فرۆشی تەلەفۆنی لەگەڵ چ پیشەیەکدا دەگونجێت؟
لێهاتوویی لە (فرۆشی تەلەفۆنی) تەنها بۆ ئەو کەسانە نییە کە نازناوی فەرمییان فرۆشیارە. لە ڕاستیدا، ئەم کارامەیییە:
- توانای قسەکردن.
- ڕازیکردن.
- چارەسەرکردنی ناڕەزایەتییەکان لە ڕێگەی دەنگەوە.
هێزێکی گەورە بە چەندین پیشەی تر دەبەخشێت. ئەگەر خاوەنی ئەم لێهاتووییە بیت، دەتوانیت لە چەندین بواری جیاوازدا سەرکەوتنی گەورە بەدەستبهێنیت.
لە هەموو پیشەکاندا بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ ( فرۆشی تەلەفۆنی) و گفتووگۆکان دەبرێتەوە پەیوەندی.
لەم وتارەدا ٦ گرنگترین ئەو پیشانە دەخەینە ڕوو کە بە تەواوی لەگەڵ فرۆشی تەلەفۆنیدا دەگونجێن و تەواکەری یەکترن:
١. ڕاوێژکارانی خانووبەرە (Real Estate):
خانوو یەکێکە لە گرانبەهاترین کاڵاکان لە بازاڕدا، و هیچ کڕیارێک بەبێ قسەکردن و دروستکردنی متمانە پارە لە پرۆژەیەکدا وەبەرناهێنێت. بریکاری خانووبەرە کە لێهاتوویی تەلەفۆنی هەبێت، دەزانێت چۆن لە چەند خولەکێکی کەمدا سەرنجی وەبەرهێنەر ڕابکێشێت و ڕازی بکات کە سەردانی شوێنەکە بکات.
٢. پەیجە ئۆنڵاینەکان:
لە ئێستادا بزنسی ئۆنلاین زۆر فراوان بووە. زۆر کات کڕیار لە کۆمێنت یان نامەدا دوودڵە؛ لێرەدا ئەو ئەدمینەی کە لێهاتوویی تەلەفۆنی هەیە، ڕاستەوخۆ ژمارەی کڕیارەکە وەردەگرێت و لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە بە شێوازێکی پڕۆفیشناڵ کاڵاکەی پێ دەفرۆشێت و داواکارییەکەی وەردەگرێت.
٣. کارمەندانی خزمەتگوزاری کڕیاران:
ئەرکی سەرەکی ئەمانە چارەسەرکردنی کێشەی کڕیارە بێزاربووەکانە. لێهاتووییەکانی فرۆشی تەلەفۆنی (وەک گوێگرتنی چالاک و کۆنترۆڵکردنی تۆنی دەنگ) یارمەتی ئەم کارمەندانە دەدات کێشەکان کەم بکەنەوە، و تەنانەت لە کاتی چارەسەرکردنی کێشەکەدا، خزمەتگوزارییەکی نوێتری کۆمپانیاکەش بە کڕیارەکە بفرۆشن.
٤. فۆتۆگرافەر، دیزاینەر و فریلانسەرەکان:
فریلانسەرەکان (ئەوانەی بە سەربەخۆ کار دەکەن) تەنها خزمەتگوزاری پێشکەش ناکەن، بەڵکو دەبێت خۆشیان بسەلمێنن! فریلانسەرێک کە هونەری گفتوگۆی تەلەفۆنی بزانێت، زۆر خێراتر و ئاسانتر دەتوانێت خاوەن کۆمپانیاکان ڕازی بکات کە پڕۆژەی دیزاین، پڕۆگرامسازی، یان مۆنتاژەکەیان بدەنە دەستی ئەو.
٥. نوێنەرانی پزیشکی و دەرمانسازی:
نوێنەرانی دەرمان ڕۆژانە سەردانی پزیشکان و دەرمانخانەکان دەکەن، بەڵام کاتی پزیشکەکان زۆر سنووردارە. لێهاتوویی تەلەفۆنی یارمەتی دەدات کە پێشوەختە لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە کاتێکی کورت بەڵام زێڕین لە پزیشکەکە وەربگرێت و سەرنجی ڕابکێشێت بۆ ئەو دەرمانە نوێیەی کە دەیفرۆشێت.
٦. ڕێکخەرانی بۆنە و گەشتوگوزار:
فرۆشتنی بلیت بۆ کۆنسێرت و کۆنفڕانسەکان، هەروەها ڕازییکردنی گەشتیاران بۆ کڕینی پاکێجێکی گەشتیاری گرانبەها، پێویستی بە هێزی قایلکردن هەیە لە پشت تەلەفۆنەوە. ئەم پیشانە بە تەواوی پشت بە توانای دروستکردنی وێنای جوانی گەشتەکە یان بۆنەکە دەبەستن لە مێشکی کڕیاردا لە ڕێگەی دەنگەوە.
قسەی کۆتایی
لێهاتوویی فرۆشی تەلەفۆنی تەنها بۆ کارکردن لە (Call Center) نییە، بەڵکو کارامەیییەکی گواستراوەیە بۆ ئەو پەیام و ئامانجەی کە بزنسەکەت هەیەتی. لە هەر پیشەیەکدا بیت کە پێویستت بە ڕازیکردنی بەرامبەر بێت بۆ ئەوەی بڕیارێک بدات، ئەم لێهاتووییە دەرگای سەرکەوتنی گەورەت بۆ دەکاتەوە و داهاتت چەند هێندە دەکات.