ئایا لەسەرەتادا پێویستت بە پلانی بزنسی هەیە؟

ئایا لەسەرەتادا پێویستت بە پلانی بزنسی هەیە؟

 

نووسینی پلانی بزنس پێش دەستپێکردن، یەکێکە لەو پرسیارە گەورانەی بەرۆکی هەموو خاوەنکارێک دەگرێت. هەندێک پێیان وایە بەبێ پلان چوونە ناو بازاڕ خۆکوژییە، بەشێکی دیکەش پێیان وایە جیهانی بزنس ئەوەندە خێرا دەگۆڕێت کە نووسینی دەفتەرێک لە پلان، تەنیا بەفیڕۆدانی کات و وزەیە.

راستییەکە لەکوێدایە؟ بەتایبەت بۆ بازاڕی ئێستا.

وەڵامە کورتەکە ئەوەیە: بەڵێ، پێویستت بە پلان هەیە، بەڵام نەک ئەو پلانە وشک و درێژانەی لە کتێبە ئەکادیمییەکاندا دەیانبینیت.

بازاڕ تا ڕادەیەکی زۆر جیاوازە؛ ناڕوونی تێدایە و یاریزانەکانی خێرا دەگۆڕێن. ئەگەر مانگێک کات تەرخان بکەیت بۆ نووسینی پلانێکی ٥٠ لاپەڕەیی، تا تەواوی دەکەیت ڕەنگە هێڵکارییەکانی بازاڕ بەتەواوی گۆڕابن. لەگەڵ ئەوەشدا، ڕاکردن بۆ ناو بازاڕ بەبێ هیچ نەخشەیەک، وەک ئەوە وایە بە چاوی بەستراوەوە لە ناو تەمومژدا ڕێبکەیت.

چی پێویستە بزانیت؟ تۆ پێویستت بە (پلانی بزنسی ئاسان و کرداریی) هەیە. واتە پلانێک لەسەر یەک-دوو لاپەڕە کە وەڵامی ئەم ٥ پرسیارە بە ڕوونی بداتەوە:

 

١.کێشەکە چییە و چارەسەرەکەت چییە؟
بەر لەوەی شوێن بەکرێ بگریت یان کەلوپەل بکڕیت، ئایا خەڵک بەڕاستی پێویستیان بەو بەرهەم یان خزمەتگوزارییە هەیە؟

 

٢.کڕیارەکانت کێن؟
بە وردی دیارییان بکە. ئایا گەنجانی تەمەن ١٨-٢٥ ساڵن یان خێزانەکان؟ لە بزنسدا ناکرێت بڵێیت هەموو خەڵک کڕیارمە.

 

٣.ڕکابەرەکانت کێن و جیاوازیی تۆ چییە؟
چی وا لە کڕیار دەکات دوکانەکەی برامبەر بەجێبهێڵێت و بێتە لای تۆ؟ (دابەزاندنی نرخ بە تەنیا جیاوازی نییە!).

 

٤.داهات و خەرجی چۆن دەبێت؟
بە لانیکەمەوە بۆ ٦ مانگی یەکەم، بزانە چەندت پێویستە بۆ بەگەڕخستن و خەرجی مانگانە (کرێ، مووچە، کارەبا، کۆگا) و کەی دەگەیتە قۆناغی قازانج.

 

٥.پلانی بازاڕگەری (Marketing) چییە؟
چۆن دەنگی خۆت دەگەێنیتە کڕیار؟ (تەنیا سپۆنسەری فەیسبووک و ئینستاگرام بەس نییە).

 

کەی پێویستت بە پلانێکی ورد و درێژ دەبێت؟

کاتێک بە بەڵێ وەڵامی ئەم خاڵانە دەدەیتەوە، ئەوا ناچاریت پلانێکی درێژی بێ کەموکورت بنووسیت:

وەبەرهێنان: کاتێک دەتەوێت بچیتە لای وەبەرهێنەرێک یان داوای قەرز لە بانکێک بکەیت، کەس پارەکەی ناکاتە مەترسییەوە بەبێ ئەوەی ئامار و ژمارەی ڕوونی پێبدەیت.

شەریکایەتی: ئەگەر چەند شەریکێک بن، پلان دەبێتە بەڵگەنامەیەک بۆ ئەوەی بزانن هەمووتان ڕووتان لە هەمان ئاڕاستەیە و ئەرکەکان دابەش ببن.

 

 

دوا وتە بۆ خاوەنکاران

پلان دانان بە مانای (پێشبینیکردنی داهاتوو) نایەت، بەڵکو بە مانای (ئامادەکاری بۆ نەزانراوەکان) دێت.

پلانەکەت بە سەرەتایی بنووسە، بچۆ ناو بازاڕ، ئەزموون بکە و بڕوانە کاردانەوەی کڕیارەکانت، پاشان پلانەکەت نوێ بکەرەوە. 

کۆمێنتێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *