کام پێوەرانەی فرۆش بەهای ڕاستەقینەی بزنسەکەت دەردەخەن؟

کام پێوەرانەی فرۆش بەهای ڕاستەقینەی بزنسەکەت دەردەخەن؟

 

 

لە جیهانی هاوچەرخی بازاڕگەری و فرۆشتندا، تێگەیشتن لە ئامارەکان بووەتە مەرجێکی سەرەکی بۆ مانەوە. بەڵام کێشەی گەورەی زۆربەی خاوەنکاران ئەوەیە کە بەدەست (ئاماری ڕووکەش Vanity Metrics)ەوە دەپوکێنەوە.

ئەم ئامارانە سەرنجڕاکێشن، حەز لە شانازیی خاوەنکار دەکەن و لە ڕاپۆرتەکاندا بە گەورەیی دەردەکەون، بەڵام لە واقیعدا هیچ زانیارییەکی بەسوود لەسەر تەندروستیی بزنسەکە پێشکەش ناکەن.

 

بۆ ئەوەی بزنسەکەت لەسەر زەمینەیەکی ڕەق بنیاد بنێیت، پێویستە جیاوازی بکەیت لە ڕاستییەکانی ناو ژمارەکان و ئەو ژمارانەی تەنها فێڵت لێدەکەن:

 

١.ئامارە ڕووکەشەکان:

ئەم ئامارانە وا لێکدەدرێنەوە کە بزنسەکەت بەخێرایی گەشە دەکات، بەڵام لە ڕاستیدا ناتوانن بڕیاری ستراتیژییان لەسەر بدرێت و گەرەنتیی هاتنی پارە بۆ ناو سندوقی کۆمپانیاکەت ناکەن.

  • ژمارەی فۆڵۆوەر، ڵایک و کۆمێنت: بەرزبوونەوەی ئەم ژمارانە هەستێکی باش بە بەڕێوەبەر دەبەخشێت، بەڵام فۆڵۆوەر یەکسان نیە بە کڕیار. هیچ بانکێک یان دابینکەرێک ڵایکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەک پارە وەرناگرێت.

 

  • سەردانیکەرانی وێبساێت (Website Traffic): سەردانیکردنی هەزاران کەس بۆ ماڵپەڕەکەت بەهایەکی نییە ئەگەر ئەو سەردانیکەرانە نەکڕن. جەنجاڵی بێ کڕین تەنها خەرجیی سێرڤەرەکەت زیاتر دەکات.

 

  • داگرتنی ئەپلیکەیشن (Downloads): داگرتنی ئەپەکەت لەلایەن هەزاران کەسەوە هیچی لێ سەوز نابێت ئەگەر بەکارهێنەران دوای چەند خولەکێک ئەپەکە بسڕنەوە (Uninstall) یان بەکاری نەهێنن.

 

  • داهاتی گشتی (Gross Revenue): ئاسانە بڵێیت: (ئەم مانگە ۲۰,۰۰۰ دۆلار فرۆشم هەبووە)، بەڵام ئەگەر تێچووە گشتییەکانت ۲۱,۰۰۰ دۆلار بێت، ئەوا بە کردار بزنسەکەت زیاندەکات.

 

 

٢.ئامارە تەندروستەکان (Actionable Metrics):

ئەم پێوەرانە ئاڕاستەی دروستی بزنسەکە دیاری دەکەن و ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە دارایی و گەشەی درێژخایەنی کۆمپانیاکەتەوە هەیە.

١. هاوکێشەی CAC بەرامبەر LTV

  • تێچووی بەدەستهێنانی کڕیار (CAC – Customer Acquisition Cost): تێکڕای ئەو پارەیەی لە ڕیکلام، مارکێتینگ و مووچەی فرۆشیاران خەرجی دەکەیت تا یەک کڕیاری نوێ پەیدا بکەیت.

 

  • بەهای تەمەنی کڕیار (LTV – Lifetime Value): تێکڕای ئەو قازانجەی لە تەواوی ماوەی پەیوەندییدا لە یەک کڕیار بەدەستی دەهێنیت. واتە کڕیارەکە بۆ ماوەی چەند کڕیاری ئێمەیە و کڕین لە ئێمە دەکات.

 

  • یاسای زێڕینی گەشە: پێویستە بەهای تەمەنی کڕیار LTV بەلایەنی کەمەوە ٣ بەرامبەری تێچووی بەدەستهێنانی کڕیارەکە CACبێت. ئەگەر خەرجیی هێنانی کڕیار لە قازانجی کڕیارەکە زیاتر بوو، بە هەر فرۆشێک بزنسەکەت تووشی داڕمان دەبێتەوە.

 

٢. ڕێژەی گۆڕین (Conversion Rate):

ئەم ئامارە نیشانی دەدات کە چەند ڕێژەی سەدی لەو کەسانەی سەردانی پەیج، وێبساێت یان شوێنی کارەکەت دەکەن، بە کرداری پارە دەدەن و دەبنە کڕیار.

 

٣. ڕێژەی جێهێشتن (Churn Rate):

ئەم پێوەرە نیشانی دەدات لە ماوەیەکی دیاریکراودا چەند ڕێژەی سەدی لە کڕیارە کۆنەکانت بەکارهێنانی خزمەتگوزارییەکانت دەوەستێنن. بزنسە سەرکەوتووەکان دەزانن کە ڕاگرتنی کڕیاری کۆن ٥ تا ٧ بەرامبەر هەرزانترە لە پەیداکردنی کڕیاری نوێ، بۆیە ڕێگریکردن لە جێهێشتنی کڕیار ئامارێکی حەیاتییە.

 

٤. قازانجی سافی (Net Profit Margin):

ئەمە ئەو بڕە پارە ڕاستەقینەیەیە کە لە دوای دانی تەواوی خەرجییەکان (کڕینی کاڵا، مووچە، کرێ، ڕیکلام، باج) لە ناو کۆمپانیاکەدا دەمێنێتەوە. داهات تەنها دیاردەیەکی ڕووکەشە، بەڵام قازانجی پاک واقیعی سەربەخۆیی بزنسەکەیە.

 

٥. سووڕی گەڕانەوەی نەقد (Cash Conversion Cycle):

ئەمە ئەو ماوە زەمەنییەیە کە دەخایەنێت تا ئەو پارەیەی لە کڕینی کاڵا یان کەرەستەی خاودا خەرجی دەکەیت، بە فرۆشتن و وەرگرتنەوەی پارەکە بگەڕێتەوە ناو سندوقی کۆمپانیاکەت. کورتتربوونی ئەم سووڕە گەرەنتیی ئەوە دەدات کە بزنسەکەت تووشی کێشەی سیولە (نەقدینە) نەبێتەوە.

 

 

دەرئەنجام

جیاوازیی نێوان بزنسێکی سەرکەوتوو و بزنسێک کە لە لێواری داڕماندایە، لە تێگەیشتنی خاوەنکارەکەی دەبینرێت بۆ ئەم ئامارانە.

کاتێک بەدواداچوونی هەفتانە یان مانگانە بۆ بزنسەکەت دەکەیت، لە خۆت بپرسە: ئایا ئەم ژمارەیە یارمەتیم دەدات بڕیارێکی كرداری بۆ باشترکردنی فرۆشم بدەم، یان تەنها هەستێکی کاتیی خۆشم پێدەبەخشێت؟) ئەگەر دووەمیان بوو، ژمارەکە فڕێبدە و سەرنجت بخەرە سەر ئەو ئامارانەی پارە و مانەوە بۆ بزنسەکەت دەهێنن.

کۆمێنتێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *