بۆچی کەم قسەکردن فرۆشت دوو هێندە دەکات؟

بۆچی کەم قسەکردن فرۆشت دوو هێندە دەکات؟

 

 

ئەم پرسیارە ڕێک کلیل و دەرمانی ئەو نەخۆشییەیە کە زۆربەی فرۆشیارانی ئێمە لە بازاڕی کوردستاندا پێوەی دەناڵێنن! پێچەوانەی ئەو تێگەیشتنە باوەی کە دەڵێت:

(فرۆشیاری باش دەبێت بەردەوام قسە بکات). زانستی نوێی فرۆشتن دەیسەلمێنێت کە (خراپترین کار)، زۆربڵێییە لەبەردەم کڕیاردا.

 

لەم وتاردا بە ٥ خاڵ هەروەها  بە زمانێکی زۆر سادە ڕوونی دەکەینەوە کە بۆچی (کەمتر قسەکردن، قازانجی دوو هێندە دەکات) :

 

 

 

١. کڕیار ڕقی لە زۆربڵێیە، حەزی لە چارەسەرە:

 

کاتێک تۆ وەک نوێنەرێکی فرۆشتن بە تەلەفۆن یان ڕووبەڕوو دەست دەکەیت بە قسەکردنی بێوچان لەسەر مواسەفاتی بەرهەمەکەت، کڕیارەکە هەست دەکات لە پۆلی قوتابخانەدایە و مامۆستایەک وانەی پێدەڵێت.

 

یاسای زێڕین:

مرۆڤەکان تەنها حەزیان بەوەیە باسی (خۆیان و کێشەکانی خۆیان) بکرێت. کاتێک تۆ بێدەنگ دەبیت، کایەکەت بۆ ئەوان چۆڵ کردووە تا باسی ئازارەکانی بزنسەکەیان یان ژیانیان بکەن. لێرەوە تۆ دەزانیت ڕێک چ کێشەیەکی هەیە تا هاوکاریبیت، وە فرۆشیش لای تۆوە ڕووبدات.

 

 

 ٢. دروستبوونی متمانە (خەڵک بەدوای گوێگردا دەگەڕێن):

 

لە بازاڕی ئێمەدا، کڕیار بە سروشتی خۆی ترسی هەیە لەوەی (خەڵەتێنرێت). کاتێک فرۆشیارێک زۆر خێرا و زۆر قسە دەکات، کڕیارەکە گومانی لادروست دەبێت و دەڵێت: (ئەمە دەیەوێت بە قسە سەرم بشێوێنێت تا شتەکەم پێ بفرۆشێت).

 

بەڵام کاتێک تۆ پرسیارێکی زیرەک دەکەیت هەروەها  (تەنها گوێ دەگریت)، کڕیارەکە هەست بە ڕێز دەکات. لە دەروونناسیدا هاتووە:

ئێمە متمانە بەو کەسانە دەکەین کە کاتمان پێدەدەن بۆ ئەوەی گوێمان لێبگرن.

 

 

 ٣. دۆزینەوەی پێویستیی ڕاستەقینە:

 

تۆ ناتوانیت بەرهەمێک بفرۆشیت ئەگەر نەزانیت کڕیارەکە چی دەوێت. ئەگەر تۆ بەردەوام قسە بکەیت، چۆن دەزانیت کێشەی ئەو چییە؟

 

با نموونەیەک بهێنینەوە:

تۆ دەتەوێت ئۆتۆمبێلێک بفرۆشیت. ئەگەر ڕێک دەست بکەیت بە قسە و بڵێیت: (ئەم ئۆتۆمبێلە زۆر خێرایە، بزوێنەرەکەی زۆر بەهێزە…)

بەڵام کڕیارەکە پیاوێکی خێزاندار بێت  تەنها بە دوای (سەلامەتی و فراوانی) ئۆتۆمبێلەکەدا بگەڕێت، تۆ بە قسە زۆرەکانت فرۆشتنەکەت دۆڕاند!

بەڵام ئەگەر بێدەنگ بیت و بپرسی: (خۆت زیاتر چ جۆرە ئۆتۆمبێلێکت بەدڵە؟) ئەو خۆی دەڵێت: (بۆ خێزانەکەم دەوێت و سەلامەتی گرنگە). ئیتر لێرەدا تۆ کەمترین قسە دەکەیت و تەنها تیشک دەخەیتە سەر سەلامەتییەکەی.

 

 

 ٤. یاسای دەروونیی ٨٠/٢٠ (یاسای پارێتۆ لە فرۆشتندا):

 

لە کۆبوونەوەیەکی سەرکەوتووی فرۆشتندا، دەبێت ئەم هاوسەنگییە هەبێت:

 

  • %٢٠ی کاتەکە: فرۆشیار قسە دەکات (تەنها بۆ کردنی پرسیاری زیرەک و ئاڕاستەکردنی گفتوگۆکە).
  • %٨٠ی کاتەکە: کڕیار قسە دەکات (باسی پێویستی، کێشە، هەروەها بودجەکەی دەکات).

 

 

تێبینی گرنگ: 

کاتێک کڕیارەکە %٨٠ی کاتەکە قسە دەکات، لە ڕاستیدا ئەو خۆی، قەناعەت بە خۆی دەکات کە پێویستی بە بەرهەمەکەی تۆیە!

 

 

 

٥. کۆنتڕۆڵکردنی گفتوگۆکە:

 

پێچەوانەی بیرکردنەوەی خەڵک، ئەو کەسەی قسە دەکات کۆنتڕۆڵی گفتوگۆکەی لەدەستدا نییە، بەڵکو (ئەو کەسەی پرسیار دەکات و بێدەنگ دەبێت). هێڵی سەرەکی گفتوگۆکە دیاری دەکات.

کاتێک تۆ کەمتر قسە دەکەیت، وزەی خۆت دەپارێزیت، بە وردی بیر لە هەنگاوی داهاتووت دەکەیتەوە، و ناهێڵیت کڕیارەکە بە لایەکی تردا بتبات.

 

 

کورتەی قسە:

 

خودای گەورە دوو گوێ و یەک زمانی پێداوین، بۆ ئەوەی دوو هێندەی ئەوەی قسە دەکەین، گوێ بگرین. لە بزنسدا:

  • متمانە
  • قازانج

لە ناو (بێدەنگی و گوێگرتنی زیرەکانە)دا دروست دەبێت، نەک لە هاوارکردن و زۆربڵێییدا.

 

 

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *