چۆن تۆنی دەنگ لە فرۆشی تەلەفۆنیدا مامەڵەکان یەکلایی دەکاتەوە؟
لە بازاڕی هاوچەرخی کوردستاندا، پێشبڕکێی نێوان کۆمپانیاکان گەیشتووەتە لووتکە. کاتێک کڕیارێک بە تەلەفۆن پەیوەندی پێوە دەکەیت، تۆ ناتوانیت بە:
- جلوبەرگێکی ڕێکپۆش.
- بزەیەکی سەر لێو.
- شوێنێکی ڕازاوە.
سەرنجی ڕابکێشیت. لەو چرکەساتەدا، تۆ تەنها یەک ئامرازی سەرەکیت لەبەردەستدایە بۆ نواندنی پرۆفیشناڵیی خۆت و کۆمپانیاکەت، ئەویش (تۆنی دەنگتە).
توێژینەوەکانی بواری پەیوەندی و فرۆشتن دەری دەخەن کە لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکاندا،:
- تەنها %١٣ی کاریگەرییەکە پەیوەندی بەو (وشانەوە) هەیە کە دەیانڵێیت،
- لە کاتێکدا %٨٧ی کاریگەرییەکە ڕاستەوخۆ بەستراوەتەوە بە (چۆنیەتی قسەکردن و تۆنی دەنگتەوە).
کەواتە چۆن دەنگت بکەیتە کلیلێک بۆ کردنەوەی دڵی کڕیار و داخستنی فرۆشەکان؟
لەم وتارەدا بە ٥ خاڵ بابەتەکحە ڕوون دەکەینەوە:
١. زەردەخەنەیەک کە هەستی پێبکرێت:
ڕەنگە سەیر بێت، بەڵام کڕیار دەتوانێت لە پشت تەلەفۆنەکەوە هەست بە گرژی یان زەردەخەنەی دەموچاوت بکات. کاتێک بە مۆنی و بێتاقەتی قسە دەکەیت، دەنگت گران و نەرێنی دەبێت.
چارەسەری خێرا: پێش ئەوەی ژمارەکە لێبدەیت، هەناسەیەکی قووڵ هەڵکێشە و ڕوخسارت ئارام بکەرەوە. کاتێک بە ڕاستی زەردەخەنە دەکەیت، دەنگت دەکرێنەوە هەروەها گەرموگوڕی و وزەیەکی ئەرێنی لێ دەبارێت، ئەمەش یەکەم هەنگاوە بۆ شکاندنی بەستەڵەکی نێوان تۆ و کڕیارەکە.
٢. خێرایی قسەکردن: نە شەمەندەفەر بە نە کیسەڵ
لە بازاڕی کوردستاندا، کڕیار پێویستی بە متمانەیە. ئەگەر زۆر خێرا قسە بکەیت، کڕیار وا هەست دەکات دەتەوێت شتێکی بەسەردا ساغ بکەیتەوە و ڕابکەیت، یان نیشانەی شڵەژانی تۆیە. ئەگەر زۆر خاویش بیت، کڕیار بێزار دەبێت و سەرنجی نامێنێت.
هاوسەنگی: بە سەرەخۆ و بە ڕوونی وشەکان دەربڕە. کاتێک دەگەیتە خاڵە گرنگەکانی وەک (سوودی بەرهەمەکە یان نرخ)، کەمێک خێراییەکەت کەم بکەرەوە تا گرنگیی بابەتەکە بگات.
٣. بەرز و نزمیی دەنگ:
خوێندنەوەی دەقێکی نووسراو بە یەک ئاستی دەنگ، بکوژی هەرە گەورەی فرۆشە. ئەگەر دەنگت هەمیشە لەسەر یەک هێڵی تەخت بێت، کڕیارەکە دوای ٣٠ چرکە گوێت لێ ناگرێت.
تەکنیکی پێشکەوتوو: کاتێک باسی کێشەکانی کڕیار دەکەیت، تۆنی دەنگت با نیشانەی هاوسۆزی بێت (کەمێک نزم و لەسەرخۆ).
کاتێکیش دەگەیتە چارەسەرەکە و دەتەوێت دڵنیایی بدەیت، تۆنی دەنگت با بەرزتر، پتەوتر و پڕ بێت لە دڵنیایی و حەماسەت.
٤. هونەری بێدەنگیی کاتی:
زۆر کەس پێیان وایە فرۆشیاری سەرکەوتوو ئەو کەسەیە کە مەجالی هەناسەدان ناداتە کڕیار. بەڵام ڕاستییەکە پێچەوانەکەیەتی. بێدەنگیی کاتی (بۆ ماوەی ١ تا ٢ چرکە) دوای وتنی زانیارییەکی گرنگ، هێزێکی سیحرى بە قسەکانت دەبەخشێت.
بۆ نموونە: دوای ئەوەی دەڵێیت: «ئەم سیستەمە %٣٠ی خەرجییەکانی کۆمپانیاکەت کەم دەکاتەوە…» (لێرەدا دوو چرکە بێدەنگ بە). ئەم بێدەنگییە دەرفەت دەداتە مێشکی کڕیارەکە کە بیر لە قەبارەی ئەو دەستکەوتە بکاتەوە.
٥. وەک کڕیار بە:
مرۆڤەکان حەز دەکەن کڕین لەو کەسانە بکەن کە لە خۆیان دەچن. ئەگەر کڕیارەکەت کەسێکی بەتەمەن و لەسەرخۆ بوو، نابێت تۆ بە وزەیەکی گەنجانەی زۆر خێرا قسەی لەگەڵ بکەیت.
بە پێچەوانەشەوە، ئەگەر کڕیارەکە گەنجێکی خێرا و بازرگان بوو، نابێت کاتی بە قسەی درێژ و خاو بگریت.
یاساکە: لە چەند چرکەی یەکەمدا گوێ لە شێوازی قسەکردنی کڕیارەکە بگرە و بە شێوەیەکی سروشتی، خێرایی و تۆنی دەنگت لەگەڵ ئەودا هاوئاهەنگ بکە.
دەرئەنجام
لە فرۆشی تەلەفۆنیدا، بەرهەمەکەت هەرچەندە بەهێز بێت، ئەگەر بە:
- تۆنێکی لاواز
- شەرمن
- پێداگر و بێزارکەر
پێشکەش بکرێت، شکست دەهێنێت. دەنگی تۆ دەربڕی متمانە بەخۆبوون و ڕاستگۆیی تۆیە. کاتێک فێری کۆنترۆڵکردنی تۆنی دەنگت دەبیت، دەبینیت کە چۆن ڕێژەی ڕەتکردنەوەی پەیوەندییەکانت کەم دەبێتەوە و کڕیارەکان بە متمانەیەکی زیاترەوە گوێت بۆ دەگرن.