فرۆشتنی خانوبەرە و ئۆتۆمبێل بە تەلەفۆن؛ بۆچی لەم بوارانەدا ئەی ئای هەمیشە دەدۆڕێت؟
ئەمڕۆ لە هەر کوێیەک بیت، قسە هەر لەسەر ژیریی دەستکرد (AI) و تواناکانییەتی. دەوترێت:
- ئەی ئای دەتوانێت نامە بنووسێت.
- وەڵامی تەلەفۆن بداتەوە.
- تەنانەت کاڵاش بفرۆشێت.
بەڵام وەرن با کەمێک واقیعی بین و سەیری بازاڕی خۆمان لە کوردستان بکەین؛ ئەگەر بابەتەکە فرۆشتنی خانوو، شوقە یان ئۆتۆمبێل بێت لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە، ئەوا بە جۆرێکی دیکەیە.
لەم وتاردا بە ٤ خاڵ ڕوونیدەکەینەوە لەبەر چی کڕیاری کورد کاتێک دێتە سەر کڕینی شتی گرانبەها، بە قسەی هیچ ڕۆبۆت و تەکنەلۆژیایەک قەناعەت ناکات؟
١. کڕینی خانوو یان سەیارە، بڕیارێکی سۆزدارییە:
ئەی ئای دەتوانێت بە تەلەفۆن پێوەرەکانی خانووێکت پێ بڵێت:
- چەند مەترە.
- چەند ژوورە.
- نرخەکەی چەندە.
بەڵام کڕیارێک کە دەیەوێت تەمەنی خۆی یان پاشەکەوتی چەند ساڵەی بخاتە خانووێکەوە، پێویستی بە شتێکی زیاترە. ئەو دەیەوێت لە دەنگی فرۆشیارەکەدا دڵنیایی وەربگرێت. فرۆشیارێکی لێهاتوو دەزانێت چۆن بڵێت:
(کاکە گیان، گەڕەکەکەی زۆر بێدەنگ و خێزانییە، ڕێک بۆ منداڵەکانت دەست دەدات). ئەم دەستەواژە سۆزدارییانە تەنها لە دەمی مرۆڤێکەوە دێن کە هاوسۆزی ڕاستەقینەی هەبێت.
٢. کڕیاری کورد و پرۆسەی نرخدانان:
هەموو لایەکمان دەزانین کە لە کوردستاندا، هیچ خانوو یان ئۆتۆمبێلێک بە نرخی یەکەم نافرۆشرێت! پرۆسەی فرۆشتن لە تەلەفۆندا بەم ڕستەیە دەست پێدەکات:
(برا تەلەفۆنم کردووە بزانم کەمێک مەجالی تێدایە؟)
( بۆ خۆمان، ئەگەر کڕیاری جدی بم چەندم بۆ کەمدەکەیتەوە؟).
ئەی ئای بەپێی کۆد و ژمارە کار دەکات؛ ناتوانێت لە پشت تەلەفۆنەوە نەرمی بنوێنێت، بڵێت: (بۆ خاتری جەنابت پەیوەندی بە خاوەنەکەیەوە دەکەم بزانم چی دەکات). لێرەدا کڕیارەکە بێزار دەبێت وە تەلەفۆنەکە دادەخات.
٣. کێشەی متمانە و مەترسی فێڵ لێکردن:
کاتێک کەسێک تەمەنی ١٨ ساڵ بێت یان ٦٠ ساڵ، کاتێک دەیەوێت بڕە پارەیەکی زۆر (دەفتەرە دۆلار) بخاتە معامەلەیەکەوە، ترسێکی سروشتی لادروست دەبێت کە نەکا فێڵی لێبکرێت هەروەها کێشەیەکی یاسایی لە خانووەکە یان سەیارەکەدا هەبێت.
مرۆڤ کاتێک متمانە دەکات کە دەنگی کەسێکی بەرپرسیار ببیستێت کە ئامادەیە ڕووبەڕوو بیبینێت و بچێتە بەردەم دادنووس هەروەها پێشانگاکە. کڕیار هەرگیز ناتوانێت متمانە بە دەنگێکی دیجیتاڵی بکات کە هیچ بەرپرسیارێتییەک هەڵناگرێت.
٤. پرسیارە ورد:
کڕیاری کورد لە تەلەفۆندا پرسیاری وا دەکات کە لە هیچ کتێب و داتایەکی ئەی ئایدا نییە! بۆ نموونە:
- ئەو شوقەیە لە زستاندا دڵۆپە ناکات؟
- سەیارەکە لە بەرزاییەکەی ئەزمەڕدا کێشی هەیە؟
فرۆشیاری مرۆیی بەهۆی ئەزموونی خۆی لە بازاڕەکەدا، دەزانێت چۆن بە وەڵامێکی گونجاو و تەکتیکی کڕیارەکە قەناعەت پێبکات، بەڵام ئەی ئای تەنها وەڵامی گشتی و فەرمی پێیە کە بەدڵی کڕیار نییە.
قسەی کۆتایی:
ئەی ئای ڕەنگە ئامرازێکی باش بێت بۆ ناردنی نامەی سەرەتایی یان دیاریکردنی کاتی چاوپێکەوتن، بەڵام کاتێک یارییەکە دەگاتە سەر (مۆرکردنی گرێبەست) خانوبەرە وهەروەها ئۆتۆمبێل، پادشای مەیدانەکە هێشتا فرۆشیارە مرۆییە زمانشیرین، ڕاستگۆ و خاوەن ئەزموونەکەیە.
بۆیە ئەگەر لەم بوارانەدا کار دەکەیت، مەترسە؛ ئەی ئای جێگەت ناگرێتەوە، بە مەرجێک فێری هونەری گفتوگۆ و دروستکردنی متمانە بیت! هەروەها بتوانیت بە ڕێگەیەکی دروست سوود لە خودی ئەی ئای وەربگرین.