Karsazy ShadmanKarsazy Shadman

چۆن لەگەڵ کڕیاری ناڕازی مامەڵە بکەم؟

 

کاتێک کڕیارێک بە دەموچاوی گرژ و تووڕەوە دەگەڕێتەوە دوکان یان کۆمپانیاکەت، یان نامەیەکی پڕ لە گلەیی بۆ پەیجەکەت دەنێرێت، یەکەم هەستی فرۆشیار بەرگری کردنە:

کاکە گیان ئێمە هەڵە نین،کاڵاکەت خراپ بەکار هێناوە!

بەڵام ئەگەر تۆ وەک فرۆشیارێکی پیشەگەر بیر بکەیتەوە، کڕیاری ناڕازی دوژمن نییە، بەڵکو گەورەترین مامۆستایە بۆ بزنسەکەت. تەنانەت زۆرجار کڕیارێکی ناڕازی ئەگەر کێشەکەی بە جوانی بۆ چارەسەر بکەیت، دەبێتە وەفادارترین کڕیار و ڕەنگە ببێتە ڕیکلامێکی بێبەرامبەر بۆت.

ئەمەشمان لەبیربێت کە هەمووکەس کڕیاری ئێمە نییە و نابێت کڕیاری زۆر پێشبینی بەرز و سنوربەزێن لە خۆمان کۆبکەینەوە.

ئەی چۆن مامەڵە لەگەڵ کڕیاری ناڕازی دەکەین بە شێوازێکی گونجاو؟ لەم وتارەدا بە ٥ هەنگاو ئاماژە بە چارەسەری ئەم کێشەیە دەدەین:

 

١. گوێگرتن بە ئارامی:

کاتێک کڕیارێکی تووڕە دێتە لات، دەیەوێت سەرنجت ڕابکێشێت و هەست بەوە بکات کە دەنگی بیستراوە.

هەڵە ئەوەیە: پێش ئەوەی قسەکەی تەواو بکات، قسەکەی پێ بڕیت و پاساو بهێنیتەوە.

ڕێگەی دروست: با بە تەواوی گلەییەکەی بکات، تەنانەت ئەگەر هەڵەش نەبیت. کاتێک بە تەواوی قسەکانی دەکات، وزەی تووڕەییەکەی کەم دەبێتەوە و مێشکی دەگەڕێتەوە دۆخی لۆژیکی. تەنها بە سەر جوڵاندن و سەیری چاوکردن پیشانی بدە کە بە تەواوی گوێی لێ دەگریت.

 تیبینی گرنگ: ئێمە مەبەستمان لەوەیە کە گلەی بکات نەک بێڕێزکردن.

 

٢. دانپێدانان بە هەستەکان و نیشاندانی هاوسۆزی:

وشەی نەرم و ڕێزگرتن زوتر ئاگرەکە دەکوژێنێتەوە.

پێویست ناکات دەستبەجێ بڵێیت: من هەڵەم کرد، بەڵکو دەتوانیت بڵێیت:زۆرم پێناخۆشە کە ئەم کێشەت بۆ دروست بووە، دەمەوێت دڵنیات بکەمەوە کە ئێمە لێرەین بۆ ئەوەی ئەم کێشەیەت بۆ چارەسەر بکەین.

ئەم ڕستەیە تووڕەیی کڕیارەکە وەک ئاو بۆ ئاگر کوژانەوە کاریگەرە، چونكە ئیتر هەست ناکات بەرگری لە خۆت دەکەیت، بەڵکو لە سەنگەری ئەودایت بۆ چارەسەر.

 

٣. پرسیارکردنی ورد بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەی کێشەکە:

فرۆشیاری بڕوا بەخۆبوو لە کێشە ناترسێت، بەڵکو بە دوای ڕیشەکەی دەگەڕێت.

بە دەنگێکی ئارام و دوور لە گرژی پرسیاری لێ بکە: بۆ ئەوەی بە زووترین کات ئەمە چاک بکەین، دەکرێت پێم بڵێیت کێشەکە بە وردی چۆن دەستی پێکرد؟

زۆرجار کڕیار خۆی لە کاتی گێڕانەوەی کێشەکەدا تێدەگات کە هەڵەیەکی بچووک لە بەکارهێناندا هەبووە، وە چونکە تۆ بە ڕێزەوە مامەڵەت کردووە، بە ئاسانی قەناعەت دەکات و کێشەکە کۆتایی دێت.

 

٤. پێشکەشکردنی چارەسەری خێرا و ئۆفەری جێگرەوە:

کڕیار کاتێک گلەیی دەکات، تەنها داوای یەک شت دەکات: کێشەکەم بۆ چارەسەر بکە!

ئەگەر کاڵاکە کێشەی تێدا بوو و مافی گەڕاندنەوەی هەبوو، بێ ئەوەی زۆر قسە درێژ بکەیتەوە، بۆی بگۆڕە یان پارەکەی بۆ بگێڕەوە.

هەندێک جار بۆ قەرەبووکردنەوەی ناخۆشییەکەی، دەتوانیت دیارییەکی بچووک یان داشکاندن بۆ کڕینی داهاتووی بدەیتێ؛ ئەمە لە جیهانی فرۆشتندا پێی دەوترێت (Service Recovery Paradox) واتە گۆڕینی ئەزموونێکی خراپ بۆ هەستێکی خۆش بۆ کڕیار.

 

٥. دوبارەنەبوونەوەی کێشەکە:

فرۆشیاری سەرکەوتوو تەنها کێشەی ئێستا چارەسەر ناکات، بەڵکو ڕێگری دەکات لەوەی دووبارە ڕووبداتەوە.

  • ئایا ئەم کێشەیە لەبەر خراپیی گواستنەوە بوو؟
  • یان کڕیار خۆی باش بەکاری نەهێناوە تا لە داهاتوو زیاتر ڕێنمای کڕیار بکەیت؟
  • کێشەی کوالێتی کۆمپانیای دابینکەر بوو؟

هەر کێشەیەک تۆمار بکە و لە سیستەمی کارکردنتدا چاکی بکە تاوەکو لە داهاتوودا هیچ کڕیارێکی تریش بەو هۆیەوە نارازی نەبێت.

 

ئەنجام

مامەڵەکردن لەگەڵ کڕیاری نارازی هونەرێکی گەورەیە. کڕیار زۆر حەزی لە ڕێز و دەستپێشخەرییە بۆ چاککردنەوەی کێشەکە.

کاتێک بە ئارامی گوێی لێ دەگریت، لێی تێدەگەیت و چارەسەری خێرای پێشکەش دەکەیت، تۆ تەنها کڕیارێکی تووڕە ڕازی ناکەیت، بەڵکو دڵسۆزترین هەوادار بۆ بزنسەکەت دروست دەکەیت.

 

نوسین: تیمی کارسازی شادمان

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *