فرۆشی تەلەفۆنی چ ڕۆڵێکی هەیە لە بزنسدا؟

فرۆشی تەلەفۆنی چ ڕۆڵێکی هەیە لە بزنسدا؟

لە سەردەمی ئەمڕۆدا، کە سۆشیاڵ میدیا، ڕیکلامی فەیسبووک، ئینستاگرام بازاڕیان تەنیوە، ڕەنگە زۆر کەس وا بیر بکەنەوە کە تەلەفۆنکردن بۆ کڕیار شێوازێکی کۆن بووە. بەڵام ڕاستییەکە پێچەوانەکەیەتی؛ لە بازاڕی کوردستاندا، کە پەیوەندی کۆمەڵایەتی و متمانەی شەخسی ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕن (فرۆشی تەلەفۆنی هێشتا یەکێکە لە بەهێزترین چەکەکان بۆ گەشەکردنی هەر بزنسێک).
هەربۆیە فرۆشی تەلەفۆنی پردە نادیارەکەی نێوان بزنس وە کڕیارە لە کوردستان. کڕیاری کورد حەز دەکات گوێی لە دەنگی فرۆشیار بێت، پرسیار بکات و وەڵامی ڕاستەوخۆ وەربگرێت.

لەم وتارەدا بە ٤ خاڵی گرنگ ئەو ڕۆڵانە دەخەینە ڕوو کە فرۆشی تەلەفۆنی لە سەرکەوتنی بزنسەکەتدا دەیگێڕێت:

١. دروستکردنی متمانەی ڕاستەقینە:

نامەی سەر سۆشیاڵ میدیا یان نامەی ئۆتۆماتیکی (بۆت) هەرگیز ناتوانن ئەو گەرمی و متمانەیەیە ببەخشن کە دەنگی مرۆڤێک دەیبەخشێت. کاتێک بە ڕێز و زمانێکی شیرین تەلەفۆن بۆ کڕیارێک دەکەیت، ئەو هەست دەکات کە لە پشت ئەم براندەوە کەسانی بەرپرسیار و ڕاستەقینە هەن. ئەمەش یەکەم هەنگاوە بۆ ئەوەی کڕیارەکە دوودڵی بشکێنێت و بڕیاری کڕین بدات.

٢.تێگەیشتنی خێرا لە پێداویستی کڕیار:

لە ڕێگەی چاتەوە کاتێکی زۆر بەفیڕۆ دەچێت تا تێدەگەیت کڕیارەکە بە ڕاستی چی دەوێت. بەڵام لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی دوو خولەکیدا، دەتوانیت گوێ لە کێشە و داواکارییەکانی بگریت، پێشنیاری گونجاوی بۆ بکەیت و ڕێکبکەون.ئەم کورتکردنەوەی کاتە، هەم بۆ تۆ هەم بۆ کڕیارەکەش گرنگە.

تێبینی گرنگ:

وەک دەزانین کڕین هەستە وە هەستەکانیشمان بەردەوام گۆڕانکاری بەسەردێت. بۆ ئەوەی کڕیار  هەستی کڕینەکەی بمێنێت، دەبێت زوو بگەین بە کڕیار وە کارەکانی بۆ جێبەجێ بکەین، کە ئەمە بە پەیوەندی تەلەفۆنی خێراتر دەکرێت نەک نە چات و نامەی دەنگی.

٣. زیندووکردنەوەی کڕیارە کۆنەکان:

زۆرجار کڕیارەکان پێشتر شتێکیان لێ کڕیویت و پاشان تۆیان لەبیر چووەتەوە. تەلەفۆنێکی کورت:

  • بۆ چاکوچۆنی.
  • پێشکەشکردنی داشکاندنێکی تایبەت.
  • ئاگادارکردنەوەیان لە هێنانی کاڵای نوێ.

دەبێتە هۆی ئەوەی ئەو کڕیارە جارێکی تر بگەڕێتەوە بۆ لات. تێچووی هێشتنەوەی کڕیارێکی کۆن هەمیشە کەمترە لە دۆزینەوەی کڕیارێکی نوێ.

تێبینی:

 کریارەکە هەست بە تایبەتی دەکات لای تۆ وە حەزدەکات هاوڕێ وە نزیکەکانیشی بهێنێت بۆ لای تۆ تا ئەوانیش ببینن کە چۆن تۆ ڕێزی لێ دەگرییت. بەمەش کڕیاری دڵسۆزترت بۆ دروست دەبێت.

٤. چارەسەرکردنی ڕەخنە و گومانەکان:

کڕیار پێش کڕین، چەندین گومان لە مێشکیدا هەیە وەک :

  • ئایا کوالیتییەکەی باشە؟
  • ئەی ئەگەر تێکچوو چۆن بیگۆڕمەوە؟

لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە، فرۆشیارێکی لێهاتوو دەتوانێت بە شێوازێکی قایلکەر و لەسەرخۆ وەڵامی هەموو گومانەکان بداتەوە هەروەها متمانەی کڕیارەکە بەدەست بهێنێت. بە باشی بۆ کڕیارەکەی ڕوون بکاتەوە کە کاڵاکە چۆن کار دەکات هەروەها کوالتی تا چەند بەرزە. ئەمەش جگە لەوەی کە ئەم گفتووگۆیە وا دەکات بۆ ماوەیەکی درێژ لە ناو مێشکی کڕیارەکە بمانهێڵێتەوە.

قسەی کۆتایی:

فرۆشی تەلەفۆنی تەنها ژمارە لێدان و قسەکردن نییە، بەڵکو هونەری دروستکردنی پەیوەندییە. لە بازاڕی خۆماندا، ئەگەر ئەم هۆکارە بە شێوازێکی زانستی و لەسەرخۆ بەکاربهێنرێت، دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی ڕێژەی فرۆش بە شێوەیەکی بەرچاو و ناوی بزنسەکەت لەناو کڕیاراندا بە بەرزی دەهێڵێتەوە.

پرسیار!

(تۆ لە بزنسەکەی خۆتدا چەند پشت بە تەلەفۆن دەبەستیت؟ لە کۆمێنت پێمان بڵێ)

کۆمێنتێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *