە فێربوونی بەردەوامە:
ئەگەر چاوەڕێیت هەر لە مانگی یەکەمەوە دەوڵەمەند بیت، کاتەکە هەرگیز گونجاو نییە.
ئایا ئامادەییت تێدایە ماندوو بیت، شکست بهێنیت و لە هەڵەکانتەوە فێر بیت هەروەها ڕێگای نوێ تاقی بکەیوتەوە ؟
ئەگەر وەڵامەکەت بەڵێیە، کەواتە تۆ بۆ بزنس ئامادەیت.
تێبینییەکی گرنگ: سەرکەوتنی بزنس لە دەستپێکردن و بەردەوامی دایە، نەک لە خەیاڵدا بژیت و هەر لە سەرەتاوە پێتوابێت پارە دەبێت بەسەرتا بڕژێت.
کەواتە دەبێت لە یادتبێت:
پێویست ناکات هەموو قادرمەکە ببینی بۆ ئەوەی هەنگاوی یەکەم بنێیت. باشترین کات بۆ دەستپێکردن دوێنێ بوو، دووەم باشترین کاتیش ئێستایە. بە سادەیی هەروەها بەو پێویستیانەی ئێستا لە بەردەستە هەوڵبدە توانایی خۆتی پێ بسەلمێنیت.
بیانووەکان هەرگیز کۆتاییان نایەت، هەموو براندە گەورەکانیش بە بچووکی دەستیان پێکردووە.