(ئەم قەڵەمەم پێ بفرۆشە!) بۆچی ئەم پرسیارە هەڵەیە؟

 

 

لە زۆربەی چاوپێکەوتنەکانی کاری فرۆشیاریدا، تەکتیکێکی کۆن و باو دووبارە دەبێتەوە. بەڕێوەبەری سەرچاوە مرۆییەکان یان خاوەنی کۆمپانیاکە شتێک لەسەر مێزەکەی ھەڵدەگرێت (قەڵەمێک، کوپێک یان تەنانەت شیرینییەک) و دەڵێت: فەرموو، ئەمەم پێ بفرۆشە!

ئەمە کە زیاتر لە فیلمە سینەماییەکاندا سەرنجڕاکێشە، لە جیهانی ڕاستەقینەی بزنس و بازارگەریی هاوچەرخدا بە جۆرێکی دیکەیە. لە ڕاستیدا، بەکارهێنانی ئەم تاقیکردنەوەیە نەک هەر پێوەرێکی دروست نییە بۆ هەڵسەنگاندنی ئاستی فرۆشیار، بەڵکو دەکرێت زیان بە پرۆسەی دامەزراندنەکەش بگەیەنێت.

 

بۆچی ئەم پرسیارە هەڵەیە؟

 

١.فرۆشتن ڕاوکردنی کڕیار نییە، تێگەیشتنە لە پێداویستی:

فرۆشیاری ڕاستەقینە ئەو کەسە نییە کە بە قسەی خۆش شتێک بەسەر کڕیاردا بسپێنێت. فرۆشتنی سەرکەوتوو بە دەستنیشانکردنی کێشە و پێداویستییەکانی کڕیار دەست پێدەکات. کاتێک بەبێ ئاگاداری پێشوەختە قەڵەمێک دەدەیتە دەست کاندیدێک، لەبری ئەوەی تاقیبکەیتەوە چۆن گوێ دەگرێت، ناچاری دەکەیت دروشم و وەسفی بەتاڵ ڕێزبکات.

 

٢. نەبوونی زانیاری لەسەر بەرهەمەکە:

مەحاڵە فرۆشیارێک بتوانێت بەرهەمێک بە شێوازێکی پیشەیی بفرۆشێت کاتێک زانیاری لەسەر تایبەتمەندی و بەهای ئەو بەرهەمە نەبێت. تاقیکردنەوەی خێرا بە بەرهەمێکی هەڕەمەکی، تەنیا توانای قسەکردنی ئەکتەرانەی کەسەکە دەردەخات، نەک توانای زانستی و ستراتیژی لە فرۆشتندا.

 

دەبێت فرۆشیار چۆن مامەڵەی ئەم تاقیکردنەوەیە بکات؟

بەپێی بنەماکانی فرۆش، پێویستە هەر کەسێک بۆ چاوپێکەوتنی کار دەچێت، لانی کەم زانیاری سەرەتایی لەسەر ئەو کۆمپانیایە هەبێت کە داوای کاری تێدا کردووە.

فرۆشیاری شارەزا بەبێ ئاگا ناچێتە چاوپێکەوتن. ئەو دەبێت بزانیت:
١.کۆمپانیاکە چی دەفرۆشێت؟
٢.کڕیارەکانی کێن؟
٣.خاڵی بەهێزی بەرهەمەکانیان بەراورد بە ڕکابەرەکانیان چییە؟

 

کاتێک چاوپێکەوتنکار دەڵێت (ئەم قەڵەمەم پێ بفرۆشە)، فرۆشیارە زیرەکەکە ڕاستەوخۆ دەست بە وەسفکردنی ڕەنگ و شێوەی قەڵەمەکە ناکات، بەڵکو بە پرسینی پرسیار دەست پێدەکات تا پێداویستیی بەرامبەرەکەی بزانێت.

 

کۆمپانیاکان دەبێت چ ڕێگەیەک هەڵبژێرن؟

 

لەبری دووبارەکردنەوەی ئەم ڕێگە کۆنە، باشترە کۆمپانیاکان سۆفت-سکڵ (توانا نەرمەکان) و بیرکردنەوەی شیکاریی فرۆشیارەکە تاقیبکەنەوە. ئەم ڕێگەیانەی خوارەوە بەدیلی زۆر گونجاوترن:

 

  • شیکارکردنی کەیسێک بەرهەمێکی راستەقینەی کۆمپانیاکەی بدەرێ و بڵێ: ئەمە بەرهەمەکەمانە، سێ ڕۆژت لەبەر دەستدایە بۆ ئەوەی بزانیت چۆن بازاڕسازی و فرۆشی بۆ دەکەیت.
  • ئەنجامدانی ڕۆڵگێڕان لەسەر کڕیارێکی ناڕازی: تاقیبکەرەوە چۆن مامەڵە لەگەڵ کێشەی کڕیار یان ڕەتکردنەوەی نرخدا دەکات.
  • پرسینی پرسیاری ڕەفتاری: لەبری (فرۆشتنی قەڵەمێک)، بپرسە: گەورەترین ڕەتکردنەوە کە لە کارەکەی پێشووتدا تووشت بوو چی بوو و چۆن چارەسەرت کرد؟

 

 

قسەی کۆتایی

  • کاتی ئەوە هاتووە بزنسەکانی کوردستان لە تەکتیکە کۆنەکانی فرۆشتن دووربکەونەوە. فرۆشیار لەمڕۆدا ڕاوێژکارە، ناچارکەر نییە.
  • کۆمپانیای سەرکەوتوو ئەو کۆمپانیایەیە کە بەدوای کەسێکدا دەگەڕێت توانای گوێگرتن، تێگەیشتن لە بازاڕ هەروەها کێشەکانی کڕیار دەستنیشان بکات و چارەی بۆ بدۆزێتەوە، نەک کەسێک کە تەنیا شارەزای قسەی ئاڵتونی و بریقەدار بێت.
  • ئامۆژگاری بۆ خوازیارانی کار: چاوپێکەوتن لە خولەکی یەکەمەوە دەست پێناکات، بەڵکو لەو ساتەوە دەست پێدەکات کە لە ماڵەوە لێکۆڵینەوە لەسەر بەرهەمەکانی ئەو کۆمپانیایە دەکەیت کە بۆی دەچیت!

کۆمێنتێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *