چۆن هاوڕێی ناڕازیی کڕیارەکەت بکەیتە کڕیاری نوێ؟

چۆن هاوڕێی ناڕازیی کڕیارەکەت بکەیتە کڕیاری نوێ؟

 

هەمومان ڕووبەڕووی ئەم بارودۆخە بووینەتەوە: کڕیارێک دێتە دووکانەکەت، بەرهەمێکی بەدڵە و خەریکە بڕیاری کڕین دەدات. لەپڕ هاوڕێکەی دەڵێت:

(نا بابا، ئەمە بەکەڵک نایەت!)

 (لە شوێنێکی تر هەرزانترە)

بەم شێوەیە کڕیارەکە پەشیمان دەکاتەوە و بێ هیچ کڕینێک بەجێمان دەهێڵن.

 

لە وەها بارودۆخێکدا، زۆربەی فرۆشیاران تووڕە دەبن یان هاوڕێکەیان فەرامۆش دەکەن، بەڵام فرۆشیاری زیرەک ئەمە وەک دەرفەتێک دەبینێت. کەواتە چۆن دەتوانیت بەرهەمەکە بە کڕیاری یەکەم بفڕۆشیت و هاوڕێکەشی بکەیتە هاوڕێی بزنسەکەت؟

 

لەم وتارەدا ٥ خاڵی گرنگ  دەخەینەڕوو کە هاوکارمان دەبێت لەوەی کڕیارەکانمان لامان بمیننەوە و هاوڕێکانیشیان ببنە کڕیاری نوێ:

 

١. هاوڕێکەی مەکە بە دوژمن بەڵکو بیکە بە بڕیاردەر:

یەکەم هەڵە کە بیکەیت ئەوەیە تووڕە ببیت یان وەڵامی توندی هاوڕێکەی بدەیتەوە. هەندێک جار فرۆشیار قسەی ڕەق یان مۆڕە لە هاوڕێی کڕیارەکە دەکات کە هەستێکی زۆر خراپ بۆ هەرووکیان دروست دەکات.

لە بیرت بێت کڕیارەکە متمانەی بە هاوڕێکەی هەیە زیاتر لە تۆی فرۆشیار! بۆیە ئەگەر هێرش بکەیتە سەر ڕای هاوڕێکەی ئەوا کڕیارەکەش لەدەست دەدەیت. لە شوێنی ئەوە، ڕێز لە ڕاکەی بگرە و بڵێ:

(دەستت خۆش بێت کە ئاگاداری هاوڕێکەتی، بەڕاستی هاوڕێیەکی دڵسۆزیت). بەمە سەرنجی هاوڕێکە بەلای خۆتدا ڕادەکێشیت.

 

٢. پرسیار لە هاوڕێکە بکه، نەک کڕیارەکە:

کاتێک هاوڕێکە دەڵێت (ئەمە باش نیە) ڕاستەوخۆ بە ڕێزەوە لێی بپرسە: بێزەحمەت دەتوانم بزانم بۆچی وا بیر دەکەیتەوە؟ یان بە ڕای تۆ چی تێدا بێت باشترە؟

کاتێک گوێ لە تێبینییەکانی دەگریت، هەست دەکات ڕای گرنگە. پاشان بە هێمنییەوە زانیارییە دروستەکان و خاڵە بەهێزەکانی بەرهەمەکەی بۆ ڕوون بکەرەوە.

 

٣. هاوڕێکە بکە بە بەشێک لە پرۆسەی فرۆشتنەکە:

تەرکیزت تەنها لەسەر کڕیاری یەکەم نەبێت. تاقیکردنەوەی بەرهەمەکە یان زانیارییەکان ئاراستەی هەردووکیان بکە. بۆ نموونە بڵێ:

(تۆش تاقی بکەرەوە، بزانە بە ڕای تۆش هەمان کاریگەری هەیە؟) کاتێک هاوڕێکە بەشدار دەبێت لە ئەزموونەکە، لە بەرهەڵستکارەوە دەبێتە هاوکار.

 

٤. بەهای زیاتر پیشان بدە کە هاوڕێکەش سەرسام بکات:

ئەگەر هاوڕێکە دەڵێت لە شوێنێکی تر هەرزانترە، جەخت لەسەر کواڵێتی و گەرەنتی (ضمان) هەروەها خزمەتگوزاری دوای فرۆشتن بکەرەوە. بڵێ:

(ڕاست دەکەیت، ڕەنگە شتی هەرزانتر هەبێت، بەڵام ئێمە گەرەنتی ئۆریجیناڵ بوونی پێ دەدەین، ئەگەر هەر کێشەیەکی هەبوو دەتوانن بێننەوە). ئەم گەرەنتییە دڵنیایی بە هەردووکیان دەدات.

 

٥. هاوڕێکەش بکە بە کڕیاری داهاتووت:

تەنانەت ئەگەر لە کۆتاییدا بەرهەمەکە بۆ کڕیاری یەکەم گونجاو نەبوو، ڕەفتاری پرۆفێشیناڵانەت وا لە هاوڕێکە دەکات سەرسام بێت. لە کۆتاییدا دیارییەکی بچووک (وەک کارتێکی داشکاندن یان کارتێک بۆ سەردانی جارێکی تر) بدە بە هاوڕێکەشی و بڵێ:

خۆشحاڵم کە سەردانتان کردووین، بۆ جاری داهاتوو داشکاندنتان بۆ دەکەین.

 

تێبینی زۆر گرنگ: فرۆش وەک هونەر وایە، هەر هونەرێک ڕەوشت و یاسای تایبەت بە خۆی هەیە. فرۆشیاری پیشەی باش دەزانێت چۆن مامەڵە لەگەڵ کڕیار بکات و سنوری خۆی بزانێت لە کاتی قسەکردندا.

 

کەواتە!

لە بواری فرۆشتندا، هاوڕێی کڕیار (کۆسپ) نییە بەڵکو کڕیارێکی شاردراوەیە. کاتێک بە ڕێز و شارەزاییەوە مامەڵەی لەگەڵ دەکەیت، نەک هەر فرۆشتنەکەی یەکەم مسۆگەر دەکەیت، بەڵکو هاوڕێکەشی دەکەیتە کڕیارێکی دڵسۆزی بزنسەکەت!

 

 

کۆمێنتێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *