یەکێک لە قۆناغە زۆر هەستیارەکانی بزنس هەڵبژاردنی کارمەندە. وەرگرتنی کارمەند دەکرێت بزنسەکەمان بەرەو لوتکە و خاڵێکی زۆر باش بەرێت یاخود بزنسەکەمان توشی بارودۆخی دارای سەخت بکات.
کەی کاتی گونجاوە کارمەند بۆ بزنسەکەم وەربگرم؟
زۆربەی خاوەن بزنسە سەرەتاییەکان لەنێوان دوو بارودۆخدان:
١. یان زۆر درەنگ کارمەند دادەمەزرێنن و تووشی “داڕمان” دەبن.
٢. یان زۆر زوو دەستپێدەکەن و پارەی پڕۆژەکە بە مووچە بەهەدەر دەدەن.
لەم مەقالەیەدا بە ٤ نیشانە ڕوونی دەکەینەوە کە کەی کاتی ئەوە هاتووە کەسێکی تر هاوکاریت بکات لە کاروبارەکانی بزنسەکەتدا:
١. نیشانە سەرەکییەکانی پێویستی بە کارمەند:
ئەگەر ئەم ٤ خاڵە لە بزنسەکەتدا دەبینیت، واتە کاتی فراوانبوون و وەرگرتنی کارمەندە:
- ڕەتکردنەوەی کڕیار: کاتێک ناچاریت بڵێیت “ناتوانم ئەم کارە وەربگرم چونکە کاتم نییە”، لێرەدا تۆ پارە و کڕیار لەدەست دەدەیت.
- دابەزینی کوالێتی: ئەگەر بەهۆی زۆریی ئیشەوە ناتوانیت وەک جاران سەرنج بخەیتە سەر وردەکارییەکان و کڕیارەکانت ناڕازین، پێویستت بە کارمەندە.
- ئەنجامدانی کارە سەرەتاییەکان: ئەگەر تۆ وەک بەڕێوەبەر کاتی زۆرت دەڕوات بۆ وەڵامدانەوەی تەلەفۆن، پاککردنەوە، یان گەیاندن، ئەوا کاتی خۆت بە فیڕۆ دەدەیت. کاتی تۆ دەبێت بۆ ستراتیژ و گەشەپێدان بێت.
- نەمانی کاتی پشوو: ئەگەر ٢٤ کاتژمێر کار دەکەیت و هێشتا کارەکانت تەواو نابن، مێشکت ماندوو دەبێت و بڕیاری هەڵە دەدەیت.
٢. پێوەرە داراییەکان بۆ وەرگرتنی کارمەند:
پێش ئەوەی کارمەندێکی تازە بهێنیت، ئەم پرسیارانە لە خۆت بکە:
- ئایا بڕی پێویستم پارە هەیە کە بزنسەکەم بەشی ٦ مانگی داهاتوو پارەی هەبێت و تەنها پشتم بەوە نەبەستبێت کە مانگانە بزنسەکەم پەیدای دەکات.
ئەم پرسیارە ئەگەر چاوی لێ دابخەیت و پێت وابێت کە مانگانە پارەی کارمەندەکە خۆی لە بزنسەکەوە پەیدا دەبێت، ئەوا ئەگەر هەیە کە بزنسەکەت بگاتە ئاستێک پێویست بکات هەر کارمەندێکت وەرگرتووە دەریان بکەیت و خۆت لە سەرەتاوە دەست بە هەموو شتێک بکەیتەوە یاخود خراپتریش تۆش ناچار دەبێت ماڵئاوای لە بزنسەکەت بکەیت.
- ئایا ئەم کارمەندە قازانج زیاد دەکات؟ کارمەندی باش تێچوو نییە، بەڵکو وەبەرهێنانە. دەبێت بوونی ئەو وا بکات بزنسەکە زیاتر پەیدا بکات نەک کەمتر
٣. چ جۆرە کارمەندێک وەربگرم؟
پێویست ناکات یەکسەر بە کارمەندی هەمیشەیی دەست پێ بکەیت. دەتوانیت بەم پلەبەندییە بڕۆیت:
- فری لانسەر (Freelancer): بۆ کارە کاتییەکان (وەک دیزاین یان سۆشیاڵ میدیا).
- نیوە کات (Part-time): بۆ ئەو کارانەی ڕۆژانە تەنها چەند کاتژمێرێکیان دەوێت.
- کارمەندی هەمیشەیی (Full-time): کاتێک کارەکە بەردەوامە و پێویستی بە دڵسۆزی و ئامادەیی تەواو هەیە
٤. ئامۆژگاری بۆ هەڵبژاردنی یەکەم کارمەند:
یەکەم کارمەند گرنگترینە، چونکە ئەو دەبێتە بەشێک لە “کولتوری بزنسەکەت”. هەوڵبدە کەسێک بدۆزیتەوە کە ئەم ٢ خاڵەی تێدابێت:
١. خێرا فێرببێت: لە سەرەتادا کارەکان ئاڵۆزن، پێویستت بە کەسێکە کە زوو فێری کارەکان ببێت و کاتت لێ نەگرێت.
٢. خاوەن بڕیار بێت: تاوەکو قورسای لەسەر شانی تۆ کەم بکاتەوە، نەک بۆ هەموو وردەکارییەک پرسیارت لێ بکاتەوە.
کۆتایی:
دامەزراندنی کارمەند نیشانەی سەرکەوتنی بزنسەکەتە، بەڵام بەو مەرجەی بزانیت “کێ” و “بۆچی” دایدەمەزرێنیت.