چۆن ڕەخنە بکەیتە دەرفەتی سەرکەوتن؟
لە جیهانی بزنس و بازاڕگەریدا، کڕیاری ناڕازی نەخۆشییەکی کوشندە نییە، بەڵکو ئاماژەیەکی گرنگە بۆ چاکسازی و بەرزکردنەوەی کوالیتی.
زۆربەی خاوەن کارەکان لە ڕەخنە و ناڕەزایەتی دەترسن، بەڵام لە بازاڕی پیشەییدا، شێوازی وەڵامدانەوەت بۆ کەسێکی ناڕازی، ئاستی پیشەییبوون و بەهای بزنسەکەت دیاری دەکات.
کڕیارێک کە سکاڵا دەکات، هێشتا دەرفەتی پێداویت تا کێشەکەی بۆ چارەسەر بکەیت. ئەگەر بە دروستی مامەڵەی لەگەڵدا بکەیت، نەک تەنیا دەستبەردارت نابێت، بەڵکو دەبێتە وەفادارترین کڕیاری بزنسەکەت.
بۆ بەڕێوەبردنی ئەم دۆخە بە سەرکەوتوویی، لەم وتارەدا ٥ خاڵی گرنگ دەخەینەڕوو تا بتوانیت ئەم سامانە گرنگ بۆ بزنسەکەت لەدەست نەچێت:
١. بە ئارامی گوێ بگرە و قسەی پێ مەبڕە:
کاتی کڕیارێک بە توڕەیی یان ناڕەزایەتییەوە پەیوەندی دەکات یان دێتە دووکانەکەتەوە، یەکەم پێویستیی ئەوەیە گوێی لێ بگرێت. ڕێگەی بدە هەموو ناڕەزایەتییەکانی دەربڕێت بەبێ ئەوەی قسەکانی پێ بپچڕێنیت یان دەستبەجێ بەرگری لە خۆت بکەیت. گوێگرتنی چالاک یەکەم هەنگاوی ئارامکردنەوەی بارودۆخەکەیە.
٢. هاوسۆزی پێشان بدە:
دانیپێدانانی هەستەکانی کڕیار بە مانای قبوڵکردنی گشت تاوانەکان نییە، بەڵکو بە مانای ڕێزگرتنە لە ئەزموونە خراپەکەی. بەکارهێنانی ڕستەی وەک:
(تێدەگەم کە ئەم بارودۆخە بێزارکەرە، پێمناخۆشە ئەمە ڕوویداوە). ئاستی گرژییەکە بە ڕادەیەکی زۆر کەمدەکاتەوە.
٣. کێشەکە لە کەسەکە جیا بکەرەوە:
یەکێک لە هەڵە باوەکان لە بازاڕی ئێمەدا ئەوەیە کە خاوەن بزنس یان کارمەند ناڕەزایەتی کڕیار وەک هێرشی کەسێتی وەردەگرێت. لەبیرت بێت:
(کڕیارەکە لە تۆ توڕە نییە، لە کێشەکە یان خزمەتگوزارییەکە توڕەیە. پیشەییانە ڕەفتار بکە و توڕەیی بە توڕەیی وەڵام مەدەرەوە).
٤. چارەسەری خێرا و ڕوون پێشکەش بکە:
دوای تێگەیشتن لە کێشەکە، ڕاستەوخۆ بچۆ سەر ئەنجام. پێشنیاری چارەسەر بەکردار بکە:
- ڕاستکردنەوەی هەڵەکە یان گۆڕینی کالا/خزمەتگوزارییەکە.
- گەڕاندنەوەی پارە لە کاتێکدا کە کێشەکە لە توانای چارەسەردا نەبێت.
- پێشکەشکردنی قەرەبوو (دیارییەکی بچووک یان داشکاندن بۆ کڕینی داهاتوو).
٥. بەدواداچوون بکە:
دوای چارەسەرکردنی کێشەکە، پرۆسەکە بەجێمەهێڵە. دوای چەند ڕۆژێک پەیوەندی بە کڕیارەکەوە بکەرەوە و پرسیاری لێ بکە ئایا لە چارەسەرەکە ڕازییە؟
ئەم هەنگاوە سادەیە وا لە کڕیار دەکات هەست بە بەهاداری خۆی بکات و متمانەی بۆ بزنسەکەت بگەڕێتەوە.
دەرئەنجام:
کڕیاری ناڕازی گەورەترین مامۆستای بزنسەکەتە. ئەو لایەنە تاریکانەی کارەکەت پێ دەناسێنێت کە خۆت ناتوانیت بیانبینیت. بە بەکارهێنانی (ئارامی، ڕێز و چارەسەری خێرا) دەتوانیت مەترسیدارترین دۆخەکان بگوڕیت بۆ گەورەترین سەرکەوتن و ناوبانگی باش بۆ کۆمپانیاکەت.