کڕیاری ناڕازی کێشەیەکی گەورەیە، بەڵام ئەگەر بتوانیت بە دروستی مامەڵەی لەگەڵ بکەیت، دەتوانرێت بگۆڕدرێت بۆ هەلێک بۆ بەهێزکردنی پەیوەندی و سەردانکردنی بەردەوامی کڕیارەکە. هەمیشە باسی ئەوە دەکەین: بۆ ئەوەی بزنسێک دروستبکەیت کە بە درێژای تەمەنت پارەت بداتێ، دەبێت کڕیارەکانت لێت ڕازیبن.
بەڵام دەبێت بزانیت: ناتوانیت هەمووان ڕازیبکەیت!
هەرچەندە هەوڵبدەیت و ئەزمونێکی چێژبەخش بۆ کڕیارەکانت دروستبکەیت، بەڵام کۆمەڵێک کڕیار دەبن، کە لێت ناڕازیدەبن.
کڕیاری ناڕازی کێیە؟ کڕیاری ناڕازی ئەو کەسانەن کە دەچن بە خراپە باستدەکەن و وادەکەن خەڵک ساردببنەوە لە سەردانیکردنت.
چی بکەین، تا کڕیاری ناڕازی، بگۆڕین بۆ کڕیاری ڕازی؟
لێرەدا ٣ خاڵ باس دەکەین تا بتوانیت کڕیارە ناڕازییەکانت بگۆڕیت بۆ کڕیاری ڕازی:
١. هەنگاوی یەکەم: تێگەشتن لە هۆکاری ناڕازیبوونەکەی: پێش هەر شتێک، پێویستە بزانین بۆچی کڕیار ناڕازییە. دەکرێت هۆکارەکان جیاواز بن: وەک کوالێتی بەرهەم، کێشە لە گەیاندن. تێگەشتن لە ڕەگی کێشەکە یەکەم هەنگاوی گرنگە بۆ چارەسەرکردنی.
مەبەست کە مامەڵەکردنمان لەگەڵ کڕیاری ناڕازیدا، تەنها چارەسەرکردنی کێشەکەیان نییە، بەڵکو گۆڕینی ئەزموونێکی نەرێنییە بۆ هەلێک بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان.
٢. هەنگاوی دووەم: گوێگرتن بە وریاییەوە لە کێشەکە: کاتێک کڕیارێک ناڕازییە، پێویستی بەوەیە کە گوێی لێ بگیرێت. دەرفەت بە کڕیارەکە بدە کە باسی کێشەکەی بکات بەبێ ئەوەی بیپچڕێنیت. گوێگرتن بە وریاییەوە تەنها گوێ گرتن نییە لە وشەکان، بەڵکو پێویستە تێگەشتنت هەبێت بۆ هەستی ئەوان و هاوخەمیانبیت.
هەندێک جار کڕیارەکە تەنها دەیەوێت گوێی بۆ بگیرێت و هەستیپێ بکرێت.
لێرەدا ٣ ڕستە وەک نموونە دەهێنینەوە، کە دەتوانرێت بۆ دەربڕینی هاوخەمی لەگەڵ کڕیار بەکاربهێنرێن:
١. تێدەگەم کە ئەم بارودۆخە بۆ ئێوە زۆر سەختبووە
٢. ببورن کە بەم ئەزموونە ناخۆشەدا تێپەڕبوون.
٣.زۆر ئاساییە هەست بە ناڕازیبوون بکەیت.
٣. هەنگاوی سێهەم: خاوەنداریەتی کێشەکەبکە: کڕیارەکەت دڵنیا بکەوە کە کێشەکەی بۆ چارەسەر دەکەیت، نەوەک نکۆڵی لە کێشەکە بکەیت. هەروەها دوای چارەسەرکردنی کێشەکە، پەیوەندی بە کڕیارە ناڕازییەکەوە بکە، دڵنیا بە کە کێشەکەی چارەسەر کراوە.
هەر کات کڕیارێکی ناڕازی گلەیت لێدەکات، دەرفەتێکە بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییەکانت، وردبینی بکە کە ئایا بۆچی ئەم کێشەیە لە بزنسەکەتدا ڕووی داوە، هەروەها چۆن دەتوانرێت ڕێگری لە ڕودانی بکرێت لە داهاتوودا.
کۆتای:
لەبیرتبێت: کڕیاری ناڕازی هەلێکە، نەک کارەسات. بە هەڵسوکەوتی دروست و چارەسەری کاریگەر، دەتوانیت متمان ەبەدەست بهێنیت، هەروەها کڕیاری دڵسۆز و ماوەدرێژ دروستبکەیت. بەهێزی بزنسەکەت کاتێک دەردەکەوێت کە چۆن مامەڵە لەگەڵ کڕیارێکی ناڕازی دەکەیت.