٥ پێوەر (KPIs) کە پێویستە هەموو بەڕێوەبەرێکی فرۆشی تەلەفۆنی چاودێری بکات

 ٥ پێوەر (KPIs) کە پێویستە هەموو بەڕێوەبەرێکی فرۆشی تەلەفۆنی چاودێری بکات

بۆ ئەوەی بزانیت تیمەکەت لە پشت تەلەفۆنەکانەوە بەڕاستی داهات بەدەستدەهێنن یان تەنها کات بەفیڕۆ دەدەن، پێویستت بە ژمارە و داتای ڕوون هەیە. لە بازاڕی کوردستاندا کە کێبڕکێ ڕۆژ بە ڕۆژ خێراتر دەبێت، چاودێریکردنی ئەم ٥ پێوەرە سەرەکییە (KPIs) بۆ هەر بەڕێوەبەرێکی فرۆشی تەلەفۆنی فەرزە.

ئەگەر دەڵێت ( kpls )  چییە؟

بریتییە لە: کۆمەڵێک پێوەر و ئاماری ژمارەیی (وەک ژمارەی پەیوەندییەکان و ڕێژەی فرۆشتن) کە بۆ هەڵسەنگاندنی ئاست و سەرکەوتوویی کارمەندی فرۆشی تەلەفۆنی بەکاردێن.

لەم وتارەدا هەر ٥ خاڵەکە ڕوون دەکەینەوە:

١.ڕێژەی گۆڕین بۆ فرۆشتن (Conversion Rate):

ئەمە گرنگترین پێوەرە کە سەرکەوتنی ڕاستەقینەی تیمەکەت نیشان دەدات. ئەم پێوەرە پێمان دەڵێت: لە کۆی هەموو ئەو پەیوەندییانەی کە کراون، چەند دانەیان بوونەتە کڕینی ڕاستەقینە؟

 بۆچی گرنگە؟

 ئەگەر کارمەندێک ڕۆژانە ١٠٠ تەلەفۆن بکات و تەنها ١ فرۆشتن بکات، و کارمەندێکی تر ٥٠ تەلەفۆن بکات و ٥ فرۆشتن بکات، کێشەکە لە ژمارەی تەلەفۆنەکان نییە، بەڵکو لە کوالیتی قسەکردنەکەیە. ئەم پێوەرە یارمەتیت دەدات لێهاتوویی کارمەندەکانت هەڵسەنگێنیت.

٢. تێکڕای کاتی پەیوەندی (Average Handle Time):

ئەم پێوەرە کاتی دەستپێکردنی سڵاوکردنەکە تا کۆتاییهاتنی تەلەفۆنەکە دەپێوێت (بە کاتی تۆمارکردنی زانیارییەکانی کڕیارەکەشەوە دوای داخرانی تەلەفۆنەکە).

 بۆچی گرنگە؟

لە فرۆشتنی تەلەفۆنیدا،( کات واتە پارە). ئەگەر کاتی پەیوەندییەکان زۆر درێژ بن، واتە کارمەندەکە کات بەفیڕۆ دەدات یان ناتوانێت لارییەکانی کڕیار  خێرا چارەسەر بکات. ئامانجەکە ئەوەیە کاتەکە کورت و کاریگەر بێت: خێرا ناساندن، خێرا قەناعەتپێکردن، و خێرا گەیشتن بە ڕێککەوتن.

تێبینییەکی گرنگ:

هەڵبەتە دەبێت بزانین هەموو پەیوەندییەک نابێتە فرۆش، هەندێک پەیوەندی دەبێتە بناغەیەک بۆ پەیوەندی دواتر.

٣. ڕێژەی وەڵامدانەوەی پەیوەندییەکان (Call Answer Rate):

ئەمە ڕێژەی ئەو تەلەفۆنانە دەپێوێت کە لەلایەن کڕیارەوە وەڵام دەدرێنەوە لە بەرامبەر کۆی ئەو ژمارانەی کە تیمی فرۆشتن پەیوەندییان پێوە کردوون.

 بۆچی گرنگە؟

 ئەگەر ئەم ڕێژەیە نزم بێت، کێشەکە لە کارمەندەکە نییە، بەڵکو لە (لیستی ژمارەکانە) . لەوانەیە ژمارەکان کۆن بن، یان کاتی تەلەفۆنکردنەکە گونجاو نەبووبێت (بۆ نموونە تەلەفۆنکردن لە کاتی پشووی نیوەڕۆ یان درەنگانی شەو لە کوردستاندا وەڵامنەدەرەوەی زۆری دەبێت).

٤. تێچووی بەدەستهێنانی کڕیار (Customer Acquisition Cost – CAC):

ئەم پێوەرە پێمان دەڵێت کە کۆمپانیاکەت چەند پارە خەرج دەکات:

  • موچەی کارمەند
  • پارەی تەلەفۆن
  • سیستەمی CRM
  • تێچووی ڕیکلام

بۆ هێنانی یەک کڕیاری نوێ لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە.

 بۆچی گرنگە؟

 ئەگەر تێچووی ڕازییکردنی کڕیارێک لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە $١٥ بێت، بەڵام ئەو کاڵایەی لێت دەکڕێت قازانجەکەی تەنها $١٠ بێت، بزنسەکەت بەرەو زیان دەچێت. بەڕێوەبەری سەرکەوتوو هەمیشە هەوڵدەدات ئەم تێچووە کەم بکاتەوە لە ڕێگەی بەرزکردنەوەی لێهاتوویی کارمەندەکانی.

٥. ڕێژەی کڕینەوە یان هێشتنەوەی کڕیار (Retention / Repeat Purchase Rate):

فرۆشی تەلەفۆنی تەنها بۆ یەکجار نییە. ئەم پێوەرە چاودێری ئەوە دەکات کە چەند لەو کڕیارانەی پێشتر لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە کڕینیان کردووە، دووبارە تەلەفۆنیان بۆ دەکرێتەوە و ئامادەن جارێکی تر بازاڕی بکەنەوە.

 بۆچی گرنگە؟

قەناعەتپێکردنی کڕیارێکی کۆن ٥ هێندە هەرزانترە لە دۆزینەوەی کڕیارێکی نوێ. ئەگەر کڕیارەکان تەنها یەکجار بکڕن و جارێکی تر وەڵامی تەلەفۆنی تیمەکەت نەدەنەوە، نیشانەی ئەوەیە کە یان کاڵاکە خراپ بووە، یان تیمی فرۆشتن بەڵێنی ناڕاست پێداون تەنها بۆ ئەوەی target ی خۆیان پڕ بکەنەوە.

پوختە بۆ بەڕێوەبەر:

ژمارەکان درۆ ناکەن. بەدواداچوونی ڕۆژانە یان هەفتانە بۆ ئەم ٥ پێوەرە، وێنەیەکی ڕوونت پێدەدات کە بزنسەکەت بەرەو کوێ دەچێت و کاتێک کێشەیەک لە فرۆشتندا دروست دەبێت، ڕاستەوخۆ دەزانیت پەنجە بخەیتە سەر کام کەمکوڕی.

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *