فۆڵۆو ئەپ (Follow-up) لە فرۆشدا چییە؟

فۆڵۆو ئەپ (Follow-up) لە فرۆشدا چییە؟

بە زمانێکی سادە، فۆڵۆو ئەپ واتە بەدواداچوون. ئەوە ئەو پڕۆسە ڕێکخراوەیە کە تێیدا فرۆشیار دوای یەکەم پەیوەندی، دیسانەوە هێڵی پەیوەندی لەگەڵ کڕیاردا دروست دەکاتەوە (جا بە تەلەفۆن بێت، نامەی واتسئەپ وە ئیمەیڵ).

 ئامانجی ئەمە تەنها ئەوە نییە بکڕێت، بەڵکو ئامانجەکەی هێشتنەوەی ناوی کۆمپانیاکەتە لە مێشکی کڕیاردا و وەڵامدانەوەی ئەو پرسیار و گومانانەیە کە ڕەنگە لە دوای تەلەفۆنی یەکەم بۆی دروست بووبێت.

لەم وتارەدا باسی گرنگی فرۆڵۆو ئەپ دەکەین:

بۆچی فۆڵۆو ئەپ گرنگە؟

کڕیاری کوردی حەز بە پەلەپۆزی ناکات؛ ئەو پێویستی بە متمانە هەیە. کاتێک تۆ بەدواداچوون بۆ کڕیارەکەت دەکەیت، دوو پەیامی ناڕاستەوخۆی پێدەگەیەنیت:

١.تۆ جددیت لە کارەکەتدا: پیشەییبوونی خۆت و کۆمپانیاکەت دەسەلمێنیت.

٢.کڕیارەکە لای تۆ گرنگە: نیشانی دەدەیت کە تەنها چاوت لە پارەکەی نییە، بەڵکو دەتەوێت کێشەکەی بۆ چارەسەر بکەیت.

 یاسا زێڕینەکانی فۆڵۆو ئەپ لە فرۆشتنی تەلەفۆنیدا:

ئەگەر دەتەوێت بەدواداچوونەکانت بێزارکەر نەبن و ئەنجامیان هەبێت، ئەم خاڵانە جێبەجێ بکە:

 ١.کاتەکە دیاری بکە: لە کۆتایی تەلەفۆنی یەکەمدا، هەرگیز مەڵێ (دواتر تەلەفۆن دەکەمەوە). بەڵکو بڵێ:

کاک/خانمی بەڕێز، بۆ ئەوەی کاتت نەگرم، گونجاوە ڕۆژی پێنجشەممە کاتژمێر ٤ی ئێوارە پەیوەندیت پێوە بکەمەوە بۆ وەرگرتنی بڕیاری کۆتاییت؟

٢.زانیاری نوێ پێشکەش بکە: کاتێک بۆ جاری دووەم تەلەفۆن دەکەیتەوە، تەنها مەیە سەر هێڵ و بڵێیت (چی بوو؟). دەتوانیت بڵێیت:

(پەیوەندیم پێوە کردیتەوە چونکە ئۆفەرێکی نوێمان هاتووە کە پێم وایە ڕێک بۆ بزنسەکەی تۆ دەشێت).

٣.گوێگر بە، نەک تەنها قسەکەر: ڕێگە بدە کڕیارەکە هۆکاری دوودڵییەکەی ڕوون بکاتەوە. ئایا کێشەی نرخی هەیە؟ یان پێویستی بە کاتی زیاترە؟ کاتێک گوێ دەگریت، دەتوانیت کلیلی ڕازیبوونی بدۆزیتەوە.

دەرەنجام

فۆڵۆو ئەپ جیاوازی نێوان فرۆشیاری سەرکەوتوو و فرۆشیاری ئاساییە.

لە بازاڕی ئێستای کوردستاندا کە کڕیار بژاردەی زۆری لەبەردەمدایە، ئەو کۆمپانیایە دەبێتە براوە کە بە شێوازێکی زانستی و ڕێزدارانە لەسەر هێڵ دەمێنێتەوە. تەلەفۆنی یەکەم تەنها تۆوی فرۆشتنەکەیە، بەڵام فۆڵۆو ئەپ ئەو ئاوەیە کە بەرهەمەکەت بۆ پێدەگەیەنێت.

کۆمێنتێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *