وەک هەمیشە وتومانە، لەمڕۆدا فرۆش زۆر زەحمەتە و ڕکابەرەکان هێندە زۆرن کە کڕیار بە ئارەزووی خۆی هەڵیدەبژێرێت کڕین لە کێ دەکات و لە کێ نایکات، ئەمڕۆ هەندێک شێوازی مامەڵەکردن دەخەینەڕوو کە کڕیار ڕقی لێیە.
1- تەنها ڕاستییەکانم پێ بڵێ.
منی کڕیار حەزم بە قسەی زۆر و لێکدانەوە و ڕوونکردنەوە نییە، بڕۆ سەر ئەسڵی مەسەلەکە.
2- ڕقم لە درۆیە
ئەگەر شتێک بڵێیت کە من گومانم لێی هەبێت یان بزانم ڕاست نییە، ئەوا ڕەتی دەکەمەوە و لەوانەیە ڕاستەوخۆ بڕۆم بۆلای ڕکابەرەکانت.
3- فرۆشیاری خۆبەزلزان
زۆرجار فرۆشیار تۆمەتبار دەکرێت بەوەی خۆبەزلزان یان بێمنەتانە قسە دەکات لەگەڵ کڕیاردا. ئەمەش یەکێکە لەو شتانەی منی کڕیار زۆر ڕقی لێیەتی
4- بۆچی ئەم کاڵایە بۆ من گونجاوە؟
پێش ئەوەی کاڵاکەت لێ بکڕم، پێویستە بزانم چۆن سوودمەند دەبم لە کڕینی.
5- کاتێک قسە دەکەم گوێ بگرە
هەوڵ دەدەم پێتبڵێم دەمەوێت چی بکڕم، بەڵام زۆربەتان هێندە سەرقاڵی فرۆشتنی کاڵاکەتانن، ناتوانن هیچ شتێک لە منەوە ببیستن.
6- پێم مەڵێ هەڵەیە
دەمەوێت هەست بکەم ئەوەی کردوومە یان وتومە باش و زیرەکانە بووە. ئەگەر تەنانەت هەڵە بووم، وا نیشان مەدە کە هەڵەم.
7- جێتدەهێڵم
فرۆشیارەکان وا دەزانن هەموو شتێک دەزانن و منی کڕیاریش گەمژەم. ئەگەر تۆش وەک ئەوان بیربکەیتەوە، ئەوا دەتوانیت گرەنتی ئەوە بکەیت کە دەڕۆم و لە کەسێکی تر دەکڕم.
8- کاڵاکەم کڕی، ئەی دواتر؟
تەنها ئەوەندە بەس نییە کاڵاکەت بکڕم، منی کڕیار پێویستم بە دڵخۆشکردن و ڕاگرتنی هەستەکانمە، گرنگە کە ئۆفەرێک، داشکاندنێک، خەڵاتێک یان شتێکم پێشکەش بکەیت تاوەکو جاری داهاتووش سەردانت بکەمەوە.
9- وا بکە پەشیمان نەبم
من دەمەوێت دڵنیا بم لەوەی ئەو نرخەی کە دەیدەم بۆ کاڵاکەت دادپەروەرانە بێت. وا لە من بکە هەست بکەم کە کارێکی دروستم ئەنجامداوە بە کڕینی کاڵاکەت.
10- پارەم پێ نییە
هاتووم کاڵاکەت بکڕم، بەڵام پارەم لەماڵەوە لەبیرچووە، چی بکەم؟ چۆن هاوکاریم دەکەیت؟
11- ببە بە کڕیار
ڕاستگۆیانە ئەگەر تۆ لە شوێنی من بایت، ئەم کاڵایەت دەکڕی؟ ئایا بەهەمان ئەو نرخە دەتکڕی؟
12- کاردانەوە
لەوانەیە دەمارگیر بم و بمەوێت تووڕەت بکەم. کاردانەوەی تۆ بەرامبەر بیانوو و ڕەخنەکانم کەسایەتیی تۆ لەچاوی مندا دیاری دەکات.
13- موناقەشە مەکە
تەنانەت ئەگەر هەڵە بم، حەزم لەوە نییە بۆم ڕوونبکەیتەوە کە هەڵەم. ڕەنگە تۆی فرۆشیار لە موناقەشە لەگەڵ کڕیاردا براوە بیت، بەڵام ڕاستیەکەی ئەوەیە دۆڕاویت، چونکە فرۆشێکت لەدەستدا.
14- گومانم بۆ دروست مەکە
تا ئاڵۆزتر قسە بکەیت، ئەگەری کڕینی من کەمتر دەبێتەوە.
15- فرۆشیار بە
کاتێک لەناو بزنسەکەی تۆدام، حەزم بە گوێبیستبوونی نرخی دۆلار و نەبوونی موچە و هەبوونی قەیران و ئەو جۆرە قسانە نییە، هەرگیز باسی ئەو بابەتانەم بۆ مەکە.
داواکردنی کتێبەکانمان
ئامادەکردن: ستافی کارسازی شادمان