کام جۆرەکانی بزنس مەترسیدارن؟

کام جۆرەکانی بزنس مەترسیدارن؟

 

کاتێک باس لە دەستپێکردنی بزنس دەکەین، زۆربەمان بە حەماسەت و ئومێدێکی گەورەوە دەست پێدەکەین. بەڵام واقیعی بازاڕ جیاوازە؛ هەموو بیرۆکەیەک شایەنی جێبەجێکردن نییە و هەندێک جۆری بزنس، لە بنەڕەتدا مەترسیدارن.

کە گۆڕانکاریی ئابووری و تەکنەلۆجی خێرا ڕوودەدەن، نه‌ناسینه‌وه‌ی ئه‌م مه‌ترسییانه‌ ده‌بێته‌ هۆی له‌دەستدانی سه‌رمایه‌ و ماندووبوونی بێهودە.

 

لەم وتارەدا ٥ خاڵ دەخەینەڕوو کە باس لە مەترسیدارترین جۆرەکانی بزنس دەکات کە پێویستە بەرلەوەی دروستیان بکەیت، بە وردی لێکۆڵینەوەیان بۆ بکەیت:

 

١. بزنسی  یەک دابینکەر یان یەک کڕیار:

ئەگەر کۆمپانیاکەت یان دووکانەکەت تەنها پشت بە یەک کڕیاری گەورە ببەستێت کە ٧٠٪ی قازانجەکەت دابین بکات، یان کالا و کەرەستەکانت تەنها لە یەک دابینکەرەوە دەست بکەوێت، بزنسەکەت لەسەر بەردێکی بچووک وەستاوە.

بە نەمانی ئەو کڕیارە یان دروستبوونی کێشە لەگەڵ ئەو دابینکەرەدا، تەواوی بزنسەکەت بەرەو داڕمان دەچێت.

 

 

٢. ئەو بزنسانەی لەسەر شێوازی مۆدەی خێرا دروست دەبن:

ئەم جۆرە بزنسانە لەپڕ لە بازاڕدا سەرهەڵدەدەن، داواکارییەکی زۆریان لەسەر دروست دەبێت و هەمووان باسی دەکەن؛ بەڵام بە هەمان خێراییش دەکوژێنەوە. سەرمایەگوزاریکردن لە ڕەوتێکدا کە تەنها چەند مانگێک دەخایەنێت، مەترسییەکی گەورەیە.

ئەگەر نەتوانیت بە خێرایی قازانجەکەت وەربگریتەوە، دواتر لەگەڵ کۆگایەک لە کاڵای بێسووددا بەجێدەمێنیت.

 

 

٣. بزنسی پرۆژەی زۆر گەورە بە بێ ئەزموونی پێشینە:

دەستپێکردنی کارێک کە پێویستی بە سەرمایەیەکی یەکجار زۆر و تیمی گەورە هەیە، بەبێ ئەوەی دامەزرێنەرەکەی ئەزموونی ڕاستەوخۆی لەو بواره‌دا هەبێت، کوشندەترین هەڵەیە.

زۆرجار بینراوە کەسێک بەبێ ئەزموون چێشتخانەیەکی گەورە یان کارگەیەک دەکاتەوە و تەنها پشت بە (پارە) دەبەستێت، بەڵام بەهۆی نەبوونی شارەزایی لە بەڕێوەبردندا، لە ماوەیەکی کورتدا تووشی ئیفلاسبوون دەبێت.

 

 

٤. ئەو بزنسانەی ڕکابەرییان تەنها لەسەر (دابەزاندنی نرخ)ە:

ئەگەر تەنها جیاکەرەوەی تۆ لە ڕکابەرەکانت ئەوە بێت کە کاڵاکەت بە هەرزانتر دەفڕۆشیت، بچووکترین قەیران دەتوانێت لە بن دەرتبهێنێت.

لە شەڕی نرخدا هەمیشە کۆمپانیا گەورەکان بەهۆی زۆری سەرمایەکەیانەوە دەبەنەوە. بزنسی سەرکەوتوو ئەوەیە کە (بەها و خزمەتگوزاری باشتر) پێشکەش بکات، نەک تەنها دابەزاندنی نرخ.

 

 

٥. بزنسێک کە لەگەڵ تەکنەلۆجیا و سەردەمدا خۆی نەگونجێنێت:

تەکنەلۆجیا بەخێرایی شێوازی کڕینی گۆڕیوە. ئەو بزنسانەی کە هێشتا بە شێوازی سی ساڵ پێش ئێستا بەڕێوەدەبرێن و ئامادە نین:

(تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەروەها سیستمە زیرەکەکان و گەیاندن بەکاربهێنن)، ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو لەناوچوون دەچن. مانەوە لە شوێنی خۆت لە بازاڕی ئەمڕۆدا، هەمان مانای پاشەکشەیە.

 

 

کەواتە چۆن خۆت لەم مەترسییانە بپارێزیت؟

سەركەوتن لە بزنسدا بە مانای نەبوونی مەترسی نایەت، بەڵکو بە مانای (بەڕێوەبردنی زیرەکانەی مەترسییەکانە). بەرلەوەی دەست بە هەر کارێک بکەیت:

  •  بە وردی دیراسەی بازاڕ و ڕکابەرەکانت بکە.
  • بە بچووکی دەست پێبکە تا سیستمی کارەکەت تاقیدەکەیتەوە.
  • سەرچاوەکانی داهات و دابینکەرانت فرەچەشن بکە.

 

بزنس تەنها سەرمایە دانان نییە، بەڵکو تێگەیشتنە لە ڕەفتاری کڕیار و ئامادەییە بۆ گۆڕانکاری.

 

کۆمێنتێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *