بۆچی ژمارە ١  لە بزنسدا مەترسیدارە؟ 

 بۆچی ژمارە ١  لە بزنسدا مەترسیدارە؟ 

لە جیهانی بەڕێوەبردن و بزنسدا، زۆرجار وەک دەستکەوت سەیری ژمارە ١ دەکرێت وەک:

  • یەکەم بوون لە بازاڕ
  • یەکەمین براند
  • باشترین بەرهەم

بەڵام لە ڕووی بەردەوامی و ستراتیژییەوە، ژمارە یەک بە ژمارەی مەرگ دادەنرێت. ئەگەر بزنسەکەت لەسەر بناغەی ژمارە یەک وەستاوە، تۆ لە ناوچەی مەترسیدایت.

کەواتە ژمارە یەک چییە و بۆچی مەترسیدارە؟

وەک دەزانین لە دنیای بزنسدا ئێمە پێویستمان بە بەرهەم و کڕیاریش هەیە، کڕیارەکان داواکاری دەکەن و بزنسەکانیش دابینی دەکەن. تا ئێرە هەموو شت ئاساییە بەڵام مەترسی لەم ٣  حاڵە دەست پێدەکات کە:

  • بزنسێک پشت بە یەک کڕیاری سەرەکی 
  • یەک بەرهەم سەرەکی 
  • یەک کارمەند ببەستێت کە لە بوارێک شارەزابێت و کەسی تر نەبێت جێی بگرێتەوە ئەگەر ئەم کارمەندە بوونی نەبێت لە بزنسەکەدا.

لەم وتارەدا بە ٤ خاڵ باسی ئەو ژمارە یەکانە دەکەین کە  بزنسدا مەترسیدارە:

۱. پشتبەستن بە یەک کڕیاری گەورە:

زۆرێک لە کۆمپانیاکان دڵخۆشن بەوەی گرێبەستێکی گەورەیان لەگەڵ کڕیارێکی دەوڵەمەند هەیە کە ٨٠٪ی داهاتیان دابین دەکات. بەڵام ئەمە مەترسیدارە!

چی دەبێت ئەگەر ئەو کڕیارە بڕیار بدات چیتر کارت لەگەڵ نەکات یان تووشی قەیرانی دارایی ببێت؟

بزنسەکەی تۆ لە ماوەی شەو و ڕۆژێکدا دەڕووخێت.

تێبینیەکی گرنگ: هەمیشە هەوڵ بدە لیستی کڕیارەکانت هەمەجۆر بکەیت.

٢. یەک سەرچاوەی دابینکردن:

ئەگەر تەنها یەک کارگە یان یەک بازرگان کەرەستەی خاوت بۆ دابین بکات، تۆ کڕیاری ئەو نیت، بەڵکو بارمتەی ئەویت. هەر کێشەیەک لە گواستنەوە، بەرزبوونەوەی نرخ، یان داخستنی ئەو سەرچاوەیە، واتە کۆتایی بەرهەمهێنانی تۆ.

٣. یەک بەرهەمی سەرەکی:

ئەو کۆمپانیایانەی تەنها یەک جۆر بەرهەمیان هەیە، لەبەردەم گۆڕانکارییەکانی تەکنەلۆژیادا زۆر لاوازن. بیر لە کۆمپانیاکانی فیلمی فۆتۆگرافی بکەرەوە کە نەیانتوانی بەرهەمی تریان هەبێت کاتێک کامێرای دیجیتاڵ هاتە کایەوە.
تێبینی: ناڵێن هەموو جۆرە بەرهەمێکمان هەبێت؛ بەڵکو دەڵین لە بواری خۆماندا بەرهەممان زۆربێت.

٤. یەک کارمەندی کلیلی:

ئایا بزنسەکەت تەنها لەسەر عەقڵ و ماندووبوونی یەک کەس وەستاوە؟ ئەگەر ئەو کەسە (کە ڕەنگە خودی خۆت بیت) نەخۆش بکەوێت یان گەشت بکات، کارەکان دەوەستن؟

ئەگەر وایە، تۆ بزنست نییە، بەڵکو تۆ خاوەنی کاریکی قورسیت.

تێبینی: سیستمی کارکردن دروست بکە تاوەکو کارەکان بەبێ کەسی دیاریکراویش بڕۆن بەڕێوە.

کەواتە چارەسەر چییە؟

بۆ ئەوەی بزنسەکەت بۆ ماوەیەکی دریژ بمینێتەوە، دەبێت ئەم سێ بنەمایە جێبەجێ بکەیت:

پلان و جێگرەوە: بۆ هەر سەرچاوەیەک، دەبێت بەدیلێکت هەبێت. ئەگەر یەکەم شکستی هێنا، دووەم کار بکات.

دابەشکردنی داهات: هەوڵ بدە داهاتی کۆمپانیاکەت لە چەندین سەرچاوەی جیاوازەوە بێت (فرۆشتنی ڕاستەوخۆ، ئۆنلاین، خزمەتگوزاری چاککردنەوە، هتد).

سیستم سازی: کارەکان مەبەستەوە بە کەسەکانەوە، بەڵکو بیبەستەوە بە سیستمێک کە هەموو کارمەندێکی شارەزا بتوانێت بەڕێوەی ببات.

ئاگاداربە!

لە بزنسدا، یەک یەکسانە بە سفر. ئەگەر تەنها یەک ڕێگەت هەبێت بۆ سەرکەوتن، تەنها یەک هەنگاوت ماوە بۆ شکست. هەمیشە پرسیار لە خۆت بکە: ئەگەر ئەمڕۆ ئەم سەرچاوەیە نەما، چی ڕوودەدات؟ ئەگەر وەڵامەکەت (کارەسات)بوو، کەواتە کاتی گۆڕانکارییە.

کۆمێنتێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *