بزنس پێش هاتنی ئەنتەرنێت
ئەمڕۆ کە سەیری بازاڕ دەکەین، هەموو شتێک بە مۆبایل و ئینتەرنێت بەڕێوە دەچێت؛ لە ناردنی کاڵاوە تا ڕیکلامی فەیسبووک و ئینستاگرام. بەڵام پرسیارەکە ئەمەیە: پێش ئەوەی ئەنتەرنێت بێتە ناو ژیانمانەوە، کاسبکار و بازرگانە سەرکەوتووەکان چۆن کاریان دەکرد و چۆن کاڵاکانیان دەفرۆشت؟
تێگەیشتن لە شێوازی کاسبیی کۆن، تەنیا گێڕانەوەی مێژوو نییە، بەڵکو فێربوونی ئەو بنەما زێڕینانەیە کە تا ئەمڕۆش کڕیاری کورد بەلای خۆیدا ڕادەکێشێت.
لەم وتارەدا بە ٤ خاڵ باسی بنەما زێڕینییەکانی بزنس دەکەین کە بۆ هەمیش ڕۆڵی گرنگیان هەیە:
١. متمانە و ناوبانگی باش (ڕیکلامی دەم بە دەم):
پێش سەردەمی سۆشیاڵ میدیا، گەورەترین سەرمایەی هەر کاسبکارێک (ناو و ناوبانگ) بوو. کاتێک کڕیارێک بە دڵخۆشی لە دوکانێک دەچووە دەرەوە، خۆی دەبووە ڕیکلام بۆ ئەو بزنسە و خزم و هاوڕێکانی دەهێنایە ئەوێ.
لە بازاڕی ئێستای کوردستاندا، سەرەڕای هەزاران ڕیکلامی سپۆنسەر، هێشتا کڕیاری کورد زیاتر متمانە بە قسەی ناسیاوێک دەکات نەک شاشەی مۆبایلەکەی. ڕەوشتی جوان و ڕێزگرتن، کۆنترین و بەهێزترین جۆری بازاڕکردنە.
٢. هونەری زمانشیرینی و ڕووخۆشی (فرۆشتنی ڕووبەڕوو):
کاسبکارانی کۆن چاویان لە شاشە و داتا نەبوو؛ ئەوان دەیانزانی چۆن لە ڕوخسار و چاوی کڕیارەکە تێبگەن. (زمانشیرینی، ڕووخۆشی هەروەها ناسینی تەبیعەتی کڕیار) تاقە چەک بوو بۆ فرۆشتنی کاڵاکان.
ئەم لێهاتووییە مرۆییە لە بازاڕی ئێستاماندا خاڵی جیاکەرەوەی نێوان دوکاندارێکی سەرکەوتوو و شکستخواردووە؛ چونکە کڕیاری کورد پێش ئەوەی کاڵاکە بکڕێت، دڵی بە فرۆشیارەکە دەکرێتەوە.
- بۆ نموونە: ئێمە هەندێک کات لە هاوڕێی و ناسراوی خۆمانمان بیستووە یان هەتا خۆشمان وتوومانە دەچینە لای فڵان کەسی دووکاندار، حەزئەکەم هەر لەو شت بکڕم.
٣. پەیوەندیی ڕاستەوخۆ و سەردانیکردن:
بۆ ناساندنی بەرهەمی نوێ، بازرگانەکان یان کەتەلۆگی چاپکراویان دەنارد، یان خۆیان و نوێنەرەکانیان ڕاستەوخۆ دەچوونە خزمەت کڕیارەکان. ئەم ڕێگایە پێویستی بە سەبرێکی زۆر و قسەزانین هەبوو تا بتوانیت بەرانبەرەکەت قایل بکەیت کاتت بۆ تەرخان بکات و گوێت لێ بگرێت.
- لە سەردەمی ئێستاشدا هەر ئەم ڕێگەیە باوە و لای خۆمان دەڵێن مەندووب.
٤. بەرچاوخستنی کاڵا لە دوکان:
لە نەبوونی پەیج و پێگەی ئەلیکترۆنیدا، شوێنی دوکانەکە و شێوازی چنینی کاڵاکان لە پێشەوەی دووکانەکە، تاکە هۆکار بوو بۆ ڕاکێشانی سەرنجی ڕێبواران. ڕێکخستنی ناو دوکان و پیشاندانی باشترین بەرهەمەکان بە شێوازێکی سەرنجڕاکێش، وەک هێزێکی موگناتیسی کاری دەکرد بۆ ئەوەی خەڵک بێتە ژوورەوە.
- ئێستاش لە وڵات و شوێنە گەشتیارییەکان هەمان یاسا بەکاردێنن تا سەرنجی گەشتیاران ڕابکێشن و بچنە ناو دووکانەکەیان چ بۆ شت کڕین یان وێنەگرتنبێت.
قسەی کۆتایی
ئەنتەرنێت و تەکنەلۆجیا تەنیا ئامرازی نوێن بۆ خێراکردنی کارەکان، بەڵام بنەمای کڕین و فرۆشتن لای مرۆڤ هەر وەک خۆی ماوەتەوە.
ئەو بزنسانەی لە بازاڕی ئێستای کوردستاندا تەنیا پشت بە (ڕیکلامی ئۆنلاین دەبەستن وە لایەنی متمانەسازی، پەیوەندیی ڕاستەوخۆ و زمانشیرینی) پشتگوێ دەخەن، ناتوانن بۆ ماوەیەکی درێژ لە بازاڕدا بمێننەوە.
- سەرکەوتنی ڕاستەقینە لەوەدایە کە خێراییی تەکنەلۆجیای ئەمڕۆ و ڕەسنایەتیی کاسبیی کۆن پێکەوە گرێ بدەیت.