ئایا ئەو بزنسانەی تێچووی دانانییان بەرزە، سەرکەوتوو دەبن؟

ئەمە پرسیارە زۆرێک لە خاوەنکاران تووشی دوودڵی دەکات. ئایا خەرجکردنی پارەی زۆر گەرەنتی هەیە بۆ سەرکەوتن؟ یان بە پێچەوانەوە مەترسییەکانمان لەسەر زیاد دەکات؟

زۆرجار کاتێک دەبینین پڕۆژەیەکی گەورە (وەک هۆتێلێکی پێنج ئەستێرە، کارگەیەکی گەورە، یان نەخۆشخانەیەکی تایبەت) دەکرێتەوە، وا هەست دەکەین چونکە پارەی زۆری تێدا خەرج کراوە، کەواتە بێگومان سەرکەوتوو دەبێت. بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە تێچووی بەرز  ئەگەری هەیە زۆر سەرکەوتووت بکات لە هەمان کاتیشدا ئەگەری هەیە بە تەواوی لە ناوت ببات.

 

لەم وتارەدا بە ٤ خاڵ شێدەکەینەوە کە لە چ کاتێکدا تێچووی بەرز نیشانەی سەرکەوتنە و کەی نیشانەی شکستە و مەترسیمان لەسەرە:

١. پلانی بزنس:

پارە ناتوانێت جێگەی “پلانی بزنس” بگرێتەوە، گەورەترین هەڵەی خاوەن سەرمایەکان ئەوەیە کە وا دەزانن دیکۆری گرانبەها و ئامێری مۆدێرن کڕیار ڕادەکێشێت. ئەگەر پلانت نەبێت بۆ مارکێتینگ و هەوڵ نەدەیت  تێگەیشتنت بۆ بازار هەبێت، تێچووە بەرزەکەی تەنها دەبێتە هۆی زەرەری قورس و گەورە.

خاڵی گرنگ: کڕیار کاتێک پارە بە بەرهەمەکەت دەدات، کە بزانێت چارەسەری کێشەیەکی دەکات یاخود ئەم بەرهەمە تەمەنێک خزمەتی دەکات و لەگەڵی دەمێنێتەوە. بە کڕینی کەلوپەلی گرانبەها ڕاستە کە دیکۆرێکی جوان ئامادە دەکەیت و کڕیار سەرنجی دەچێتە سەر دیکۆرەکە بەڵام لە کۆتایدا ئەوەی بڕیاری کڕینەکە بە کڕیارەکە دەدات ئەوەیە: کە ئەم کاڵایە چارەسەرە بۆ کێشەیەکی کڕیارەکە نەک لەبەر جوانی دیکۆرەکە.

٢. سوودەکانی تێچووی بەرز:

هەندێک جار تێچووی بەرز یارمەتیدەری سەرکەوتنە، چونکە:

  • کێبڕکێ کەم دەکاتەوە: هەموو کەس ناتوانێت کارگەیەکی چیمەنتۆ یان زانکۆیەک بکاتەوە. ئەمەش واتە ڕکابەرەکانت کەم دەبن.

 

  • متمانەی کڕیار: لە هەندێک بواردا (وەک پزیشکی یان پیشەسازی قورس)، تێچووی بەرز و ئامێری گرانبەها نیشانەی کوالێتی و متمانەن.

٣. مەترسی بە دەستنەهێنانەوەی تێچووەکەمان:

بزنسێک کە تێچووی دانانی بەرزە، کاتێکی زۆرتری دەوێت تا دەگاتە قۆناغی قازانج.

  • ئەگەر پڕۆژەیەک ١ ملیۆن دۆلاری تێچووبێت، ڕەنگە ٥ بۆ ١٠ ساڵی پێ بچێت تەنها بۆ ئەوەی پارە ئەسڵییەکەی خۆی بەدەست بهێنێتەوە.
  • مەترسییەکە لێرەدایە: ئەگەر لەو ماوەیەدا بازاڕ بگۆڕێت، بزنسەکە تووشی قەیرانێکی دارایی گەورە دەبێت چونکە ناتوانێت بە خێرایی خۆی بگوێزێتەوە بۆ بوارێکی تر. زۆرینەی حاڵەتەکان کە ئەم کێشەیەیان بەسەردێت بە ئیفلاسبوون کۆتایدێت.

٤. ئایا پارەکە لە شوێنی ڕاست خەرج کراوە؟

سەرکەوتنی ئەو بزنسەی تێچووەکەی بەرزە بەندە بەوەی پارەکە لە کوێدا خەرج کراوە:

  • خەرجی بەرهەمهێنەر: وەک کڕینی ئامێری نوێ کە خێرایی و کوالێتی زیاد دەکات (ئەمە بەرەو سەرکەوتنت دەبات).

 

  • خەرجی ڕووکەش: وەک دیکۆری زۆر گرانبەها و مۆبایلی گران بۆ کارمەندەکان (ئەمە زۆرجار دەبێتە هۆی شکستی دارایی).

دوای باسکردنی ئەو ٤ خاڵەی شیکاریمان بۆ بزنسە تێچوو بەرزەکان کرد، کاتی ئەوە هاتووە بپرسین: کەی بزنسی تێچوو-بەرز سەرکەوتوو دەبێت؟

ئەم جۆرە بزنسانە تەنها کاتێک سەرکەوتوو دەبن کە:
١. لێکۆڵینەوەی قووڵ:  دڵنیابیت بازاڕەکە تینووی ئەو خزمەتگوزارییەیە کە تۆ پێشکەشی دەکەیت و بەرهەم یاخود کاڵا یاخود خزمەتگوزارییەکەت کاتی و ترێند نەبێت.
٢. پارەی یەدەگ:  پارەت هەبێت بۆ بەڕێوەبردنی بزنسەکە لانی کەم بۆ ماوەی ساڵێک بێ ئەوەی چاوەڕێی هیچ قازانجێک بیت.
٣. بەڕێوەبردنی کارا: بەکارهێنانی سیستمی دارایی ورد بۆ ئەوەی یەک دینار بەبێ ئاگاداری خۆت سەرف نەکرێت.

کۆتایی:

 

لە ژیاندا هیچ شتێک گرەنتی نییە، هەر بۆیەش ناتوانین بڵێن لەبەر ئەوەی تێچووی زۆرم کردووە لە بزنسەکەمدا، گەرەنتی سەرکەوتنم هەیە و قازانجی باش دەکەم. تێچووی زۆر لە بزنسدا ئەگەر بزانیت بە زیرەکی بەکاری بهێنیت، دەبێتە قەڵغانی بەرگریت لە بەرامبەر ڕکابەرەکانت کە ناتوانن وەک تۆ تێچووی زۆر بکەن.
بەڵام ئەگەر بەبێ پلان داغڵی پڕۆسەکە ببیت، دەبێتە تەڵەیەک کە سەرمایەکەت نوقم دەکات و نەک تەنها بزنسەکەت خۆشت لەگەڵیا لەناو دەچیت.

کۆمێنتێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *