ئایا دەکرێت لە یەک کاتدا دوو بزنست هەبێت؟

ئایا دەکرێت لە یەک کاتدا دوو بزنست هەبێت؟

 

کاتێک لە بزنسدا هەنگاوێکی سەرکەوتوو دەنێیت یان بیرۆکەی نوێت بۆ دێت، ڕەنگە پرسیارێکی جدی لە مێشکتدا دروست ببێت: (ئایا دەتوانم لە یەک کاتدا سەرپەرشتی دوو بزنسی جیاواز بکەم؟)

زۆر کەس حەز دەکەن سەرچاوەی داهاتیان جۆراوجۆر بێت و تەنها پشت بە یەک پرۆژە نه‌بەستن. وەڵامی کورت بۆ ئەم پرسیارە: (بەڵێ، دەکرێت، بەڵام مەرجی خۆی هەیە).

 

بەڕێوەبردنی دوو بزنس بە یەکەوە وەک ئەوە وایە بە هەر دەستێکت تۆپێکت هەڵگرتبێت؛ ئەگەر شارەزاییت نەبێت، ڕەنگە هەردووکیان لە دەستت بکەون. پێش ئەوەی ئەم بڕیارە بدەیت، ئەم خاڵانەی خوارەوە بە وردی بخوێنەوە:

 

١. ئایا بزنسی یەکەمت گەیشتووەتە چ ئاستێک؟

گەورەترین هەڵە ئەوەیە پێش ئەوەی بزنسی یەکەمت بخەیتە سەر ڕێڕەوی ڕاست و سیستەمێکی بەهێزی بۆ دابنێیت، دەست بە بزنسی دووەم بکەیت. ئەگەر بزنسی یەکەم هێشتا پێویستی بە ئامادەبوونی ڕۆژانەی تۆ هەیە بۆ ئەوەی ڕانەوەستێت، کاتی دەستپێکردنی دووەم نەهاتووە.

 

٢. بزنس لە هەمان بواردا:

ئەگەر دوو بزنسەکەت پەیوەندییان بە یەکەوە هەبێت، سەرکەوتنت زۆر ئاسانتر دەبێت. بۆ نموونە:

ئەگەر فۆتۆگرافەر ڕێستۆرانتێک بکاتەوە، ڕەنگە دوو دنیای جیاواز بن. بەڵام ئەگەر خاوەن ڕێستۆرانتێک کۆمپانیایەکی گەیاندنی خۆراک (دێلیڤەری) دروستبکات ئەم دوو بزنسە هاوکاری یەکتر دەکەن و تێچوویان کەمتریش دەبێت.

 

 

٣. کات و وزەکەت چەندە؟

تەندروستی دەروونی و جەستەییت لایەنی هەرە گرنگە. دوو بزنس واتە:

  •  دوو بەرپرسیاریەتی.
  • دوو تیمی جیاواز.
  • تێكچوونی زیاتری خەو و حەسانەوە!

ئەگەر کاتی تەواوت نییە بۆ بەڕێوەبردنی هەردووکیان، بەبێ کەمکردنەوەی کوالیتی، ڕەنگە زیان لە ناوبانگی هەردوو بزنسەکە بدەیت.

 

٤. دروستکردنی تیم و پێدانی توانای بڕیاردا:

هیچ کەسێک ناتوانێت بە تەنها دوو بزنس گەشەپێبدات. دەبێت ئامادەبیت کەسانێک وەکو بەڕێوەبەر یان هاوکار دابنێیت کە متمانەت پێیان بێت، تا بەشێک لە ئەرکەکان ئەنجام بدەن. ئەگەر پێت وایە تەنها خۆت دەتوانیت هەموو ئەرکێک ڕاپەڕێنیت، دەستپێکردنی بزنسی دووەم تووشی شکستت دەکات.

 

کەواتە!

 

کەواتە، بوونی دوو بزنس لە یەک کاتدا نەک مەحاڵ نییە، بەڵکو دەکرێت هەنگاوێکی زۆر زیرەکانەش بێت بۆ فراوانکردنی سەرمایەکەت؛ بەڵام (تەنها لە کاتێکدا کە بزنسی یەکەمت بەبێ تۆش بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی و جێگیر کار بکات).

 

پێش ئەوەی بزنسی دووەم ڕابگەیەنیت، پرسیار لە خۆت بکە: (ئایا کاتی ئەوە هاتووە بزنسی یەکەم سپێرم بە تیمەکەم و سەرنج بکەمە سەر دەرفەتێکی نوێ؟).

 

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *