چۆن خواستی ڕاستەقینەی کڕیار لە بازاڕدا دیاری بکەم؟
گەورەترین هەڵە کە خاوەن بزنسەکان لە دەستپێکدا دەیکەن، دروستکردنی بەرهەمێک یان پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکە لەسەر بنەمای ئارەزووی کەسیی خۆیان، نەک نیاز و خواستی ڕاستەقینەی بازاڕ. لە بازاڕدا کە ڕیتمێکی خێرا و گۆڕانکاریی بەردەوامی هەیە، تێگەیشتن لە ڕەفتاری کڕیار جیاوازیی نێوان سەرکەوتن و شکستی پرۆژەیەکە.
لەم وتارەدا ٥ خاڵیی گرنگ باسدەکەین کە هاوکاریمان دەکات تا خواستی ڕاستەقینەی کڕیارەکانمان بزانین و فرۆشمان هەبێت:
١. چاودێریکردن و گوێگرتن:
لە ئێستادا تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەک (ئینستاگرام وە فەیسبووک و تیكتۆک) ئاوێنەی ڕەفتاری کڕیاری کوردن. تەنها سەیری لایک و فۆڵۆو مەکە، بەڵکو کۆمێنت و دەقە بڵاوکراوەکان بە وردی بخوێنەوە.
کۆمێنتی ڕکابەرەکان: بزانە خەڵک لە ژێر پۆستی ڕکابەرەکانتدا داوای چی دەکەن یان لە چی ناڕازین.
پرسیارە دووبارەکان: ئەگەر بینیت خەڵک بەردەوام پرسیار لەسەر کێشەیەکی دیاریکراو یان کەمیی خزمەتگوزارییەک دەکەن، ئەوە نیشانەی بوونی خواستێکی وەڵامەنەدراوەیە لە بازاڕدا.
٢. دۆزینەوەی کەلێنەکانی بازاڕ:
کڕیاری کورد ئەمڕۆ زۆر هۆشیارە بەدوای ئاسانکاری و کوالێتیدا دەگەڕێت. زۆرجار خواستی نوێ لەو شوێنانەدا دەدۆزرێتەوە کە خزمەتگوزارییە کۆنەکان تێیاندا باشنین.
- سەیر بکه لە چ بوارێکدا گەیاندن خاوە یان مامەڵەی کارمەندەکان خراپە.
- چ بەرهەمێک لە دەرەوەی کوردستان ترێندە بەڵام لە ناوخۆدا بە کوالێتی بەرز یان بە نرخێکی گونجاو دەستناکەوێت.
٣. گفتوگۆی ڕاستەوخۆ و ئەنجامدانی ڕاپرسی:
سادەترین ڕێگە بۆ تێگەیشتن لە کڕیار، پرسیارکردنی ڕاستەوخۆیە. ئەمە دەکرێت لە ڕێگەی ڕاپەرسییە سادەکانی ستۆری ئینستاگرام بێت یان دانیشتنی ڕاستەوخۆ لەگەڵ کڕیارەاندا بێت.
پرسیاری کراوەیان لێبکە؛ لەبری ئەوەی بپرسیت (ئایا ئەم بەرهەمەت بەدڵە؟)، بپرسە:
چ کێشەیەک لە بەکارهێنانی ئەم بەرهەمەدا دێتە ڕێت؟
هاوڕێ و خێزانەکەت وەکو نموونەی بازاڕ مەبینە هەمووکات؛ بڕۆ ناو خەڵکی ئاسایی و دەستەی ئامانجت.
٤. تاقیکردنەوەی بچووک پێش وەبەرهێنانی گەورە:
پێش ئەوەی بڕێکی زۆر بڕەپاره لە هێنانی بەرهەمێک یان دروستکردنی شوێنێکدا خەرج بکەیت، نموونەیەکی بچووک یان سەرەتایی لە خزمەتگوزارییەکەت تاقیبکەرەوە.
- بڕێکی کەم لە بەرهەمەکە بهێنە و خواستی خەڵکەکە تاقیبکەوە.
- ئەگەر کڕیار ئامادە بوو پێشەکی پارە بدات یان ناوی خۆی بنووسێت، ئەوە نیشانەی بەهێزی خواستی ڕاستەقینەیە.
٥. کلتووری و وەرزییەکان:
بازاڕی کوردستان وابەستەییەکی بەهێزی بە: (وەرزەکان، بۆنە ئاینییەکان، جەژنەکان و ڕەوشی ئابووریی) ناوچەکەوە هەیە. خواستی کڕیار لە وەرزی هاوینی بەرهەمێکدا لەگەڵ وەرزی زستاندا جیاوازییەکی بەرچاوی هەیە. داڕشتنەوەی پلانەکەت بەپێی ئەم تایبەتمەندییانە بەهای بەرهەمەکەت لای کڕیار دووبەرامبەر دەکاتەوە.
- دۆزینەوەی خواستی کڕیار پڕۆسەیەکی بەردەوامە و یەک جار ئەنجام نادرێت.
- سەركەوتنی درێژخایەنی بزنسەکەت لەوەدایە کە هەمیشە گۆڕانکارییەکانی ڕەفتاری کڕیار بنووسیتەوە وە بەرهەم یان خزمەتگوزارییەکانت لەگەڵ پێداویستییە نوێیەکاندا بگونجێنیت.