Karsazy ShadmanKarsazy Shadman

چۆن کڕیار دەبێتە هەمیشەیی؟

 

یەکێک لە گەورەترین خەونەکانی هەموو خاوەن کار و فرۆشیارێک ئەوەیە کە کڕیارەکانی تەنها یەک جار نەیەن و بڕۆن، بەڵکو ببنە کڕیاری دڵسۆز و بەردەوام.

بەڵام لێرەدا پرسیارە سەرەکییەکە ئەمەیە: چۆن کڕیار دەبێتە هەمیشەیی؟

 

زۆرێک لە فرۆشیاران کاتێک کاڵایەک دەفرۆشن و پارەکە وەردەگرن، ئیتر کڕیارەکە بە تەواوی پشتگوێ دەخەن (ئیهمالی دەکەن). بەڵام فرۆشیاری سەرکەوتوو دەزانێت کە فرۆشتنی یەکەم تەنها دەرگای ناسینە، و ئەوەی کڕیار دەکاتە هەمیشەیی، شێوازی مامەڵە و گرنگیدانی تۆیە لە دوای کڕینەکە.

 

بە ٤ هەنگاوی سادە و پیشەییانە، فێربە چۆن کڕیارێکی ئاسایی دەکەیتە کڕیاری هەمیشەیی خۆت:

 

١. لە دوای کڕین، کڕیارەکەت پشتگوێ مەخە:

کاتێک کڕیار کاڵایەک دەبات، دوای چەند ڕۆژێک نامەیەکی بۆ بنێرە یان هەواڵی بپرسە و بزانە ئایا لە کاڵاکە ڕازییە یان هیچ کێشەیەکی هەیە؟
 کاتێک کڕیار دەبینێت تۆ تەنها چاوت لە پارەکەی نەبووە و لە دوای فرۆشتنیش بەدەمیەوەیت، متمانەیەکی بێسنوورت پێ دەکات و ئیتر چاوی ناچێتە سەر هیچ دوکان و پەیجێکی تر.

 

٢. زانیاری و حەزەکانی کڕیار لەبیر مەکە:

جار دوای جار کە گفتوگۆ لەگەڵ کڕیارەکە دەکەیت، هەوڵ بدە وردەکاری و حەزەکانی لە مێشکتدا یان لە تێبینییەکدا بپارێزیت؛ بۆ نموونە چ ڕەنگێکی پێ خۆشە، چ قەبارەیەک دەپۆشێت، یان حەزی لە چ جۆرە کوالێتییەکە.

 کاتێک جاری داهاتوو دێتەوە لات و تۆ بەپێی زانیارییەکانی پێشووی پێشنیاری بۆ دەکەیت و دەڵێیت: ئەم مۆدێلە نوێیەمان بۆ هاتووە و ڕێک بە دڵ و قەبارەی تۆیە، کڕیار هەست دەکات کەسێکی تایبەتە لای تۆ.

تێبینی گرنگ: دەبێت لەم کاتانە کە زانیاری کڕیار دەڵێین زۆر ئاگاداربین، تا کڕیار وا هەست نەکات زیاد لە پێویست چاودێریمان کردووە وە هەستێکی ناخۆشی بۆ دروست بکەین. بە تایبەت لەگەڵ ڕەگەزی بەرامبەر.

 

٣. لە کاتی کێشەدا، خێرا بەدەمیەوە بچۆ:

هیچ کاڵایەک بەدەر نییە لە ئەگەری هەبوونی کێشە یان گۆڕین. کاتێک کڕیارەکەت کێشەیەکی بۆ دروست دەبێت، خۆتی لێ مەشارەوە و بیانووی پێ مەگرە؛ بەڵکو بە خێرایی و بە ڕوویەکی خۆشەوە کێشەکەی بۆ چارەسەر بکە.

 ئەو کڕیارەی کێشەکەی بە باشی بۆ چارەسەر دەکرێت، زۆر زیاتر لە کڕیارێکی ئاسایی دڵسۆز دەبێت بۆ براندەکەت.

 

٤. مرۆڤانە مامەڵە بکە؛ سەرەتا هەواڵی بپرسە ئینجا معامەلە بکە:

لە کلتووری جوانی کوردستاندا، پەیوەندی مرۆڤانە لە پێش پارەوەیە. ئەگەر کڕیارەکەت لە قسەکانیدا وتی (ئەم ماوەیە نەخۆش بووم) یان (پرسە و ناخۆشییەکمان هەبوو)، هەرگیز یەکسەر باسی کاڵا و نرخ مەکە!

سەرەتا بە دڵسۆزییەوە هەواڵی بپرسە، هیوای سەلامەتی و شیفای بۆ بخوازە یان سەرەخۆشی لێ بکە، ئینجا دوای ئەوە بچۆرە ناو باسی فرۆشتنەوە. کڕیار هەرگیز ئەو ڕێز و مرۆڤدۆستییەی تۆ لەبیر ناکات.

 

 

دەرئەنجام

بۆ ئەوەی بزانیت (چۆن کڕیار دەبێتە هەمیشەیی)، تەنها وەک گیرفانێک سەیری مەکە، بەڵکو وەک هاوڕێ و مرۆڤێکی بەنرخ مامەڵەی لەگەڵ بکە.

بە بەدواداچوون لە دوای کڕین، لەبیرنەکردنی حەزەکانی وە چارەسەرکردنی خێرای کێشەکانی. گرنگیدان بە بارودۆخی ژیانی، دەتوانیت وا بکەیت کڕیارەکانت تا هەتایە زۆرترین کڕین  لای تۆ بکەن.

 

نوسین: تیمی کارسازی شادمان

کۆمێنتێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *