بۆچی ناوەڕۆک (کۆنتێنت) پاشای بێتاجە لە سۆشیاڵ میدیادا؟
لە بازاڕی ئەمڕۆدا، کێبڕکێی نێوان بزنسەکان چیتر لەسەر ئەوە نییە کێ دوکانەکەی گەورەترە یان ڕیکلامی گرانبەها تر دەکات. کێبڕکێی ڕاستەقینە لەسەر یەک شتە: (کێ دەتوانێت باشترین و بەهێزترین ناوەڕۆک (کۆنتێنت) پێشکەش بکات؟)
ئەگەر پەیجەکەت ناوەڕۆکی بەهێزی تێدا نەبێت، وەک ئەوە وایە دوکانێکی گەورەت لە ناوەڕاستی بازاڕدا کردبێتەوە بەڵام دەرگاکەت قوفڵ دابێت و جامەکانت ڕەش کردبێت.
لەم وتارەدا گرنگیی هێزی ناوەڕۆک، بەتایبەت ناوەڕۆکی ڤیدیۆیی، بۆ مانەوە و گەشەکردنی کارەکەت دەخەینە ڕوو بە ٤ خاڵ:
١.کڕیار بەبێ بینین بڕیار نادات:
کڕیاری ئەمڕۆی کورد زۆر زیرەک و چاوکراوەیە؛ تەنها بە بینینی وێنەیەکی سادە یان نووسینی (کوالێتی بەرزە) قەناعەت ناکات. کاتێک تۆ ناوەڕۆکێکی ڤیدیۆیی بەهێز بڵاو دەکەیتەوە کە تێیدا سوودەکانی کاڵاکەت یان شێوازی کارکردنی خزمەتگوزارییەکەت نیشان دەدەیت، متمانەیەکی ئەوتۆ دروست دەکەیت کە هیچ ڕیکلامێکی نووسراو ناتوانێت بینووسێت. (ڤیدیۆ کڕیار دەهێنێتە ناو جیهانی تۆوە و کارێک دەکات هەست بکات کاڵاکە لە دەستیدایە).
نموونەیەک لە بازاڕی جلوبەرگدا لەجیاتی بڵاوکردنەوەی وێنەیەکی سادەی کراسێک لەسەر عەلاگە:
- ڤیدیۆیەکی ١٥ چرکەیی دابنێ کە تێیدا مۆدێلێک کراسەکەی پۆشیوە.
- پێشان دەدات چۆن لەبەردا دەوەستێت.
- یان قوماشەکەی لە نزیکەوە نیشان بدە.
- پێشنیاری بکە کە چۆن لەگەڵ ڕەنگەکانی تردا ڕێک بخرێت. ئەم ڤیدیۆیە فرۆشتنی کراسەکە دەکات بە سێ هێندە!
٢. ناوەڕۆک لەجیاتی تۆ و بەبێ ماندووبوون دەفرۆشێت:
تۆ ناتوانیت ٢٤ کاتژمێر بە پێوە بوەستیت و قسە بۆ کڕیارەکانت بکەیت، بەڵام ڤیدیۆ و پۆستەکانت دەتوانن! ناوەڕۆکێکی زانیاریبەخش و سەرنجڕاکێش،
تەنانەت لەو کاتانەشدا کە تۆ خەوتوویت، (لەسەر سۆشیاڵ میدیا دەسوڕێتەوە هەروەها وەڵامی پرسیاری کڕیارەکانت دەداتەوە، قەناعەتیان پێدەهێنێت و ئامادەیان دەکات بۆ کڕین).
نموونەیەک لە پەیجەکانی فرۆشتنی ئۆنلاین (ئامێری کارەبایی یان پێداویستی ناوماڵ):
کاتێک ڤیدیۆیەکی کورتی فێرکاری دەکەیت لەسەر شێوازی بەکارهێنانی ئامێرێکی چێشتخانە و فێری دەکەیت چۆن بە ئاسانی پاکی بکاتەوە، کڕیار لە ڕێگەی ئەم ناوەڕۆکەوە بێ ئەوەی یەک پرسیارت لێ بکات متمانە دەکات و یەکسەر دێتە دایرێکت بۆ کڕینی بەرهەمەکە.
٣. ڕاکێشانی کڕیاری خۆڕاییە:
لە کاتێکدا زۆربەی پەیجەکان دەیان و سەدان دۆلار لە ڕیکلامی پارەداردا بەفیڕۆ دەدەن بێ ئەوەی ئەنجامێکی ئەوتۆیان هەبێت، کۆنتێنتی ڤیدیۆیی داهێنەرانە (بەتایبەت ڕێڵز) بەبێ خەرجکردنی یەک دۆلار دەگاتە دەستی هەزاران کڕیاری نوێ لە کوردستاندا.
ئەلگۆریتمی سۆشیاڵ میدیا هەمیشە خەڵاتی ئەو پەیجانە دەکات کە ڤیدیۆی سەرنجڕاکێش دروست دەکەن و خۆی ڤیدیۆکانیان بە گشت شارەکاندا بڵاو دەکاتەوە.
٤. چارەسەرکردنی کێشەی کڕیار پێش ئەوەی خۆی هەستی پێبکات:
هێزی ڕاستەقینەی ناوەڕۆک لەوەدایە کە تەنها هاوار ناکات (بکڕە!)، بەڵکو کێشەیەک لە ژیانی ڕۆژانەی کڕیاردا دەستنیشان دەکات و کاڵاکەت وەک چارەسەری کۆتایی نیشان دەدات. کاتێک بەکارهێنەر دەبینێت تۆ لە کێشەکەی تێدەگەیت و ڕێگەچارەی پێشان دەدەیت، چیتر سەیری نرخ ناکات، بەڵکو یەکسەر بڕیاری کڕین دەدات.
نموونەیەک لە بواری جوانکاری و کۆسمەتیک، لەجیاتی بڵاوکردنەوەی وێنەی سیرومێکی پێست، ناوەڕۆکێک دروست بکە لەسەر:
- کێشەی چرچبوونی پێست لە کاتی گۆڕانی وەرزەکاندا.
- پێستی ماندووی کڕیارەکە نیشان بدە.
- پیشانی بدە چۆن بە بەکارهێنانی سیرومەکە پێستەکە گەشاوە دەبێتەوە. لێرەدا تۆ تەنها کرێم نافرۆشیت، بەڵکو جوانی و گەەنجی دەفرۆشیتەوە بە کڕیارەکە.
ناو دۆخی ئێستای بازاڕی کوردستاندا، بێدەنگی یان بڵاوکردنەوەی پۆستی سارد و وشک، کوشندەترین هەڵەیە بۆ هەر بزنسێک. ئەو پەیجانەی داهاتووی بازاڕەکە کۆنترۆڵ دەکەن، تەنها ئەوانەن کە بە بەردەوامی و بە شێوازێکی زانستی، ناوەڕۆکی ڤیدیۆیی بەهێز و پڕ لە زانیاری پێشکەش دەکەن.