کاتێک کەسێک بیر لە دروستکردنی بزنس دەکاتەوە یەکەم ترسی شکستە، شکستی بزنسەکان ئامارێکی ترسناکی هەیە لە جیهاندا؛ کە لە هەر ١٠ بزنسێکی نوێدا، تەنها یەک دانەیان دەتوانێت لە ساڵی یەکەم دەربازی ببێت و بەردەوام بێت لە بازاڕەکەدا.
ئەو ڕاستییەی کە لە پشت ئەم شکستەوەیە زۆر قوڵترە لە هەبوونی پارە یان بیانووی ئەوەی ئەو کەسەی سەرکەوتوو بووە بە بەخت بووە.
لم مەقالەیەدا باسی ئەو ٥ هۆکارە سەرەکییە دەکەین کە دەبنە هۆی ڕووخانی بزنسە نوێیەکان:
١. نەبوونی کڕیار:
یەکێک لە گەورەترین هۆکار بۆ شکستی بزنسەکان ئەوەیە: کە خاوەنبزنس لە هەڵبژاردنی بزنسەکەیدا ئەوەندەی گرنگی بە حەز و ویستی خۆی داوە ئەوەندە گرنگی بە پێویستی ئەم شتە نەداوە لە بازاڕدا، هەر بۆیە ئەگەر هەیە ئەو شتەی کە بزنسەکەی پێشکەشی دەکات کڕیاری نەبێت.
- هەڵەکە: دروستکردنی چارەسەر بۆ کێشەیەک کە بوونی نییە.
- چارەسەر: پێش خەرجکردنی یەک دینار، لێکۆڵینەوە بکە ئایا خەڵک ئامادەن پارە بەم کاڵایە بدەن؟
٢. خەرجکردنی پارەی زۆر:
پارە وەک خوێن وایە بۆ بزنس. زۆرێک لە خاوەنکارەکان هەموو سەرمایەکەیان لە دیکۆر و ئامێر و ڕیکلامی سەرەتایدا خەرج دەکەن و هیچ بڕە پارەیەک بۆ بەڕێوەبردن ناهێڵنەوە.
- هەڵەکە: پێشبینیکردنی قازانجی خێرا لە مانگەکانی سەرەتادا.
- چارەسەر: دەبێت لانی کەم بودجەی ٦ مانگی بەڕێوەبردنت لەبەردەست بێت بێ ئەوەی چاوەڕێی قازانج بیت.
٣. هەڵبژاردنی تیمێک کە گونجاو نەبن:
ناتوانیت بزنسێک بە تەنها بەڕێوە ببەیت. زۆرێک لە شکستەکان بەهۆی ئەوەوەیە کە خاوەنکار کەسانێک دادەمەزرێنێت کە تەنها “ناسین یان خزمایەتییان” هەیە، نەک “لێهاتوویی”.
- هەڵەکە: کارکردن لەگەڵ کەسانێک کە هەمان لێهاتوویی تۆیان هەیە (بۆ نموونە هەردووکتان تەنها لە فرۆشتن باشبن و کەستان لە ژمێریاری نەزانن).
- چارەسەر: تیمەکەت دەبێت تەواوکەری یەکتر بن.
٤. پشتگوێخستنی کڕیار و فیدباک:
هەندێک خاوەنکار ئەوەندە شەیدای بیرۆکەکەی خۆیانن، ئامادە نین گوێ لە ڕەخنەی کڕیار بگرن. ئەگەر کڕیار پێت بڵێت “ئەمە گرانە” یان “کوالێتی باش نییە” و تۆش گۆڕانکاری نەکەیت، بزنسەکەت ماوەیەکی زۆر نامێنێتەوە.
- هەڵەکە: پێداگری لەسەر پلانە کۆنەکە لە کاتێکدا بازاڕ گۆڕاوە.
- چارەسەر: وەک ئاو وابە، بەپێی ویستی کڕیار شێوازی کارکردنت بگۆڕە.
٥. لاوازی مارکێتینگ:
دەکرێت باشترین کاڵای جیهانت هەبێت، بەڵام ئەگەر کەس نەزانێت بوونت هەیە، کەس لێت ناکڕێت. زۆرێک لە بزنسەکان تەنها “دوکانێک دەکەنەوە” و چاوەڕێ دەکەن کڕیار خۆی بێت.
- هەڵەکە: دانەنانی بودجە و پلانی ورد بۆ ناساندنی بزنسەکە.
- چارەسەر: مارکێتینگ خەرجی نییە، بەڵکو وەبەرهێنانە. دەبێت دەنگت بگاتە کڕیارە ڕاستەقینەکانت.
کورتەیەک بۆ ئەوەی نەبیتە بەشێک لەو ٩٠٪ـە:
سەرکەوتنی بزنس لە “دەستپێکردنی گەورە”دا نییە، بەڵکو لە “بەردەوامیی” و “فێربوونی خێرا”دایە. ئەوانەی لە ساڵی یەکەم دەربازیان دەبێت، ئەو کەسانەن کە زوو هەڵەکانیان دەدۆزنەوە و پێش نوقمبوونی کەشتییەکە، ڕێڕەوەکەی دەگۆڕن.