Karsazy ShadmanKarsazy Shadman

نرخمان نووسیوە و کڕیار دەپرسێت بە چەندە؟

 

بۆ هەموو فرۆشیارێک ڕوویداوە؛ پۆستێک دەکەیت نرخی کاڵاکەش بە ڕوونی لەسەر پۆستەکە یان ڤیدیۆکە دەنووسیت، کەچی کڕیار دێت و لە کۆمێنت یان نامە دەپرسێت: بە چەندە؟

زۆر جار فرۆشیار بێزار دەبێت و لە دڵی خۆیدا دەڵێت: نەتبینی نرخەکەم نووسیبوو؟ یان ڕەنگە بە شێوازێکی سارد وەڵام بداتەوە. بەڵام ڕاستییەکەی چییە؟

لە جیهانی فرۆشتندا، ئەم پرسیارە کێشە نییە، بەڵکو (دەرفەتە) بۆ ئەوەی گفتوگۆ دەست پێبکەیت و کڕیارەکە ڕازی بکەیت.

کڕیار کاتێک پرسیار دەکات، تەنها ژمارەی ناوێت؛ بەڵکو دەیەوێت پەیوەندی دروست بکات و دڵنیابێتەوە. با پێکەوە بزانین چۆن ئەم دەرفەتە بەکار بهێنین نەک لە دەستی بدەین:

 

بۆچی کڕیار پرسیار دەکات لە کاتێکدا نرخ نووسراوە؟

١.دەیەوێت گفتوگۆ دەست پێبکات: مرۆڤەکان حەز بە معامەلە و گفتوگۆ دەکەن پێش ئەوەی پارە بدەن. بە پرسیارکردن دەرگای قسەکردن لەگەڵ تۆ دەكاتەوە.

٢.کۆمێنت یان پۆستەکەی بە تەواوی نەخوێندۆەتەوە: زۆر جار کڕیار خێرا ڤیدیۆ یان وێنەکە دەبینێت و سەرنجی ڕادەکێشێت، بێ ئەوەی سەیری کاپشن بکات.

٣.دڵنیابوونەوە: دەیەوێت دڵنیابێت کە نرخی ئێستا هەر ئەوەیە و کاڵاکە بەردەستە.

تێبینی: کاپشن واتە ئەو نوسینە کە لەگەڵ بڵاوکراوەکانمان بڵاوی دەکەینەوە.

 

هەڵەی کوشندە:

هەڵە: براکەم لەسەر پۆستەکە نووسراوە! (ئەمە کڕیار تووڕە دەکات و دەیڕەنجێنێت).

هەڵە: تەنها ناردنی ژمارەی نرخەکە بەبێ هیچ وشەیەکی تر (ساردە و هیچ متمانەیەک دروست ناکات).

 

نموونەی زیندوو: چۆن بە شێوازێکی پیشەیی (پرۆفیشناڵ) وەڵام بدەینەوە؟

با سەیری ئەم دوو جۆرە وەڵامدانەوەیە بکەین:

نموونەی خراپ (بێزاربوون):

کڕیار: سڵاو، ئەم قەمیسە بە چەندە؟

فرۆشیار: لە پۆستەکەدا نووسراوە ۲٥ هەزار! (لێرەدا کڕیار بێزار دەبێت و دەڕوات).

 

نموونەی سەرکەوتوو (قۆستنەوەی دەرفەت):

کڕیار: سڵاو، ئەم قەمیسە بە چەندە؟

فرۆشیار: سڵاو کاک ئەسکەندەر گیان( ناوی کڕیار). نرخەکەی ۲٥ هەزارە و گەیاندنیشمان هەیە بۆ هەموو شارەکان. کام ڕەنگ و قەبارەت بۆ گونجاوە بۆت بنێرم؟

 

بینیت جیاوازییەکە لە کوێدایە؟ لە نموونەی دووەمدا، فرۆشیار نەک تەنها بێزار نەبوو، بەڵکو نرخەکەی وت و دەستبەجێ پرسیارێکی تری کرد بۆ ئەوەی گفتوگۆکە درێژبکاتەوە و بیباتە پێش بۆ پرۆسەی کڕین.

 

چۆن ئەم دەرفەتە بقۆزیتەوە؟

١.بە زەردەخەنە و زمانێکی شیرین وەڵام بدەرەوە: با کڕیار هەست بە ڕێز بکات.

٢.نرخەکە بڵێ و پرسیارێک بگێڕەوە: بۆ نموونە (ئەم قەبارەیەت دەوێت یان ئەوەی تریان؟)، ئەمە وای لێدەکات بەردەوام بێت لە قسەکردن لەگەڵت.

٣.معامەلە بە دەرفەت بزانە: لە فرۆشتندا، ئەو کەسەی قسەکانی بەڕێوەبردووە و گفتوگۆی گەرم کردوە، ئەو دەفرۆشێت.

 

 

دەرئەنجام

کەی کڕیار پرسیاری نرخی کرد لە کاتێکدا نرخ نووسرابوو، هەرگیز بێزار مەبە. ئەوە نیشانەیە کە کڕیار لەبەردەرگاکەتدایە و دەیەوێت شتێک بکڕێت.

دەرگاکەی بۆ بکەرەوە بە زمانێکی شیرین، نرخی پێ بڵێ و گفتوگۆکە بە دەرفەت بزانە بۆ سەرخستنی فرۆشتنەکەت.

 

ڕای تۆ چییە؟

پێتوایە ئەمە دەرفەتێکە بۆ زیادکردنی فرۆشت؟

 

نوسین: تیمی کارسازی شادمان

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *