فرۆشتنی تەلەفۆنی لەگەڵ  Gen Z و Millennials لە بازاڕی کوردستاندا

فرۆشتنی تەلەفۆنی لەگەڵ  Gen Z و Millennials لە بازاڕی کوردستاندا

 

سەرکەوتنی فرۆشتنی تەلەفۆنی لە بازاڕی کوردستاندا بەندە بە یەک یاساوە:

ناتوانیت بە یەک سیناریۆ و یەک شێوازی قسەکردن، سەرنجی هەموو تەمەنەکان ڕابکێشیت. مرۆڤەکان بەپێی تەمەنیان، سایکۆلۆژیا و پێوەری جیاوازیان بۆ کڕین هەیە. ئەگەر دەتەوێت لە تەلەفۆنەکانتدا سەرکەوتوو بیت، دەبێت بزانیت چۆن زمانت لە نێوان نەوەی نوێ (Gen Z) و نەوەی پێگەیشتوو (Millennials) دەگۆڕیت.

 

 

لەم وتاردا بە کورتی باسی ئەم بابەتە دەکەین:

 

 

١. نەوەی نوێ (Gen Z: تەمەن ١٥ بۆ ٢٩ساڵ)

(پاراستنی سنوورەکان، خێرایی، و پەیوەندیی ناڕاستەوخۆ)

 

ئەم نەوەیە لە ناو جیهانی سۆشیاڵ میدیا و خێراییدا گەورە بوون؛ بۆ ئەوان، پەیوەندی تەلەفۆنی کتوپڕ لە لایەن ژمارەیەکی نەناسراوەوە وەک بێزارکردن دەبینرێت. گەنجی ئەم سەردەمە حەزی بە پێشەکی درێژ و گفتووگۆی فەرمی نییە.

زیاتر حەزیان بە نامەی دەنگی هەروەها چاتە. هەربۆیە ئەگەر زیاتر بە چات یان نامەی دەنگی کەوتە سەر هێڵ لەگەڵت، ئاسایی تۆش بە نامە وەڵامی بدەوە بەڵام با خێرایی نامەکەت زۆربێت و زوو وەڵامی بدەوە.

 

ستراتیژی فرۆشتن: لە یەکەم دە چرکەدا بڕۆ سەر کرۆکی بابەتەکە و پێیان بڵێ ئەم بەرهەمە چۆن کاتیان بۆ دەگەڕێنێتەوە یان ژیانیان هاوچەرختر دەکات.

تەکنیکی زێڕین: کارکی باشە  بەشێكی بابەتی پەیوەندییەکە بگۆڕیت بۆ نامە. دوای ناساندنێکی کورت، پێیان بڵێ: (بۆ ئەوەی کاتت بۆ بگەڕێنمەوە، دەکرێت کورتەی کارەکەمان یان ڤیدیۆیەکی بەرهەمەکەت لە واتسئەپ بۆ بنێرم لەوێ سەیرێکی بکەیت؟) بەمە زۆر ئاسوودە دەبن و باشتر وەڵام دەدەنەوە.

 

تێبینی: هەندێک کات ئەم نامەیە ڕەنگە هەر سەیری نەکات یان وەڵامت نەداتەوە، بۆیە باشترە لە کاتی پەیوەندی بابەتێک بهێڵیتەوە وا بکات سەیری نامەکە بکات.

 

 

٢. نەوەی پێگەیشتوو (Millennials: تەمەن ٢٩ بۆ ٤٤ ساڵ)

(لۆژیکی بازاڕ، بەهای ڕاستەقینە، و متمانەی پرۆفیشناڵ)

 

ئەم نەوەیە لە ئێستادا خاوەن کار، بەڕێوەبەر، یان سەرۆکی خێزانن لە کوردستان. ئەوان زۆر پڕاکتیکین، کاتیان کەمە، و زۆر بە ئاسانی هەست بە ڕیکلامی زیادەڕۆ و درۆینە دەکەن. بۆیە تەنها لەو شوێنەدا پارە خەرج دەکەن کە دڵنیابن سوودێکی ڕاستەقینەی هەیە.

 

ستراتیژی فرۆشتن: تۆنی دەنگت دەبێت تەواو پڕۆفیشناڵ، جدی و پڕ لە متمانە بێت. حەزیان بە قسەی گشتی وەک (ئێمە باشترینین)نییە، بەڵکو حەزیان بە ژمارە و بەڵگەیە. بۆ نموونە پێیان بڵێ:

(ئەم سیستمی کەمکردنەوەی تێچووە یارمەتیت دەدات پاشەکەوتی ١٥٪ لە خەرجیی مانگانەی کارەکەتدا بکەیت).

تیشکبخەرە سەر: گەرەنتی، خزمەتگوزاری دوای فرۆشتن، و لایەنە ئابوورییەکانی بەرهەمەکە. وەک ڕاوێژکارێکی دڵسۆز قسەیان لەگەڵ بکە، نەک تەنها فرۆشیارێک کە دەیەوێت شتێکیان پێ بفرۆشێت.

 

 

دەرەنجام

 

پێش ئەوەی پەنجە بە دوگمەی پەیوەندییەکەدا بنێیت، چرکەیەک بیر لە تەمەنی کڕیارەکەت بکەرەوە. ئەگەر گەنجێکی Gen Z بوو، کورت و ڕاستەوخۆ بە و ڕێگا بۆ گفتوگۆی دیجیتاڵی خۆش بکە؛ بەڵام ئەگەر Millennial بوو، بە بەڵگەی بەهێز، لۆژیک، و پێشکەشکردنی بەهای ڕاستەقینە بچۆ پێشەوە. گونجاندنی ستراتیژ لەگەڵ تەمەنی کڕیار، نھێنیی دوو هێندەبوونی فرۆشتنەکانتە.

کۆمێنتێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *