چۆن هاوسەنگی بکەم لە نێوان ژیانی کەسی و کار؟

چۆن هاوسەنگی بکەم لە نێوان ژیانی کەسی و کار؟

 

دۆزینەوەی هاوسەنگی لە نێوان ژیانی کەسی و کاردا، یەکێکە لە سەختترین ئاڵەنگارییەکانی(چاڵێنج) سەردەم.

زۆرێک لە ئێمە تووشی ئەو هەڵەیە دەبین کە وا دەزانین هاوسەنگی واتە دابەشکردنی ڕێک و ڕاستی کاتژمێرەکان بەڕێژەی ٥٠٪ بۆ کار و ٥٠٪ بۆ ژیانی تایبەتی. بەڵام لە واقعدا بەوجۆرە نییە.

ئەگەر هەست دەکەیت کارەکەت تەواوی ژیانی داگیر کردوویت و کاتت بۆ خۆت و خێزانەکەت نەماوەتەوە، ئەم هەنگاوانە دەتوانن یارمەتیدەرێکی گەورەت بن:

 

١. سنووری ڕوون لە نێوان کار و ژیانی تایبەت دابنێ:

لە جیهانی ئەمڕۆدا بەهۆی مۆبایل و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، کار بەردەوام بەدوامانەوەیە. بۆ ڕێگریکردن لەمە:

کاتژمێری کۆتایی کار دیاری بکه: کاتێک کاتی کاری ڕۆژانەت تەواو دەبێت، بڕیار بدە کە بەڕاستی بوەستیت.

ژینگەی کار و ماڵ جیا ببنەوە: ئەگەر لە ماڵەوە کار دەکەیت، شوێنێکی تایبەت تەنیا بۆ کار تەرخان بکە. ڕێگە مەدە ژووری نوستنەکەت ببێتە شوێنی کۆبوونەوەی ئۆنڵاین و ئیمەیڵ نووسین.

ئاگادارکەرەوەکانی کار بکوژێنەرەوە: دوای کاتی کار، بەرنامەکانی پەیوەندیی کار (وەک Slack ،واتساب،ئیمەیڵ) بێدەنگ بکە تا مێشکت دەرفەتی حەوانەوەی هەبێت.

 

 

٢. لە بری ژمارەی کاتژمێرەکان، سەرنجت لەسەر ئەنجام بێت:

کارکردنی زیاتر بە مانای ئەنجامی باشتر نایەت؛ هەندێکجار بە مانای ماندووبوونی زیاتر دێت.

یاسای ٣ کاری گرنگ: لە سەرەتای هەر ڕۆژێکدا، تەنیا ٣ کاری زۆر گرنگ دیاری بکە کە پێویستە تەواو ببن.کاتێک ئەوانەت ئەنجامدا، هەست بە دەستکەوت دەکەیت و پێویست ناکات تا درەنگانی شەو کار بکەیت.

فێری وتنی نا ببه: پێویست ناکات بۆ هەموو پڕۆژەیەک، داواکارییەکی زیادە، یان کۆبوونەوەیەکی ناپێویست بڵێیت بەڵێ. ڕەتکردنەوەی هەندێک کاری زیادە، ڕزگارکردنی کاتی ژیانی کەسیتە.

 

 

٣. ژیانی کەسیت بخەرە ناو خشتەی بەرنامەکەتەوە:

ئێمە بەردەوام کاتی کۆبوونەوەکان، چاوپێکەوتنەکان و وادەی ڕادەستکردنی کارەکانمان دەنووسین، بەڵام کاتی ژیانی کەسیمان جێدەهێڵین بۆ کاتی بەتاڵ.

کات بۆ وەرزشکردن، ژەمێک خواردن لەگەڵ خێزان، یان خوێندنەوەی کتێبێک بە ڕەسمی لە ڕۆژژمێرەکەتدا بنووسە.

وەک چۆن ڕێز لە کۆبوونەوەیەکی گرنگی کارت دەگریت و هەڵی ناوەشێنیتەوە، بە هەمان شێوە ڕێز لەو کاتانەش بگرە کە بۆ خۆت و ئازیزانت تەرخانت کردوون.

 

 

٤. کوالێتیی کات گرنگترە لە بڕی کات:

کێشەی سەرەکی تەنیا کەمی کات نیە، بەڵکو نەبوونی سەرنجە. کاتێک لەگەڵ منداڵەکانت، هاوسەرەکەت یان هاوڕێکانت دانیشتوویت بەڵام مۆبایلەکەت لە دەستدایە و بیر لە ئیمەیڵەکانی بەیانی دەکەیتەوە، تۆ لەوێ ئامادە نیت.

کاتێک لەگەڵ خێزانەکەتیت، مۆبایلەکەت لە ژوورێکی دیکە دابنێ. ١ کاتژمێر ئامادەیی تەواو و بەئاگایی، زۆر بەنرخترە لە ٥ کاتژمێر دانیشتن بە مێشکێکی سەرقاڵەوە.

 

 

٥. پارێزگاری لە تەندروستیی جەستەیی و دەرونیت بکە:

هیچ بزوێنەرێک بەبێ سووتەمەنی کار ناکات. ئەگەر خەوی پێویست (٧ تا ٨ کاتژمێر) نەخەویت، خواردنی تەندروست نەخۆیت و سەرقاڵی وەرزش نەبیت، لە کۆتاییدا جەستەت وەڵامت دەداتەوە و ڕووبەڕووی داڕمان دەبیتەوە. تەندروستیت بنەمای سەرەکیی سەرکەوتنتە لە هەردوو بەشەکەدا.

 

 

کار کردن بەشێکە لە ژیان بۆ دابینکردنی بژێوی و بەدیهێنانی ئامانجەکان، بەڵام هەموو ژیان نییە.

لە یادى مەکە، هیچ سەرکەوتنێک لە جیهانی کاردا ناتوانێت شوێنی لەدەستدانی تەندروستی، ئارامیی دەرونی یان دوورکەوتنەوە لە خێزانەکەت بگرێتەوە.

 

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *