Karsazy ShadmanKarsazy Shadman

ئەگەر کڕیار نییە چی بکەیت؟

 

لە ناو بازاڕ زۆر جار دەبینین فرۆشیار لە دوکانەکەیدا دانیشتووە، مۆبایلەکەی گرتووە بە دەستەوە و بەردەوام خەریکی سکڕۆڵکردنی تیکتۆک و ئینستاگرامە، لە هەمان کاتیشدا گلەیی دەکات و دەڵێت: نازانم بۆچی فرۆشم نییە، ئەگەر کڕیار نییە چی بکەیت؟

دەڵێت: بابە ڕسق لای خوایە و من لە ماڵیش دابنیشم خوا کە ناردی ئەینێرێت. دیارە ئەوە ڕسقی من نییە فرۆشم زۆربێت.

بەڵام ئەوە بزانە ڕزق بەدڵنیاییەوە لای خوایە، بەڵام خوا یاسای بۆ ئەم جیهانە داناوە!

​خوای میهرەبان یاسای کێشکردنی زەوی داناوە، ئەگەر خۆت لە سەربانی بینایەکەوە فڕێ بدەیتە خوارەوە، بەوەی بڵێیت ژیان لای خوایە ڕزگار دەبیت؟ نەخێر، بەپێی یاساکە دەکەویت و دەمریت!

با ڕاستگۆ بین؛ سکڕۆڵکردن لە تیکتۆک و ئینستاگرام پارەت بۆ پەیدا ناکات! کاتێک کڕیار کەمە، دانیشتن و سەیرکردنی مۆبایل هیچ شتێک ناگۆڕێت، بەڵکو تەنها کاتت دەکوژێت و بێزارترت دەکات. کاتی بێ بازاڕی، باشترین کاتە بۆ ئەوەی مۆبایلەکەت دابنێیت و چەند هەنگاوێکی کرداری بنێیت کە جووڵە بخاتەوە ناو کارەکەت.

 

لەم وتارەدا ٣ خاڵت پێ دەڵێین لە کاتی نەبوونی کڕیاردا لە بری سەیرکردنی مۆبایل، چی بکەیت باشە:

 

١. داشکاندن یان ئۆفەرێکی سەرنجڕاکێش دروست بکە:

کاتێک دوکانەکەت چۆڵە یان پەیجەکەت بێدەنگە، دەبێت هۆکارێک بدەیتە کڕیار تا سەردانت بکات.

داشکاندنێکی کاتی یان ئۆفەرێکی تایبەت لە دوکانەکەت یان پەیجەکەت ڕابگەیەنە. کاتێک خەڵک دەبینن ئۆفەرێکی باش هەیە، جووڵە دەکەوێتە بازاڕەکەتەوە و تەنانەت ئەگەر قازانجیش کەم بێت، دوکانەکەت قەرەباڵغ دەبێتەوە و کڕیاری نوێ دەتناسن.

 

 

٢. بگەڕێوە بۆ ژمارەی کڕیارە کۆنەکانت:

ئایا ژمارەی ئەو کڕیارانەت لایە کە پێشتر شتیان لێ کڕیویت؟

 ئەگەر تا ئێستا کۆت نەکردوونەتەوە، هەر ئێستا دەست پێبکە! پەیوەندییان پێوە بکە یان نامەیەکیان بۆ بنێرە، هەواڵیان بپرسە و ئۆفەرێکی تایبەتیان پێ بدە.

ئەو کەسەی پێشتر متمانەی پێت کردووە و کاڵاکەتی تاقیکردووەتەوە، زۆر ئاسانتر دووبارە کڕین دەکاتەوە وەک لە کڕیارێکی نوێ.

 

٣. ئەگەر تاقەتی ئەمانەت نییە، دوکانەکەت ڕێک بخەرەوە و پاکی بکەرەوە:

ئەگەر هەست دەکەیت ئەمڕۆ وزەی پەیوەندیکردن و ئۆفەر دروستکردنت نییە، هەرگیز بە بێکاری دامەنیشە و مەچۆرە سەر مۆبایل.

هەستە و ناو دوکانەکەت پاک بکەرەوە، ڕەفەکان ڕێک بخەرەوە، تۆزی سەر کاڵاکان بسڕە و شێوازی ڕیزکردنیان بگۆڕە. دوکانێکی پاک، ڕێکوپێک و بۆنخۆش وزەیەکی ئەرێنی دەبەخشێت و وا دەکات کاتێک مشتەری بە بەردەم دوکانەکەتدا تێدەپەڕێت، حەز بکات بێتە ژوورەوە و سەیری کاڵاکانت بکات.

 

ڕەنگە لە دڵی خۆت بڵێت بابە خۆ ڕۆبۆت نیم، یانی چی بێ ئیش دامەنیشە؟

ئێمە ناڵین مۆبایل بەکار مەهێنە یان پشوومەدە بەڵکوو دەڵین کاتەکانت بۆ شتێک بەکاری بهێنە کە پارەت بۆ بهێنێت نەک تەمەنت ببات. سۆشیاڵ میدیا بۆ پەیداکردنی پارەیە نەک کات کوشتن.

 

 

دەرئەنجام

جیاوازی نێوان فرۆشیارێکی سەرکەوتوو و فرۆشیارێکی بێزار، لە چۆنیەتی بەکارهێنانی کاتە چۆڵەکانیدایە.

 لە بری ئەوەی کاتەکانت بە سکڕۆڵکردنی سۆشیال میدیا بەفیڕۆ بدەیت، بیکە بە دەرفەت بۆ دروستکردنی ئۆفەر، پەیوەندی لەگەڵ کڕیارە کۆنەکان یان ڕێکخستنەوەی شوێنی کارەکەت. کاتێک تۆ بجووڵێیت، ڕزق و کڕیاریش بەرەو ڕووت دێن.

 

نوسین: تیمی کارسازی شادمان

کۆمێنتێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *