چۆن لە ڕێگەی فرۆشی تەلەفۆنی کڕیاری ناڕازی دەکەیتە دۆستی هەمیشەیی؟
لە جیهانی بزنسی ئەمرۆدا، بەتایبەت لە بازاڕی چالاک و پڕ لە ڕکابەریی کوردستاندا، پەیوەندی تەلەفۆنی تەنها ئامرازێک نییە بۆ ناساندنی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان؛ بەڵکو پردێکی سەرەکییە بۆ دروستکردنی متمانە.
زۆرجار وا بیر دەکرێتەوە کە فرۆشی تەلەفۆنی (Telemarketing) تەنها بۆ قسەکردنە لەگەڵ کڕیاری نوێ، بەڵام ڕاستییە تاڵەکە ئەوەیە:
بەهێزترین تاقیکردنەوەی ستافی فرۆشتن ئەو کاتەیە کە کڕیارێکی ناڕازی یان توڕە تەلەفۆن دەکات.
کڕیاری ناڕازی کێشە نییە، بەڵکو دەرفەتێکی زێڕینە! ئەگەر بزانیت چۆن لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە مامەڵەی لەگەڵ دەکەیت، دەتوانیت گەورەترین ڕەخنەگر بکەیتە دڵسۆزترین کڕیاری کۆمپانیاکەت.
لەم وتارەدا بە ٥خاڵ باس لەوە دەکەین چۆن فرۆشی تەلەفۆنی دەبێتە فریادڕەس لەم دۆخانەدا:
١.گوێگرتنی چالاک (پێش ئەوەی قسە بکەیت، گوێ بگرە):
کڕیاری خۆمان کاتێک سكاڵا دەکات، پێش هەر شتێک دەیەوێت هەست بەوە بکات کە لێی تێدەگەیت و کێشەکەی بە گرنگ وەردەگیرێت. گەورەترین هەڵەی نوێنەری فرۆشتن ئەوەیە کاتێک کڕیارەکە قسە دەکات، ئەو بکەوێتە پاساو هێنانەوە.
- چی بکەین؟
ڕێگە بدە کڕیارەکە تەواوی غەمی خۆی خاڵی کاتەوە. تەنانەت ئەگەر هەڵەش بێت، قسەکەی پێ مەبڕە. بەکارهێنانی وشەی وەک:
- تێدەگەم لێت
- مافی خۆتە
- دڵنیابە چارەسەری دەکەین
هێمنکەرەوەی یەکەمی پەیوەندییەکەن.
تبینییەکی زۆر گرنگ: کاتێک دەڵێن با کڕیارەکە قسەی خۆی بکات هەتا ئەگەر هەڵەشبوو مەبەستمان لەوەیە کە سنوری تۆش نەبەزێنێت و وشەی ناشرین بە کارنەهێنێت، بەڵکوو گلەی بکات. دەبێت ئەوە بزانین کە هەموو کەس کڕیاری ئێمە نییە.
٢. گۆڕینی تۆن و ئاوازی دەنگ:
لە پشت تەلەفۆنەوە، کڕیار چاوی لێمان نییە، کەواتە تەنها ئامراز کە بڕیاری لەسەر بدات (دەنگمانە). ئەگەر کڕیارەکە بە دەنگێکی بەرز و توڕە قسەی کرد، وەڵامدانەوە بە دەنگێکی سارد یان بەربەرەکانێکار، کێشەکە گەورەتر دەکات.
- چی بکەین؟
تۆنی دەنگت هێمن، لەسەرخۆ و پڕ لە متمانە بێت. بە نەرمی قسە بکە بەڵام بە شێوازێک کە کڕیارەکە هەست بکات تۆ خاوەنی چارەسەریت، نەک تەنها فەرمانبەرێک کە دەیەوێت تەلەفۆنەکە دابخات.
٣. خێرا لێکۆڵینەوە و دەستنیشانکردنی کێشەکە:
فرۆشیاری تەلەفۆنیی سەرکەوتوو وەک پزیشکێک وایە؛ خێرا نیشانەکانی نەخۆشییەکە دەخوێنێتەوە. ئایا کێشەی کڕیارەکە لە:
- کوالیتی بەرهەمەکەیە؟
- دواکەوتنی گەیاندنە؟
- مامەڵەی خراپی ستاف بووە؟
- چی بکەین؟
پرسیاری ڕوون و کورت بکە. بۆ نموونە: پێم بڵێ کێشەکە ڕێک لە چ کاتێکدا ڕوویدا بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ بەدواداچوونی بۆ بکەم؟.
ئەمە نیشانی دەدات کە تۆ دەتەوێت کێشەکە چارەسەر بکەیت، نەک تەنها کات بکوژیت.
٤. پێشکەشکردنی چارەسەری خێرا و ڕاستەقینە:
لە بازاڕی کوردستاندا، کڕیار حەزی بە بەڵێنی دوور و درێژ نییە (سەیری دەکەین، ئەم هەفتەیە وەڵامت دەدەینەوە). کڕیارەکە دەیەوێت بزانێت ڕێک ئێستا چی بۆ دەکرێت.
- چی بکەین؟
چارەسەرێکی ڕوون بخەرە بەردەستی. ئەگەر پێویستی بە گۆڕینی کاڵاکەیە، پێی بڵێ:
سبەی نوێنەری گەیاندنمان دێتە خزمەتت و بەبێ هیچ تێچوویەک بۆت دەگۆڕێت. پێشکەشکردنی قەرەبوویەکی بچووک (وەک داشکاندن بۆ کڕینی داهاتوو یان دیارییەک) توڕەیی کڕیارەکە بە تەواوی دەکوژێنێتەوە.
٥. پاراستنی پەیوەندی و بەدواداچوون:
ئەمە ئەو خاڵەیە کە کۆمپانیا سەرکەوتووەکان لەوانی تر جیا دەکاتەوە. دوای ئەوەی کێشەکە چارەسەر بوو، چەند ڕۆژێک دواتر نوێنەری فرۆشی تەلەفۆنی پەیوەندی بە کڕیارەکەوە دەکاتەوە.
- چی بکەین؟
تەلەفۆنێکی بۆ بکەرەوە و بڵێ: ویستم دڵنیابمەوە کە ئایا لە چارەسەری کێشەکەت ڕازیت و هەموو شتێکت بەدڵتە؟.
ئەم پەیوەندییە کورتە وای لێدەکات هەست بكات کە گرنگترین کڕیاری تۆیە، و زۆرجار بەهۆی ئەم ڕێزەوە، لە کڕیارێکی ناڕازییەوە دەبێتە باشترین ڕیکلامکەر بۆ بزنسەکەت لە نێوان دۆست و ناسیاویدا.
دەرئەنجام
کڕیاری ناڕازی دوژمنی بزنسەکەت نییە، بەڵکو تەنها کەسێکە کە متمانەی بە خزمەتگوزارییەکەت هەبووە و ئێستا نائومێد بووە؛ بەکارهێنانی دروستی تەلەفۆن و ڕەچاوکردنی لایەنی دەروونی کڕیار، باشترین دەرفەتە بۆ ئەوەی بیسەلمێنیت کە بزنسەکەی تۆ شایەنی هەمیشە هەڵبژاردنە.