ناوەڕۆک (کۆنتێنت Content) چییە لە جیهانی سۆشیاڵ میدیادا؟

ناوەڕۆک (کۆنتێنت) چییە لە جیهانی سۆشیاڵ میدیادا؟

 

ئەگەر لەم ساڵانەی دواییدا گوێبیستی ووشەی (ناوەڕۆک یان کۆنتێنت) بوویت و بە تەواوی بۆت ڕوون نەبووەتەوە کە مەبەست لێی چییە، ئەوا بە زمانێکی زۆر سادە و بازاڕی: ناوەڕۆک واتا هەموو ئەو شتانەی کە تۆ ڕۆژانە لەسەر شاشەی مۆبایلەکەت دەیانبینیت، دەیانبیستیت و دەیانخوێنیتەوە.

 

لە جیهانی سۆشیاڵ میدیادا، هەر پۆستێک کە دەیکەیت:

  • چی وێنەیەک بێت.
  • ڤیدیۆیەکی کورت بێت.
  • نووسینێکی سەرنجڕاکێش بێت.

تەنانەت ستۆرییەکی سادە پێی دەوترێت ناوەڕۆک. ناوەڕۆک ئەو زمانەیە کە تۆ لە ڕێگەیەوە لەگەڵ خەڵک و کڕیارەکانتدا قسەی پێدەکەیت.

 

 

بۆ ئەوەی بابەتەکە ڕوونتر بێت، لە سۆشیاڵ میدیادا سێ جۆری سەرەکیمان لە ناوەڕۆک هەیە:

 

 

١. ناوەڕۆکی بینراو (ڤیدیۆ و وێنە):

ئەمە بەهێزترین جۆری کۆنتێنتە لە بازاڕی کوردستاندا. ڤیدیۆ کورتەکان (وەک ڕێڵز و تیکتۆک) یان وێنەی بەرهەمەکان دەگرێتەوە. خەڵک حەز دەکات بە چاوی خۆی کاڵاکە یان خزمەتگوزارییەکە ببێنێت پێش ئەوەی بڕیاری کڕین بدات.

ڕیڵز (Reels): ئەو کورتە ڤیدیۆیە کە لە سۆشیاڵ میدیاکان بڵاو دەکرێتەوە، بە گشتی لە یەک خولەک کەمترە.

 

 

٢. ناوەڕۆکی نووسراو (دەق و کۆپیڕایتینگ):

ئەو نووسینەیە کە هاوشانی وێنە یان ڤیدیۆکە بڵاوی دەکەیتەوە (کە پێی دەوترێت کاپشن). نووسینی باش ئەو دەقەیە کە سەرنجی کڕیار ڕادەکێشێت، نرخ و زانیارییەکان بە ڕوونی باس دەکات، و بە زمانێکی شیرینی کوردی نووسراوە کە هانی خەڵک دەدات نامە بنێرن.

 

کۆپیڕایتینگ (Copywriting): بە زمانێکی زۆر سادە و بازاڕی کۆپیڕایتینگ واتا هونەری نووسینی دەق بۆ ڕاکێشانی کڕیار و زیادکردنی فرۆش. کۆپیڕایتینگ ئەو نووسینە سەرنجڕاکێشەیە کە تۆ لە ژێر (پۆستەکان، ناو ڕیکلامەکان، یان سەر وێبسایتەکەت) دایدەنێیت، بە جۆرێک کە خوێنەر هان بدات کارێک بکات؛ بۆ نموونە: نامە بنێرێت، کاڵایەک بکڕێت، یان پەیجەکەت فۆڵۆو بکات.

 

تێبینی گرنگ: ڕەنگە هەندێک کەس بڵین کۆپیڕاتینگ و کۆپیڕایت جیاوازی چییە؟

کۆپیڕایت (Copyright): پاراستنی مافی خاوەن بەرهەمە (ڕێگری دەکات لە دزینی گۆرانی و ڤیدیۆ).

کۆپیڕایتینگ (Copywriting): هونەری نووسینی دەقی ڕیکلامییە بۆ ڕاکێشانی کڕیار.

 

 

٣. ناوەڕۆکی بیستراو (دەنگ و پۆدکاست):

ئەو موزیکە ترێندانە، یان ئەو دەنگە ڕوونەیە کە لەسەر ڤیدیۆکان دایدەنێیت بۆ ئەوەی پەیامەکەت بە گوێی بیسەردا بگات.

 

بۆچی ناوەڕۆک لە سۆشیاڵ میدیادا هێندە گرنگە؟

لە بازاڕی کۆندا، بازرگانەکان دوکانی گەورەیان لە شوێنی قەرەباڵغ دادەنا بۆ ئەوەی خەڵک بیانبینێت. بەڵام لە ئێستادا، پەیجی سۆشیاڵ میدیاکەت دوکانەکەتە، و (ناوەڕۆکەکەت) تابلۆ و جامی دوکانەکەتە. ئەگەر ناوەڕۆکەکەت سەرنجڕاکێش و بەسوود نەبێت، خەڵک بەبێ وەستان بە لایدا تێپەڕ دەبێت.

 

 

کۆتا ووشە:

ناوەڕۆکی سەرکەوتوو تەنها بۆ ئەوە نییە پۆستێک بکەیت و بڵێیت (منیش هەم)؛ بەڵکو دەبێت (زانیارییەک، چارەسەرێک یان زەردەخەنەیەک ببەخشێتە بەکارهێنەر).

هەر پەیج و بزنسێک بتوانێت ناوەڕۆکێکی کوالێتی بەرز و بەسوود پێشکەش بە کڕیار بکات، بەبێ دوودڵی دەبێتە یەکێک لە پڕفرۆشترین و متمانەپێکراوترین براند لە بازاڕدا.

 

کۆمێنتێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *