ترسی دەستپێکردن (The Fear of Starting) یەکێکە لە گەورەترین ئەو بەربەستانەی کە مرۆڤ لە نێوان خۆی و خەونەکانیدا دروستی دەکات. زۆربەی کات ئێمە لە ئەنجامدانی کارەکە ناترسین، بەڵکو لەو وێنە گەورە و ئاڵۆزە دەترسین کە لە مێشکماندا بۆمان دروست کردووە. ترس لە خۆیدا شتێکی باشە، چونکە ترس دەمانپارێزێت. ئەگەر ئێمە هیچ ترسێکمان نەبێت، خۆمان فڕێ دەدەینە ناو ئاگرەوە، بەڵام ئەگەر کەمێک بترسین بێگومان ئەم ترسە دەمانگەڕێنێتەوە. بەڵام کاتێک ترسەکەمان هێندە زۆر دەبێت کە ئیتر توانای جوڵەمان نامێنیت بەرەو ئامانجەکەمان ئەو کاتە مەترسی ڕاستەقینە دروست دەبێت.
مێشکی مرۆڤ بە سروشتی خۆی حەز بە ناوچەی ئارامی دەکات حەز ناکات توشی کێشە ببێت، و هەر گۆڕانکارییەک یان دەستپێکێکی نوێ وەک مەترسی دەبینێت.
بەڵام پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە: چۆن مێشکمان ڕابهێنین کە لە دەستپێکردن نەترسێت؟
لەم مەقالەیەدا باس لە ٤ خاڵ دەکەین کە هاوکارمان دەبێت لە ڕاهێنانی مێشکمان لە نەترسان تا بتوانین لە قۆناغەکانی ژیان هەوڵ بدەین؟
١. هەوڵ بۆ “پێرفێکت بوون” مەدە:
زۆرجار ترسەکە لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە دەمانەوێت لە یەکەم هەنگاوەوە هەموو شتێک مەزبووت و بێکێشەبێت. پڕۆژە گەورەکان، کتێبە بەناوبانگەکان، و کارە سەرکەوتووەکان لە یەکەم ڕۆژدا وەک ئێستا پێرفێکت نەبوون. دروشمی تۆ با ئەوە بێت: “ئاساییە ئەگەر بە باشترین شێوەش دەستپێ نەکەیت، بەڵام دەستپێبکە.” ئەو کارەی کە پێت وایە بە خراپی ئەنجام دراوە، قابیلی چاککردن و پەرەپێدانە، بەڵام کارێک کە تەنها لە مێشکدا ماوەتەوە، هیچ دەرفەتێکی نییە بۆ باشتربوون.
٢. لە بچوکترین بەشی کارەکە دەست پێ بکە:
کاتێک بیر لە نووسینی کتێبێک، فێربوونی زمانێکی نوێ، یان دەستپێکردنی کارێکی بازرگانی دەکەیت، پڕۆژەکە زۆر گەورە دەردەکەوێت و مێشکت ناتوانێت ڕێکی بخات.
چارەسەرەکە ئەوەیە ئامانجەکە بکەیت بە بەشی بچووک بچووک:
* لەبری نووسینی کتێبێک، تەنها یەک ڕستە بنووسە.
* لەبری وەرزشکردن بۆ سەعاتێک، تەنها ٥ خولەک وەرزش بکە.
* لەبری خوێندنی کۆرسێکی گەورە، تەنها ناونیشانی ڤیدیۆی یەکەم بخوێنەوە.
کاتێک هەنگاوەکە زۆر بچووک دەبێت، مێشک چیتر ئەو ترسە گەورەیەی نامێنیت.
٣. یەکێک لە هەڵە باوەکان:
هەڵەیەکی باو هەیە کە وا دەزانین دەبێت یەکەمجار متمانەمان بەخۆمان هەبێت یان پاڵنەرمان هەبێت ئینجا دەستپێبکەین. لە ڕاستیدا، هاوکێشەکە پێچەوانەیە: کارەکە ئەنجام دەدەن دواتر متمانە بەخۆبوون و پاڵنەرمان بۆ دروست دەبێت بۆ بەردەوامی. کاتێک دەستپێدەکەیت، مێشکت هەست بە سەرکەوتنی بچووک دەکات و هۆرمۆنی دۆپامین دەردەکات، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی وزەت بۆ هەنگاوی دووەم هەبێت.
٤. خراپترین ئەگەر چییە؟
زۆربەی ترسەکانمان خەیاڵین. کاتێک کارێکی نوێ دەستپێدەکەیت، لە خۆت بپرسە: “خراپترین شت چییە ئەگەر سەرنەکەوم؟” زۆربەی کات وەڵامەکە ئەوەیە کە تەنها کەمێک کاتت لێ دەڕوات یان ئەزموونێک فێر دەبیت. کاتێک مێشکت تێدەگات کە ئەنجامە خراپەکە مەترسی نییە بۆ سەر ژیانت، ترسەکە کەم دەبێتەوە.
دەرئەنجام:
ترس لە دەستپێکردن وەک تەمومژێک وایە؛ تەنها کاتێک دەڕەوێتەوە کە پێ بخەیتە ناو تەمومژەکەوە و بەرەو پێشەوە بچیت. کاتی گونجاو هەرگیز نایەت، چونکە کاتی گونجاو خودی ئێستایە. بڕیار بدە کە ئەمڕۆ تەنها بۆ ماوەی دوو خولەک کار لەسەر ئەو شتە بکەیت کە لێی دەترسیت، و دەبینیت کە چۆن تەمومژەکە بەرە بەرە نامێنێت و دەتوانیت بەسەر ترسەکەتدا زاڵببیت.