٤ هەڵەی کوشندە کە فرۆشیارانی خۆمان لە بازاڕدا دەیکەن
لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا کە دەچیتە هەر جێگەیەک سەدان و هەزاران دووکانی تێدایە، جیاوازیی نێوان دووکانێکی سەرکەوتوو و دووکانێک کە بەرەو ئیفلاس دەچێت، تەنیا کوالێتیی بەرهەمەکان یان شوێنی دووکانەکە نییە؛ بەڵکو (پەیوەندی لەگەڵ کڕیار) هۆکارێکی سەرەکیی سەرکەوتنە.
بەداخەوە، لە بازاڕی ئێمەدا ڕۆژانە ڕووبەڕووی هەڵەی وا دەبینەوە کە کڕیار نەک هەر جارێکی دیکە ناگەڕێتەوە، بەڵکو لای دەوروبەریشی باسی ئەزموونە خراپەکەی دەکات.
لەم وتارەدا ٤ لە باوترین ئەو هەڵانەی کە زۆرێک لە فرۆشیاران دەیکەن و دەبێتە هۆی لەدەستدانی کڕیارەکانیان باسدەکەین:
١.کەمی لە زانیاری و بەکارهێنانی بەرهەمەکە:
کاتێک کڕیارێک دێتە ژوورەوە و پرسیار لەسەر کاڵایەک دەکات، بە دوای (شارەزا)دا دەگەڕێت، نەک تەنیا کەسێک کە پارەکەی لێ وەربگرێت!
دیمەنی باو: کڕیار دەپرسێت: (ئەم ئامێرە یان ئەم مەوادە بۆ فڵان مەبەست بۆ من گونجاوە؟).
بەشێک لە فرۆشیارانیش بە کەمتەرخەمییەوە وەڵام دەدەنەوە: (وەڵا نازانم، خۆت پێشتر بەکارت نەهێناوە؟!)
زیانەکەی: ئەم وەڵامە ڕاستەوخۆ بێمتنوو بوونی فرۆشیار و بێئاگایی لە کارەکەی دەردەخات. فرۆشیارێک کە کاڵاکەی خۆی نەناسێت، چۆن چاوەڕێ دەکات کڕیار بڕوای پێ بکات و پارەی پێ بدات؟
چارەسەر
وەک فرۆشیار، ئەرکی سەرەکیی تۆیە شارەزای هەموو وردەکاری، سود، و جۆری بەکارهێنانی کاڵاکانت بیت. کڕیار بۆیە دێتە لای تۆ تا ڕێنمایی بکەیت.
٢. ناڕێکیی دووکان و سەرقاڵیی ناپێویست بۆ دۆزینەوەی کاڵا:
کات لای کڕیار گرنگترین شتە. کاتێک کڕیارێک داوای بەرهەمێک دەکات، چاوەڕێ دەکات لە ماوەیەکی کورتدا پێی بدەیت.
دیمەنی باو: کڕیار داوای شتێک دەکات، فرۆشیارەکەش نیو سەعات یان سەعاتێک بە ناو دووکاندا دەگەڕێت، ڕەفەکان هەڵدەداتەوە و لە کۆتاییدا دەڵێت: (نازانم لە کوێم داناوە!) یان (دیارە نەماوە).
زیانەکەی: بێسەروبەریی شوێنی کار هێمایە بۆ بێپلا نی لە کاردا. کڕیار هەست دەکات کاتی بەفیڕۆ دەڕوات و بێزار دەبێت لە وەستان.
چارەسەر
سیستەم و ڕێکخستنی شوێنی کاڵاکان یەکێکە لە بنەماکانی بزنس. دەبێت بە وردی بزانیت چی لە کوێدا دانراوە.
٣. مامەڵەی سارد و ڕووگرژی لەگەڵ کڕیاردا:
ڕەفتاری کۆمەڵایەتی و زمانی جەستەی فرۆشیار کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر بڕیاری کڕین هەیە. کڕیار حەز دەکات هەست بە ڕێز و تایبەتی بکات.
دیمەنی باو: کڕیار دەچێتە دووکانێکەوە، فرۆشیارەکە لە دواوەیە یان بە تەلەفۆنەکەیەوە سەرقاڵە، کاتێک بانگی دەکەیت بە ناچاری و بە (نابەدڵی)یەوە دێتە پێشەوە. یان ئەگەر دەست لە کاڵایەک بدەیت، دەستبەجێ ڕووی گرژ دەکات و دەڵێت: (دەستی لێ مەدە، شوێنەکەی تێک مەدە!).
زیانەکەی: دروستکردنی کەشێکی ناخۆشی وەها وا لە کڕیار دەکات هەست بە ناڕەحەتی بکات و بە خێرایی لە دووکانەکە بچێتە دەرەوە، بێ ئەوەی هیچ بکڕێت.
چارەسەر
بە ڕوویەکی خۆشەووە بەخێرهاتنی کڕیارە بکە. ڕێگە بدە کاڵاکان ببێنێت و تاقییان بکاتەوە، چونکە بەرکەوتنی ڕاستەوخۆی کڕیار لەگەڵ بەرهەم، ئەگەری کڕین دوو هێندە دەکاتەوە.
٤. کاردانەوەی خراپ کاتێک کڕیار شت ناکڕێت:
فرۆشتن پرۆسەیەکی ئازادانەیە؛ کڕیار مافی خۆیەتی پرسیار بکات، بەراوردی بکات و لە کۆتاییدا بڕیار بدات کە ئایا کاڵاکە دەکرێت یان نا.
دیمەنی باو: کڕیارێک دوای پرسیارکردن لە نرخ و کوالێتی، بڕیار دەدات بڕوات و نەکڕێت. لەم کاتەدا فرۆشیارەکە ڕووی خۆی لێ وەردەگێڕێت، بە ساردی وەڵامی ماڵئاواییەکەی دەداتەوە، یان قسەیەکی ناخۆشی بەدوادا دەکات!
زیانەکەی: ئەم ڕەفتارە نیشانەی کەمیی پیشەییە. دەکرێت کڕیارەکە ئەمڕۆ شتێک نەکرێت، بەڵام بۆ بەیانی بگەڕێتەوە یان دووکانەکەت بە هاوڕێکانی پێشنیار بکات. کاتێک کاردانەوەی خراپت هەبێت، بۆ هەتاهەتایە ئەو کڕیارە لەدەست دەدەیت.
چارەسەر
هەمیشە بە ڕوخسارێکی خۆشەوە ماڵئاوایی لە کڕیار بکە، تەنانەت ئەگەر هیچیشی نەکرێت. سوپاسی بکە بۆ سەردانەکەی؛ ئەم مامەڵە بەرزە وای لێ دەکات لە داهاتوودا تەنیا ڕوو لە تۆ بکاتەوە.
ئەنجام
- بزنس تەنیا بریتی نییە لە هێنانی بەرهەم و دانانی نرخ لەسەری؛ ئەزموونی کڕیار (Customer Experience) ڕاستەقینەترین جیاکەرەوەیە.
- ئەگەر بتەوێت لە بازاڕدا بمێنیتەوە و براندێکی باوەڕپێکراو بۆ خۆت دروست بکەیت، دەبێت ئەم هەڵە باوانە بسڕیتەوە و ڕێز لە کات، داواکاری و کەسایەتیی کڕیارەکانت بگریت.