چۆن شارەزایی (پسپۆڕی) لە بەرهەم شەرمی فرۆشی تەلەفۆنی ناهێڵێت؟

چۆن شارەزایی (پسپۆڕی) لە بەرهەم شەرمی فرۆشی تەلەفۆنی ناهێڵێت؟

 

یەکێک لە گەورەترین بەربەستەکان لەبەردەم فرۆشیارانی تەلەفۆنیدا، بەتایبەت لە سەرەتای کارکردنیاندا، (شەرمی فرۆشتن) هەروەها دوودڵییە لە کاتی قسەکردندا. زۆرجار وا دەزانرێت کە ئەم کێشەیە بەهۆی شەرمنی یان نەبوونی بەهرەی قسەکردنەوەیە، بەڵام لە ڕاستیدا وایە؟

نەخێر. تاقیکردنەوەکان دەریانخستووە کە نەمانی شەرمی فرۆشتن ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە زیادبوونی متمانە بەخۆبوون، ئەم متمانەیەش تەنها لە یەک خاڵەوە سەرچاوە دەگرێت: (شارەزایی و پسپۆڕیی تەواو لەو بەرهەم یان خزمەتگوزارییەی کە دەیفرۆشیت).

 

کاتێک تۆ بە تەواوی و وردەکارییەوە بزانیت بەرهەمەکەت چییە و چۆن کێشەی کڕیارەکە چارەسەر دەکات، چیتر هەست ناکەیت شتێکی بێزارکەر بە خەڵک دەفرۆشیت، بەڵکو وەک پزیشکێک یان ڕاوێژکارێک دەردەکەویت کە چارەسەر پێشکەش دەکات.

 

 

چۆن پسپۆڕی و شارەزایی لە بەرهەمەکەتدا بەدەستدەهێنیت؟

بۆ ئەوەی متمانە بەخۆبوونت بگاتە بەرزترین ئاست و دەنگت لە پشت تەلەفۆنەوە لەرزۆک نەبێت، دەتوانیت سوود لەم چوار کەرەستە و ڕێگایە وەربگریت:

 

١.ناسینی بەرهەمی ڕکابەرەکان: ناوبانگی تۆ کاتێک بونیاد دەنرێت کە بزانیت لە بازاڕدا چی دەگوزەرێت. لایەنە بەهێز و لاوازەکانی ڕکابەرەکانت بخوێنەرەوە. کاتێک کڕیارێک دەڵێت:

(کۆمپانیای فڵان هەمان شتی هەیە بە نرخێکی هەرزانتر)، ئەگەر تۆ بەرهەمی ڕکابەرەکەت بناسی، دەستبەجێ بە متمانەوە دەڵێیت: (ڕاستە خاتوو بەناز، بەڵام جیاوازیی ئێمە لەودایە کە گەرەنتیی ڕاستەقینە و خزمەتگوزاریی گەیاندنی خێرامان هەیە).

 

٢.سوودوەرگرتن لە ژیریی دەستکرد (AI): ئێستا ژیریی دەستکرد باشترین هاوکاری تۆیە. دەتوانیت کورتەی تایبەتمەندییەکانی بەرهەمەکەت بدەیت بە ئامرازەکانی ژیریی دەستکرد و لێی بپرسیت: (کڕیار لە بازاڕی کوردستاندا چ جۆرە ڕەخنە یان پرسیارێکی لەسەر ئەم بەرهەمە دەبێت؟ چۆن وەڵامیان بدەمەوە؟). ئەمە وادەکات پێشوەختە بۆ هەموو پرسیارێکی کتوپڕ ئامادەبیت.

 

٣.دروستکردنی پەیجی تایبەت بە خۆت: بۆ ئەوەی زانیارییەکانت لە مێشکتدا جێگیر ببن، دەستبکە بە دروستکردنی ناوەڕۆک لەسەر بەرهەمەکەت لە سۆشیاڵ میدیادا.

کاتێک بابەت دەنووسیت یان ڤیدیۆ لەسەر سوودەکانی بەرهەمەکە بڵاودەکەیتەوە، ناچار دەبیت قووڵتر بخوێنیتەوە. ئەمەش نەک هەر زانیاریت زیاد دەکات، بەڵکو وەک شارەزایەکی ئەو بوارە لە بازاڕدا دەرتدەخات.

 

٤.ژینگەی ئەرێنی: ژینگەی دەوروبەرت ڕۆڵی گەورە دەگێڕێت. لەگەڵ هاوکار یان هاوڕێیەکی ئەرێنیدا ڕاهێنانی تەلەفۆنکردن بکە. با ئەو ببێتە کڕیارێکی سەرەڕۆ و ڕەخنەگر، و تۆش بەپێی شارەزاییەکەت وەڵامی بدەرەوە. ئەم جۆرە ڕاهێنانە لەگەڵ کەسانی ئەرێنیدا، ترسی نێو دڵت دەڕەوێنێتەوە.

 

٥.زانیاری زیاتر وەربگرە: هەرچی وردەکاری بەرهەمەکەتە سێرچی لەسەر بکە، هیچ پرسیارێک مەهێڵەوە کە وەڵامی نازانیت.

  • چۆن دروست کراوە؟
  • لە چ وڵاتێک بەرهەم هێنراوە؟
  • چۆن دەگاتە دەستت؟
  • پێکهاتەکەی چییە؟
  • لەگەڵ کاڵای کۆپیدا چی جیاوازە؟
  • چۆن بەکار دێت؟
  • بۆ کێ گونجاوە/نەگونجاوە؟

ئەگەر بەرهەمەکەت بە جۆرێکە کە بتوانی (خول یان کتێب)ی لەسەر بخوێنیتەوە، ئەوا هەرچی خول و کتێبی بوارەکەیە هەوڵ بدە وەریبگریت. بە ئەرکێکی نیشتمانی بزانە کە هەموو ڕۆژێک بەشێک لە کاتەکەت بۆ فێربوون لەسەر بەرهەمەکەت تەرخان بکەیت.

 

 

 دەرەنجام

 

شەرم لە فرۆشتندا تەنها نیشانەیەکە بۆ نادیاریی زانیارییەکان لە مێشکتدا. کاتێک دەبیتە پسپۆڕی بەرهەمەکەت و لە ڕکابەرەکانیشت تێدەگەیت، تۆنی دەنگت دەگۆڕێت بۆ دەنگێکی پڕ لە دەسەڵات و متمانە. کڕیار لە پشت تەلەفۆنەوە پێویستی بە دڵنیاییە، و ئەم دڵنیاییەش تەنها ئەو کاتە دەیدەیتێ کە خۆت بە تەواوی بزانیت چی دەفرۆشیت.

 

 

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *