فرۆشتن گرنگترین و لەهەمانکاتدا ئاڵۆزترین پڕۆسەیە لە بزنسدا، گرنگترینە چونکە ئەگەر فرۆشت نەبوو بزنسەکەت شکست دەهێنێت. ئاڵۆزترینە چونکە کەمن ئەوانەی دەتوانن هەست و داواکارییەکانی کڕیار بەرز ڕابگرن و وا بکەن پارەکانیان لە بزنسەکەی ئەمدا خەرج بکەن. ئێمە ئەمڕۆ کۆمەڵێک یاسای بنچینەیی لە فرۆشتندا باس دەکەین، زۆر گرنگە ئەم یاسایانە پەیڕەو بکەیت بۆ ئەوەی بزنسەکەت زیاتر و زیاتر بەرەوپێش ببەیت.
یاسای یەکەم: بزانە کێ کڕیاری تۆیە
یەکەم یاسای سەرکەوتن لە فرۆشدا ئەوەیە بزانیت کڕیارە سەرەکییەکانت کێن؟ هەرگیز ناتوانیت سەرکەوتوو بیت لە بزنسدا گەر نەزانیت کام جۆرەی خەڵک لە کۆمەڵگادا کڕیاری تۆن. ئەمە زۆر ڕوون و سادەیە، بەڵام زۆرێک لە خاوەن کارەکان هیچ بیرۆکەیەکیان نییە لەبارەی ئەوەی کڕیارەکانیان کێن. دوای زانینی ئەوەی کڕیارەکانت کێن، یەکەم ئەرکی تۆ وەک فرۆشیار، جیاکردنەوەی کڕیارە هەمیشەییەکانە لە کڕیارە ئەگەرییەکان.
کڕیاری هەمیشەیی؛ ئەو کڕیارانەن کە ئاسان دەگونجێن لەگەڵ بیرکردنەوە و هەڵسوکەوتی تۆی فرۆشیار و بەهانە و ڕەخنەی زیادەیان نییە و بەئاسانی کڕینەکەی خۆیان دەکەن. بەدڵنیاییەوە هەر بزنسێک لەم کڕیارنەی زۆر هەبوو، پارە دەڕژێت بەسەریدا.
کڕیاری ئەگەریی؛ کڕیارگەلێکی بەبیانوو و ڕەخنەن، هەمیشە بەدوای لایەنە خراپەکانی کاڵاکەت، بزنسەکەت، نرخ و هەروەها خودی تۆی فرۆشیاریشەوەن. هەرکاتیش لای یەکێک لە ڕکابەرەکانت خواستەکانیان هاتە دی، ڕاستەوخۆ جێتدەهێڵن. خۆدورخستنەوە لەم کڕیارانە وەک ئەوە وایە خاوەنی دوکانەکەت، کرێی ئەم مانگەت لێ وەرنەگرێت و بگرە زیاتریش. هەر کڕیارێکی ئەگەریی ڕەخنەی گرت، ڕاستەوخۆ بینێرە بۆلای ڕکابەرەکانت.
یاسای دووەم: متمانە
ئەم شتە باش بزانە! کڕین هەستییە و بە هیچ جۆرێک مێشک بڕیار نادات لە کڕیندا، کەوایە کڕیار بە هەست و بیرکردنەوە و دڵخۆشیی خۆی بەرامبەر بە فرۆشیارەکە و کاڵاکە و بزنسەکە بڕیاری کڕین یاخود نەکڕینی کاڵاکە دەدات. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش کڕیار سەرەتا بیر لەوە دەکاتەوە ئەم کاڵایە و ئەم بزنسە و ئەم فرۆشیارە تا چەند لەگەڵ هەست و سۆزەکانیدا یەک دەگرێتەوە. بزانە! بۆ کڕیار، دروستکردنی هەست و سۆز گرنگترە لە خودی کاڵاکە. پێشتر لە ڤیدیۆکان و خولەکان و کتێبەکانماندا چەندین جار وتومانە کە: متمانە گرنگترین هۆکاری کڕینە.
کڕیار دەبێت متمانەی تەواوی بە تۆی فرۆشیار بکات و قەناعەتێکی ڕەهای هەبێت کە تۆ سوود و قازانجی کڕیارەکەت مەبەستە. هەروەها دەبێت بزانیت کە بەتەنها قسەکردن نابێتە هۆی فرۆشتن. متمانە و دواتریش ڕاوێژپێدان زۆر لە قسەکردن بەهێزترە، گوێگرتنیش بۆ ڕەئـ و بۆچونەکانی کڕیار بەهەمانشێوە هۆکارێکی تری دروستکردنی متمانەن. تا زیاتر گوێ لە قسەکانی کڕیار بگریت، زیاتر حەز و متمانەی بە تۆ زیاتر دەبێت و کاڵاکانت قبوڵ دەکات. ڕاوێژپێدان و گوێگرتن لە کڕیار دوو هۆکاری زۆر کاریگەرن لە فرۆشدا.
یاسای سێیەم: کڕیار چیی دەوێت؟
زۆرێک لە کڕیاران کاتێک سەردانت دەکەن نازانن پێویستییان بە چییە و دەبێت چی بکڕن و بۆچی هاتوون و چی باشە بۆیان. کڕیارەکان کەسانی دوودڵن. کاتێک لەگەڵ کڕیارێک قسە دەکەیت، ڕەنگە ئەو شتەی ئەو دەیەوێت کەمێک نهێنی و تایبەتی بێت، یان ناڕوون بێت، یان ناڕاستەقینە بێت. یانیش تەنها بۆ پرسیارکردنێک هاتبێت. تۆی فرۆشیاریش لەکاتی گوێگرتن بۆ کڕیار، زۆر گرنگە قسەکانت بە کورتی و پوختی و ڕوونی بکەیت.
خراپترین فرۆشیار ئەو کەسەیە کە هەرچی دێتە مێشکی دەیڵێت و لە بابەتێکەوە بۆ بابەتێکی تر باز دەدات. هیچکام لە قسەکانی تەواو ناکات و لەناوەڕاستی هەر قسەیەک شتێک دێتە مێشکی و ڕاستەوخۆ ئەوەشی پێ دەڵێت، ئەم فەرتەنەیە کە ئەم فرۆشیارە دروستیدەکات، متمانەت لای کڕیارەکە کەم دەکاتەوە و فرۆشتنەکە زۆر قورس و ئاڵۆز دەکات.
یاسای چوارەم: پێشنیاری کاڵا
پێشنیارکردنی کاڵای گونجاو ڕێگایەکی تری فرۆشتنی بێ سەرئێشەیە. بەڵام هەموو پێشنیارکردنێک مەرج نییە دروست بێت، کواڵتی و نرخی ئەو کاڵایەی پێشکەشی دەکەیت دیاری دەکات کە کڕیارەکە دەکڕێت یان نا. کاڵایەک بۆ کڕیارەکە پێشنیار بکە کە لەگەڵ باری دارایی و پێویستی و تێگەیشتویی کڕیارەکەدا یەک بگرێتەوە.
یاسای پێنجەم: پێشنیاری کڕین
ڕەنگە سادەترین تەکنیک بۆ فرۆشتن پێشنیارکردن بێت بۆ کڕین. زۆرێک لە کڕیاران تەنها یەک هەنگاو لە کڕین دوورن. تەنها پێویستییان بە کەمێک هاندانە تا لێت بکڕن. ئەگەر متمانەیەکی تەواو دروستبکەیت، بە وردی پێویستییەکانی کڕیار دەستنیشان بکەیت و وەڵامی هەموو پرسیارەکانی کڕیارەکە بدەیتەوە، ئەوا فرۆش ئۆتۆماتیکی بەرەو ئەنجامدان دەڕوات.
یاسای شەشەم: ڕاکێشانی کڕیارەکە تا دووبارە بکڕێت
ئەم یاسایە گرنگترین بەشی پرۆسەی فرۆشتنە. بەداخەوە زۆرێکیش لە فرۆشیارەکان پشتگوێیان خستووە، دەڵێن خوائەکات ئەکڕێت. ئیتر با هەر سەروشكڵی نەبینمەوە. ڕاستە، خۆلەناوبردنێکی جوانە.
پێویستە هەموو فرۆشیارێک ئەمە باش بزانێت کە بەتەنها فرۆش بەس نییە، دەبێت ئاگاداری کڕیارەکانت بیت و بەردەوام لە پەیوەندیدا بیت لەگەڵ کڕیارەکانت تا دووبارە کڕینت لێ بکەن و بزنسەکەت بە هاوڕێکانیان بناسێنن. کڕیارەکانت دەتوانن وابکەن تۆ ببیتە ملیۆنێر، بەهەمانشێوەش دەتوانن وابکەن ئیفلاس بکەیت. بۆیە گرنگییەکی تەواو بدە بەوەی وا بکەیت فرۆشیارەکە دووبارە سەردانت بکاتەوە.
داواکردنی کتێبەکانمان
ئامادەکردن: ستافی کارسازی شادمان