ڕۆژانە بەڕێوەبەری سۆشیاڵ میدیا (Social Media Manager) چی دەکات؟
ئەمڕۆ لە بازاڕی کوردستاندا، پۆستی (بەڕێوەبەری سۆشیاڵ میدیا) تەنها ناوێکی مۆدێرن نییە، بەڵکو بزوێنەرێک گرنگی هەموو بزنسێکی سەرکەوتووە. ئەگەر پێتوابێت ئەم کارە تەنها پۆستکردنی وێنەیەک و وەڵامدانەوەی کۆمێنتە، ئەوا بەتەواوی لە هەڵەدایت! ئەم پیشەیە هونەر و زانستێکە کە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە زیادکردنی فرۆشتن و گەورەکردنی براندەوە هەیە.
ئەگەر دەتەوێت بزنسەکەت ببووژێنیتەوە، یان وەک کارێکی سەربەخۆ داهاتێکی باڵا پەیدا بکەیت، پێویستە بزانیت بەڕێوەبەرێکی لێهاتوو ڕۆژانە چی دەکات. لەم وتارەدا باسی ٤ خاڵی گرنگ دەکەین:
١. داڕشتنی پلانی ناوەڕۆک (Strategy):
هیچ کارێک بە ڕێکەوت سەرناکەوێت. بەڕێوەبەرەکە سەرەتا پلانی مانگانە و هەفتانە دادەنێت؛ دیاری دەکات:
- کەی؟
- چۆن؟
- چ جۆرە ناوەڕۆکێک (ڤیدیۆ، وێنە، یان نووسین) بڵاو بکرێتەوە؟ کە لەگەڵ کڕیارەکەی بگونجێت.
٢. چاودێریکردنی بازاڕ و ڕکابەرەکان:
ڕۆژانە سەیری پەیجە ڕکابەرەکان دەکات، سەیری ترێند و بابەتە گەرمەکانی ڕۆژ دەکات تاوەکو بزانێت خەڵک لەو چرکەساتەدا باسی چی دەکەن و بزنسەکەی چۆن بخاتە ناو ئەو شەپۆلەوە.
تێبینی گرنگ: بەڕێوەبەری سۆشیاڵ میدیای پیشەیی دەزانێت چ ترێند و بابەتێک لە ئاستی ئەو بزنس و کۆمپانیایە کە کاریی بۆ دەکات، یان ئەو بزنسەی خۆی هەیەتی. هەموو شتێک لە ئاستی بزنسەکەی نابینێت وە براندەکە دەپارێزێت لە شتی بێسوود.
٣. سەرپەرشتیکردنی دروستکردنی بابەتەکان (Content Creation):
پەیوەندی بەردەوام لەگەڵ دیزاینەر و ڤیدیۆگرافەردا دەگرێت. دڵنیا دەبێتەوە لەوەی کە وێنە و ڤیدیۆکان سەرنجڕاکێشن، زانیاری ڕاست دەدەن بە کڕیار، و لۆگۆی کۆمپانیاکەیان پێوەیە.
٤. بەڕێوەبردنی ڕیکلامی پارەدار (Sponsored Ads):
ئەمە دڵی کارەکەیە. بەڕێوەبەرەکە ڕۆژانە چاودێری بودجەی ڕیکلامەکان دەکات لە:
(فەیسبووک، ئینستاگرام، یان تیکتۆک). دڵنیا دەبێتەوە لەوەی کە ڕیکلامەکە دەگاتە دەستی کڕیاری ڕاستەقینە و پارەکە بەفیڕۆ ناچێت.
٥. شیکردنەوەی داتاکان (Analytics):
ئەمە بابەتێکی زۆر گرنگە کە لە کۆتایی هەر ڕۆژ یان هەفتەیەکدا، سەیری ژمارەکان دەکات:
چەند کەس پۆستەکەی بینیوە؟
چەند کەس نامەی ناردووە؟
کام بابەت زۆرترین فرۆشتنی هەبووە؟ ئەم ژمارانە یارمەتی دەدەن بۆ بڕیاردانی دروستتر لە داهاتوودا.
بۆچی بازاڕی کوردستان تینووی ئەم لێهاتووییەیە؟
چونکە چیتر دوکان و کۆمپانیاکان ناتوانن بە شێوازی کۆن کڕیار ڕابکێشن. هەمووان پێویستیان بە کەسێکی شارەزایە کە پەیجەکانیان بکات بە مەکینەی پارە پەیداکردن.
بۆیە دەبێت ئەم بوارە بە تایبەت کاری لەسەر بکرێت و پسپۆڕی بۆ وەربگیرێت بە زۆر فێربوون هەروەها کارپێکردنی.