چۆن وشەی نەخێر بگۆڕیت بۆ بەڵێ؟

چۆن وشەی نەخێر بگۆڕیت بۆ بەڵێ؟

گۆڕینی وشەی (نەخێر) بۆ (بەڵێ) لە پشت تەلەفۆنەوە، بەواتای شەڕکردن یان پێداگریی بێزارکەر نایەت؛ بەڵکو بەواتای تێگەیشتن دێت لەوەی کە لە (فرۆشدا نەخێر کۆتایی ڕێگاکە نییە، بەڵکو سەرەتای پرۆسەی فرۆشتنی ڕاستەقینەیە).

کاتێک کڕیارێک دەڵێت نەخێر، زۆرجار مەبەستی ئەوە نییە کە بەرهەمەکەی تۆی ناوێت، بەڵکو مەبەستی شتێکی ترە :

  • نرخەکەی گرانە.
  • کاتی نییە.
  •  هێشتا متمانەی پێت نییە.

بۆ ئەوەی ئەم نەخێرە بە ڕێگایەکی هێمن بگۆڕیت بۆ (بەڵێ)، ئەم چوار هەنگاوە پەیڕەو بکە:

هەنگاوی ١: هاوسۆزی پیشان بدە و مەچۆوە ناو شەڕەوە:

کاتێک کڕیار دەڵێت (نەخێر، بۆ من گرانە)، زۆربەی فرۆشیارە نەشارەزاکان دەڵێن: نەخێر کاکە کوا گرانە؟ ئەسڵەن زۆر هەرزانە!.
ئەمە گەورەترین هەڵەیە چونکە کڕیارەکە دەخاتە دۆخی بەرگرییەوە.

تەکنیکی دروست:

لەگەڵ هەستی کڕیارەکەدا هاوڕا بە. بڵێ:

(تەواو لێت تێدەگەم کاک [ناو]، جەنابت ڕاست دەکەیت، پێش ئەوەی کڕیارەکانی تریشمان سوود لەم خزمەتگوزارییە بببینن، لە سەرەتادا هەمان ڕای تۆیان هەبوو…).

تێبینی گرنگ:

زۆرجار کڕیار بەرهەمەکەت بە شتێکی تر بەراورد دەکات. بە پرسیارکردن دەتوانیت هۆکارەکە بزانیت.

​چی بڵێیت؟

(ڕاست دەفەرموون نرخەکەمان کەمێک بەرزترە. بەڵام دەتوانم بپرسم لەگەڵ چی بەراوردی دەکەیت؟ ئایا بەرهەمێکی هاوشێوەت بینیوە، یان بودجەیەکی دیاریکراوت لە مێشکدایە؟).

لەم بارەدا دەتوانن باشتر لە کڕیار تێبگەن.

هەنگاوی ٢: کێشە ڕاستەقینەکە بدۆزەرەوە:

زۆرجار کڕیار بەربەستێکی ڕواڵەتی بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی خۆی ڕزگار بکات. تۆ دەبێت کێشە ڕاستەقینەکە دەستنیشان بکەیت.

تەکنیکی دروست:

بپرسە: (کاکە گیان، تەنیا بۆ ئەوەی دڵنیا ببمەوە؛ ئایا کێشەکە تەنیا لە شێوازی قست و پارەدانەکەدایە، یان خودی بەرهەمەکەش بۆ کارەکەی تۆ گونجاو نییە؟) کاتێک دەڵێت (نا، بەرهەمەکە باشە بەس پارەکەم پێ نادرێت)، لێرەدا تۆ کێشەکەت کورت کردەوە تەنیا لە (نرخ)دا.

  • ئەگەر توانیتان ئۆفەرێکی تایبەت و کاتی پێشکەش بکەن.

هەنگاوی ٣: هاوکێشەی نرخ بگۆڕە بەها:

کڕیار کاتێک دەڵێت گرانە، واتە ئەو بەهایەی پێی دەدەیت کەمترە لەو پارەیەی لێی داوا دەکەیت. تۆ دەبێت تەرازووەکە پێچەوانە بکەیتەوە.

تەکنیکی دروست:

مەڵێ نرخەکەی گشتی ئەوەندەیە. بیکە بە بەش بەش و بەهای گەورەی پێشان بدە. بۆ نموونە ئەگەر سیستمی CRM یان خزمەتگوزارییەک دەفرۆشیت بە 300 دۆلار لە ساڵێکدا، بڵێ:

(خاتوو نازدار گیان، ئەم سیستمە ڕۆژانە تەنیا کەمتر لە ١ دۆلاری تێدەچێت (پارەی یەک قاوە)، بەڵام لە بەرامبەردا ڕێگری دەکات لەوەی کڕیارەکانت فەرامۆش بکرێن و فرۆشتنت بە لایەنی کەمەوە لە٪٢٠ زیاد دەکات. ئایا شیاو نییە ڕۆژانە بەهای یەک قاوە دابنێیت بۆ گەشەی بزنسەکەت؟)

هەنگاوی ٤: کۆتایی پێ بهێنە بە بژاردەی دووانە:

کاتێک کڕیارەکە قایل بوو، مەیخەرە بەردەم پرسیارێک کە وەڵامەکەی بەڵێ یان نەخێر بێت (وەک: ئایا ڕازیت بیبەیت؟). لە جیاتی ئەوە دوو بژاردەی ئەرێنی بخەرە بەردەمی.

تەکنیکی دروست:

کاکە محمد گیان، بۆ ئەوەی دەست پێ بکەین، پێت باشە نوێنەرەکەمان سبەی بەیانی سەعات ١٠ سەردانت بکات بۆ بەستنی سیستمەکە، یان دوای نیوەڕۆ کاتت گونجاوترە؟

لێرەدا مێشکی کڕیارەکە لە بیرکردنەوە لە (کڕین یان نەکڕین) دەگۆڕێت بۆ بیرکردنەوە لە (بەیانی یان دوای نیوەڕۆ).

تێبینی زۆر گرنگ:

وەک دەزانین هەموو کەس کڕیاری ئێمە نییە و دەبێت بازاڕی خۆمان دیاری کردبێت.

ڕستەی زێڕینی دەروونناسی لە بازاڕی خۆماندا:

کاتێک کڕیارێکی کورد زۆر پێداگربوو لەسەر (نەخێر)، ئەم ڕستە جادووییە بەکاربهێنە:

کاک عەزیز گیان، من لێرەم بۆ ئەوەی یارمەتیت بدەم نەک تەنیا شتت پێ بفرۆشم. وەرە تەنیا بۆ یەک مانگ تاقی بکەرەوە، ئەگەر ئەو قازانجەی باسم کرد بۆت نەهاتە دی، من خۆم بەرپرسیارم.

(ئەم جۆرە گەرەنتییە، ترس لە ناو دڵی کڕیاردا ناهێڵێت و نەخێر دەکاتە بەڵێ).

کۆمێنتێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *