ئایا لە بزنسدا کڕیار پاشایە؟

ئایا لە بزنسدا کڕیار پاشایە؟

لە ناو بازاڕی ئێمەدا، کەم کاسبکار هەیە دێڕی (کڕیار پاشایە)ی نەبیستبێت، یان نەیخستبێتە سەر تابلۆی دوکانەکەی. ئەم ڕستەیە ساڵانێکی درێژە وەک دەستوورێکی نەنووسراوی کڕین و فرۆشتن سەیر دەکرێت. ئەگەر ئەم چەمکە بە کوێرانە پەیڕوو بکەیت، دوور نییە بە چەند مانگێک قاسەکەت خاڵی بێتەوە هەروەها ئیفلاس بکەیت.

با پێکەوە لەم وتارەدا  بە زمانی سادە، سەیری دیوە شاراوەکانی ئەم هاوکێشەیە بکەین، بزانین کەی کڕیار پاشایە هەروەها کەی تەنها میوانێکی ئاساییە:

 دیوی یەکەم: کاتێک کڕیار بەڕاستی پاشایە:

بۆچی دەڵێین کڕیار پاشایە؟

چونکە لە ڕاستیدا، ئەو زانیاری وە پارەیەی لە باخەڵی ئەودایە، مەکینەی سەرەکی بزنسەکەی تۆیە. بەبێ کڕیار، باشترین هەروەها گرانبەهاترین کاڵا، تەنها دەبنە زیادە لە ناو کۆگاکەتدا.

تیبینییەکی گرنگ:

بزنس واتە فرۆش، فرۆشیش کاتێک ڕوودەدات کە کڕیار هەبێت. کاتێک کڕیار هەبوو پارەش دەبێت کە هۆکاری مانەوەی بزنسەکەیە.

باش بزانە کڕیاری ڕازی، باشترین ڕیکلامە بۆ تۆ: ئەو نەک هەر خۆی پارە دەهێنێتە ناو دوکانەکەت، بەڵکو بە خۆڕای خزم و دۆستانیشی دەهێنێتە لای بزنسەکەت.

سەرمایەی ڕاستەقینە ناوبانگە: ئەگەر زمانت شیرین بێت و بە ڕوویەکی خۆشەوە پێشوازی لە خەڵک بکەیت، کڕیار لە لای تۆ دڵنیا دەبێت. لە بازاڕدا دەڵێن: کڕیار پێش ئەوەی کاڵاکە بکڕێت، متمانەی خاوەن دوکانەکە دەکڕێت.

 دیوی دووەم: کاتێک (پاشایەتی) کڕیار بزنسەکەت وێران دەکات:

بەڵام ڕاگرتنی هاوسەنگی لێرەدایە: پاشایەتی کڕیار بەو مانایە نییە کە خاوەن بزنسەکە ببێتە (کۆیلە). بازاڕ ڕێز و حورمەتی خۆی هەیە، ئەگەر کڕیارێک سنووری بەزاند، چیتر ناونیشانی پاشایەتی لێ دەسەنرێتەوە.

کڕیاری ژەهراوی (مایەی سەرئێشە): هەندێک کڕیار هەن هەمیشە بەدوای کێشەدا دەگەڕێن، بێڕێزی بە کارمەندەکانت دەکەن، یان دەیانەوێت کاڵاکەت بە نرخێک ببەن کە (زەرەری سەروماڵت) بێت. لێرەدا، ڕازیبوونی ئەو کڕیارە یەکسانە بە سووتانی کارەکەت.

یاسای زێڕینی بازاڕ دەڵێت:

هەندێک کڕیار هەن، ئەگەر بە ڕێزەوە دووریان بخەیتەوە، قازانجت کردووە نەک زەرەر. چونکە ئەو کات و وزەیەی بۆ کڕیارێکی کێشە دروستکەر و پێشبینی بەرز بەکاری دەهێنیت، دەتوانیت بۆ پێنج کڕیاری ڕێک و پێک و بە ئەمەکی تەرخان بکەیت. کڕیار کاتێک پاشایە کە یاسایی شاهانە نەشکێنێت.

کەواتە چۆن هاوسەنگی ڕادەگریت؟

لە بزنسی هاوچەرخی ئەمڕۆدا، چیتر کڕیار پاشایەکی دیکتاتۆر نییە، بەڵکو (شەریک و هاوبەشی سەرکەوتنی تۆیە). هاوکێشەی سەرکەوتووانە ئەوەیە کە هەردوو لا بە دڵخۆشی لە مەیدانەکە بێنە دەرەوە (واتە بردنەوەی هەردوولا). لە زمانی ئینگلیزیدا پێی دەڵێن: (win & win).

ئەم دوو خاڵە پەیڕەو بکە:

١. ڕێز بنوێنە بەڵام یاسای خۆت لەبیرمەکە: کڕیار دەبێت بزانێت کە تۆ خزمەتگوزارییەکی نایابی پێشکەش دەکەت، بەڵام لە چوارچێوەی یاساکانی دوکانەکەتدا (بۆ نموونە لەسەر قەرز، گۆڕینەوە یان گەڕاندنەوەی کاڵا).

٢. گوێگرتن نیوەی فرۆشتنە: کاتێک کڕیارێک بە تەمەنی ١٨ ساڵەوە دێتە لای تۆ، پێویستی بە زمانێکە؛ کاتێکیش پیاوێکی بەتەمەنی ٦٠ ساڵ دێت، حورمەت و زمانێکی تری دەوێت. زیرەکی تۆ لەوەدایە بزانیت چۆن کلیلی دڵی هەر تەمەنێک بدۆزیتەوە.

پوختەی قسە

کڕیار پاشایە تا ئەو شوێنەی کە ڕێز لە ماندووبوون و بەهای کارەکەت بگرێت. کاتێک ویستی :

یاسای بازاڕ بشێوێنێت زۆر بە ڕێز و ئەدەبەوە پێی بڵێ: مامۆستا گیان، خۆشحاڵین کە سەردانی دووکانەکەتان کرددووە بەڵام  ڕەنگە لای ئێمە ئەو داواکارییە جێبەجێ نەبێت. بەم شێوەیە هەم کەرامەتی کارەکەت دەپارێزیت، هەم ڕێگری لە زەرەری دارایی دەکەیت.

کۆمێنتێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *