کاتێک ڕکابەرەکەت هەمان بەرهەمی تۆی هەیە دەبێت چی بکەیت؟
زۆر جار دووکان یان کۆمپانیایەک هەمان کاڵا، مۆدێل یان براند دەفرۆشن کە ڕکابەرەکەیان هەیەتی. زۆر کەس لەم دۆخەدا تووشی بێهیوايی دەبن و دەڵێن: ئەو دەمێکەیە هەیە، ناسراوە و خەڵک دەمێکە دەیناسێت، ئیتر ئێمە چۆن کڕیار ڕابکێشین؟
بەڵام ڕاستییەک هەیە کە دەبێت قەبووڵی بکەین: مێژووی کۆن یان قەبارەی گەورەی بزنس، مەرج نییە مانای خزمەتگوزاریی نایاب بدات. بە پێچەوانەوە، زۆرجار بزنسە گەورەکان بەهۆی زۆریی کڕیار و فراوانیی قەبارەکەیانەوە، وردەکارییەکان و سەرئێشەکانی کڕیار پشتگوێ دەخەن. لێرەدا دەرفەتی زێڕین بۆ تۆ دەست پێدەکات تاوەکو جیاواز بیت.
لەم وتارەدا ٤ خاڵی گرنگ باسدەکەین کە هاوکارت دەبێت لەوەی چۆن بتوانیت ڕکابەری ڕکابەرێکت بکەیت کە هەمان کاڵا و خزمەتگوزاری تۆیان هەیە:
١. کەمکردنەوەی سەرئێشەکانی کڕین:
کڕیار پێش ئەوەی تەنها سەیری نرخی کاڵاکە بکات، سەیری ئەوە دەکات کە چەندە پرۆسەکە بۆی ئاسان کراوە. کاتێک تۆ و ڕکابەرەکەت هەمان بەرهەمتان هەبێت بە هەمان نرخ، کڕیار لای ئەو کەسە دەمێنێتەوە کە کاتی کەمتر لێ دەبات:
پرۆسەی کڕینی سادە: با کڕین لەلای تۆ وەک ئاو خواردنەوە ئاسان بێت؛ لە کاتی گەیاندن، شێوازی پارەدان و پرسیارکردندا، کڕیار تووشی ماندووبوون مەکە.
ڕوونکردنەوەی پێشوەختە: پێش ئەوەی کڕیار پرسیار بکات، تۆ وەڵامی هەموو گومانەکانی دەربارەی بەکارهێنانی بەرهەمەکە بە روونی بدەرەوە.
٢. قۆستنەوەی خاڵە لاوازەکانی ڕکابەرە گەورەکان:
وەک دەزانین، بزنسە گەورەکان زۆرجار بەهۆی گەورەیی خۆیانەوە هەندێک شت پشتگوێ دەخەن. بۆ سەرکەوتن، پێویستە بگەڕێ بەدوای ئەو کەموکوڕییانەی کە کڕیاران لە ڕکابەرەکەت دەڕەنجێنن:
خزمەتگوزاریی دوای فرۆشتن: هەندێک لە فرۆشیارە گەورەکان کاتێک کاڵاکەیان فرۆشت، ئیتر کڕیارەکە ناناسنەوە. تۆ لێرەدا ببە بە پێشەنگ؛ بەدواداچوون بۆ کڕیار بکە، بزانە ئایا بەرهەمەکە بە دڵی بووە و کێشەیەکی نییە؟ ئەمە متمانە دروست دەکات.
وەڵامدانەوەی خێرا: کڕیار حەز بە چاوەڕوانی ناکات. ئەگەر ڕکابەرەکەت بەهۆی سەرقاڵییەوە درەنگ وەڵامی پەیوەندییەکان بداتەوە، با خێرایی و ڕێزگرتن چەکی سەرکەوتنی تۆ بێت.
٣. پێشکەشکردنی ئەزموونێکی تایبەت:
کاتێک کاڵاکەتان وەکیەک وایە، جیاوازییەکەی تۆ لە چۆنیەتی پێشکەشکردنەکەیدایە:
چۆنیەتی پێشوازی لە کڕیار چ لە پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان، چ لە شوێنی کارەکەت.
پێشکەشکردنی ڕێنمایی ڕاستەقینە و دڵسۆزانە بە کڕیار، تەنانەت ئەگەر لەو کاتەشدا شت نەکڕێت؛ چونکە کڕیار ئەو کەسەی بیر دێتەوە کە ڕێزی گرتووە وزانیاری ڕاستی پێداوە.
٤. دروستکردنی پەیوەندیی مرۆیی و متمانە:
فرۆش زۆر لەسەر بنەمای متمانە بەڕێوە دەچێت. بزنسە زۆر گەورەکان زۆرجار سارد و ڕەق دەبن چونکە بوونەتە سیستمێکی گەورە. تۆ دەتوانیت ئەمە بکەیتە خاڵی بەهێزی خۆت؛ کڕیارەکانت بکە بە هاوڕێ و هەست بە گرنگیی خۆیان بکەن.
دەرئەنجام
ڕکابەرەکەت مێژووی هەیە؟ با هەبێت! مێژوو ناتوانێت کێشەی ئەمڕۆی کڕیار چارە بکات ئەگەر خاوەنەکەی پشتگوێی خستبێت. تۆ سەرنجت لەسەر: وردەکارییەکان، خزمەتگوزاریی دوای فرۆشتن، دروستکردنی متمانە لای کڕیار هەبێت، دڵنیابە کڕیار زوو تێبینیی جیاوازییەکە دەکات و ڕوو لە تۆ دەکات.
تۆ ڕات چییە؟
ئایا خزمەتگوزاری باش؛ دەتوانرێت ڕکابەری پێبکرێت؟
نوسین: تیمی کارسازی شادمان