ناوەڕۆکی بەرھەمھێنراو لەلایەن بەکارهێنەرەوە (UGC) چییە و بۆچی پێویستە؟

ناوەڕۆکی بەرھەمھێنراو لەلایەن بەکارهێنەرەوە (UGC) چییە و بۆچی پێویستە؟

 

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بوونەتە بەشێکی دانەبڕاو لە ژیانی ڕۆژانەمان، شێوازی کڕین و بڕوای بەکارهێنەرانیش گۆڕانکاری گەورەی بەسەردا هاتووە.

ئەگەر خاوەن بزنس بێت لە کوردستان، ڕەنگە زۆرجار گوێت لە چەمکی (UGC) بووبێت. بەڵام ئەم چەمکە بە تەواوی چییە و چۆن دەتوانێت فرۆشت چەند بەرمبەر بکاتەوە؟

 

UGC چییە؟

وشەی UGC کورتکراوەی (User-Generated Content)ە، واتە (ناوەڕۆکی بەرھەمھێنراو لەلایەن بەکارهێنەرەوە). بە زمانی سادە:

هەر وێنەیەک، ڤیدیۆیەک، ڕەخنە و پێداچوونەوەیەک (Review)، یان کۆمێنتێک کە کڕیارەکانت لەسەر بەرهەم یان خزمەتگوزارییەکەت دروستی دەکەن و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوی دەکەنەوە، پێی دەوترێت UGC.

جیاوازی سەرەکی ئەم ناوەڕۆکە لەگەڵ ڕیکلامی ئاسایی ئەوەیە کە تۆ وەک خاوەن بزنس دروستت نەکردووە، بەڵکو کڕیارێک کە بەرهەمەکەی تاقیکردووەتەوە بە ئارەزووی خۆی بڵاوی کردووەتەوە.

 

بۆچی UGC لە بازاڕی کوردستاندا هێندە بەهێزە؟

بازاڕی ئێمە زیاتر لەسەر بنەمای (متمانە و دەنگۆ) کار دەکات. خەڵک تێڕوانینێکی جیاوازیان بۆ ڕیکلامەکان هەیە:

١.دروستکردنی متمانە بەرامبەر ڕیکلام: خەڵک فێر بوون کە کۆمپانیاکان لە ڕیکلامدا تەنیا لایەنە باشەکان پێشان دەدەن.

بەڵام کاتێک هاووڵاتییەکی ئاسایی لە سلێمانی، هەولێر، کەرکوک، دهۆک یان ھەڵەبجە ڤیدیۆیەک لەسەر بەرهەمێک تۆمار دەکات، بینەر زۆر زیاتر بڕوای پێ دەکات.

 

٢.کەمکردنەوەی تێچووی ڕیکلام: دروستکردنی ڕیکلامی گرانبەها لەگەڵ ئەکتەر و کامێرای پرۆفیشناڵ تێچوویەکی زۆری دەوێت، لە کاتێکدا کڕیارەکانت دەتوانن بە مۆبایلەکانی دەستیان ناوەڕۆکی زۆر ڕاستەقینەترت بۆ دروست بکەن.

 

٣.زیادبوونی کاردانەوە (Engagement): ڤیدیۆیەک کە کڕیارێک بە مۆبایلەکەی بەرهەمەکەی تێدا بەکاردێنێت، لە تۆڕەکانی وەک تیکتۆک و ئینستاگرام زۆر زیاتر بینەر ڕادەکێشێت بە بەراورد بە ڕیکلامێکی دروستکراو.

 

نموونەی واقعی لە بازاڕی خۆماندا

وابیربکەوە خاوەنی چێشتخانەیەکیت یان دوکانی جلوبەرگ:

١.حاڵەتی یەکەم (ڕیکلامی ئاسایی): ڤیدیۆیەک بە کامێرای پرۆفیشناڵ دەگریت و دەڵێیت: (باشترین و بەتامترین خۆراک لای ئێمەیە). (خەڵک وەک ڕیکلامی ئاسایی سەیر دەکەن و تێپەڕی دەکەن).

٢.حاڵەتی دووەم (UGC): (گەنجێک یان خێزانێک دێنە چێشتخانەکەت، ڤیدیۆی سەر مێزەکە دەگرن و لە ستۆریی ئینستاگرامەکەیان دەنووسن: بەڕاستی خۆشترین ژەممان پێشکەشکرا، دەستان خۆش بێت!). ئەمەی دووەم UGCیە و هاوڕێکانی ئەو کەسە بەبێ دوودڵی بڕیار دەدەن بێنە لای تۆ.

 

 

چۆن کڕیارەکەت هان بدەیت بۆ دروستکردنی UGC؟

١.سەردانیان ئاسان بکە: لەناو دوکان یان شوێنی کارەکەت گۆشەیەک بە ڕووناکی و دیزاینی جوان ئامادە بکە کە گونجاو بێت بۆ وێنەگرتن.

٢.داوای ڕایان بکە: بە کڕیارەکانت بڵێ تاگت بکەن لە ستۆری یان ڤیدیۆکانیاندا، لە بەرامبەردا تۆش وێنەکانیان لە پەڕەی فەرمی بزنسەکەت ڕیپۆست (Repost) بکەرەوە.

٣.دیاری یان داشکاندن دابنێ: دەتوانیت بڵێیت: هەر کەسێک ڤیدیۆی بەکارهێنانی بەرهەمەکەمان بڵاو بکاتەوە و تاگمان بکات، دەبێتە خاوەنی ۱۰٪ داشکاندن بۆ کڕینی داهاتوو.

 

 

لە کۆتایدا

کڕیارەکان چیدی بە ڕستە بریقەدارەکانی ڕیکلام هەڵناخەڵەتێن؛ ئەوان بەدوای (ڕاستگۆیی)دا دەگەڕێن.

گرنگیدان بە UGC نەک تەنیا ناوبانگی بزنسەکەت بێگەرد دەکاتەوە، بەڵکو متمانەیەک دروست دەکات کە هیچ ڕیکلامێکی گرانبەها ناتوانێت بڕەخسێنێت.

 

ئەگەر تا ئێستا سوودت لەم ڕێگەیە وەرنەگرتووە، لە ئه‌مڕۆوە دەست پێ بکە و کڕیارەکانت بکە بە باشترین ڕکلامی بزنسەکەت!

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *