چۆن وەک دکتۆرەکان بفرۆشیت؟

چۆن وەک دکتۆرەکان بفرۆشیت؟

 

زۆربەی فرۆشیارەکان هەڵەیەکی باو دەکەن؛ ئەوان هەوڵ دەدەن بە هه‌موو هێزێک كاڵاکەیان بەسەر کڕیاردا بسەپێنن و تەنها باسی باشی و جوانیی کاڵاکانیان دەکەن. بەڵام ئایا سەرنجت داوە کاتێک سەردانی پزیشکێک دەکەیت، بارودۆخەکە چۆنە؟

پزیشک بێزارت ناکات بە کڕینی دەرمان، بەڵکو سەرەتا گوێت لێ دەگرێت، پشکنین دەکات، کێشەکەت بۆ دەستنیشان دەکات و پاشان چارەسەرت پێ دەدات، تۆش بەوپەڕی دڵخۆشییەوە پارەی پشکنین و دەرمانەکە دەدەیت.

ئەگەر دەتەوێت فرۆشت بەرزبکەیتەوە و کڕیارەکانت باوەڕت پێ بکەن، پێویستە ستراتیژیی فرۆشتنەکەت بگۆڕیت و وەک پزیشکێک بفرۆشیت.

 

لەم وتارەدا بە ٤ خاڵ فێر دەبیت کە چۆن ئەم پڕۆسەیە بەکاربهێنیت بۆ ئەوەی بزنسەکەت بەرەو لوتکە ببەیت:

١.دەستنیشانکردنی کێشە پێش ناساندنی کاڵا (دکتۆر دەرمان پێش پشکنین نادات):

هەڵەی سەرەکیی فرۆشیارەکان ئەوەیە کە دەست بە ڕیکلام و پێناسەکردنی کاڵاکەیان دەکەن پێش ئەوەی بزانن کڕیارەکە پێویستی بە چییە.

  • پزیشک چۆن دەکات؟ نەخۆش دەچێتە ژوورەوە و پزیشکەکە پرسیار دەکات: ئازارت لە کوێیە؟ چەند کاتژمێرە وایە؟
  • تۆ چی دەبێت بکەیت؟ لە فرۆشدا، دەبێت سەرەتا کێشە یان ئازاری کڕیارەکە بدۆزیتەوە. بۆ نموونە:

ئەگەر کاڵایەکی پاککەرەوەت هەیە، باسی پێکهاتەی کاڵاکە مەکە، بەڵکو باسی ماندووبوونی ئافرەتان بکە لە پاککردنەوەی ماڵدا. کاتێک کڕیار هەستی بەوە کرد کە تۆ کێشەکەی دەزانیت، نیوەی ڕێگەی فرۆشت بڕیوە.

 

٢. سادەکردنی پرۆسەی کڕین (نابێت پرۆسەی کڕین ئاڵۆز بکرێت):

یەکێک لە خاڵە هەرە گرنگەکان لە فرۆشی سەرکەوتوودا ئەوەیە که پرۆسەکە قورس نەکرێت. کاتێک کڕیار دێتە لای تۆ (جا لە ناو دووکاندا یان لە ئۆنلاین)، ئەگەر ڕێکارەکانی کڕین، وەرگرتنی زانیاری، یان گەیاندن زۆر ئاڵۆز بێت، کڕیارەکە پاشگەز دەبێتەوە.

  • ڕێگەی بدە کڕین لە لای تۆوە هێندە ئاسان بێت وەک چۆن نەخۆشێک دەرمان لە دەرمانخانە وەردەگرێت.
  • زانیاریی زۆر و سەرلێشێوێنەر لە کاتی فرۆشدا مەدە بە کڕیار، تەنها ئەوەی پێ بڵێ کە کێشەکەی بۆ چارەسەر دەکات.

 

٣. بنیاتنانی متمانە لە پڕۆسەی فرۆشدا:

کەواتە با بپرسم؛ بۆچی نەخۆش بە چاوی ڕێز و متمانەی تەواوەوە سەیری پزیشک دەکات؟

چونكە دەزانێت پزیشکەکە بۆ قازانجی خۆی دەرمانی بۆ نانوسێت، بەڵکو بۆ تەندروستییەتی. ئەمە لە کاتێکدا پزیشکەکەش قازانج دەکات.

لە بزنسیشدا، کڕیار دەبێت هەست بکات قازانجی ئەم لە پێش قازانجی فرۆشیارە؛ هەردوولاش قازانج دەکەن.

 

  • کاتێک ڕاوێژی ڕاستەقینە بە کڕیارەکەت دەدەیت و پێی دەڵێیت: (ئەم کاڵایە لە ئێستادا بۆ تۆ گونجاو نییە، ڕەنگە ئەوەی ترت بۆ باشتر بێت)، تۆ لێرەدا متمانەیەکی پۆڵایین دروست دەکەیت.
  • کڕیار لە کوردستان کاتێک متمانەی پێکردیت، نەک تەنها بۆ جارێکی تر دەگەڕێتەوە، بەڵکو دەبێتە ڕکلامێکی خۆڕایی و تۆ بە خەڵکی تریش دەناسێنێت.

 

  1. گۆڕینی تێڕوانین لە فرۆشەوە بۆ خزمەتکردنی کڕیار:

زۆرێک وا بیردەکەنەوە که ئامانجی بزنس تەنها کۆکردنەوەی پارەیە، بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە کە پارە ئەنجامی خزمەتکردن و چارەسەرکردنی کێشەی خەڵکە.

پزیشک لەسەر بنەمای چارەسەرکردنی ئازاری نەخۆش پاداشت دەکرێت؛ تۆش وەک فرۆشیار یان خاوەنکار، کاڵا یان خزمەتگوزارییەکەت وەک دەرمانێک سەیر بکە کە کێشەیەک لە ژیانی کڕیارەکەت چارەسەر دەکات.

 

 

دەرئەنجام

فرۆشتن هونەرێکە پێویستی بە تێگەیشتن لە دەروونی مرۆڤەکان هەیە، نه تەنها بەکارهێنانی قسەی ڕازاوە.

ئەگەر فێربیت وەک پزیشکێک گوێ لە کڕیار بگریت، کێشەکەیان بۆ دەستنیشان بکەیت و بە ڕاستگۆییەوە چارەسەریان پێشکەش بکەیت، ئەوا نەک تەنها فرۆشت زیاد دەکات، بەڵکو دەبیتە خاوەنی پێگەیەکی بەهێز و ناوبانگێکی درەوشاوە.

 

کۆمێنتێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *