چۆن لەگەڵ ئیشی فەرمانبەرییەکەمان بزنس دروستبکەین؟

زۆرێک لە فەرمانبەرانی حکومەت یان کارمەندانی کەرتی تایبەت دەیانەوێت سەرچاوەیەکی تری داهات دروست بکەن، بەڵام پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە: “چۆن دەتوانین ٨ کاتژمێر لە دەوام بین و لە هەمان کاتدا خاوەن بزنسێکی سەرکەوتووش بین؟”

ڕاستیی دروستکردنی بزنس لەگەڵ ئیشی فەرمانبەریدا کارێکی مەحاڵ نییە، بەڵکو تەنها پێویستی بە پلاندانان، ڕێکخستنی کات و بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا هەیە.

لەم وتارەدا بە ٥ هەنگاو ڕوونی دەکەینەوە کە یارمەتیت دەدەن هەردوو کارەکە بە سەرکەوتوویی بەڕێوەبەریت:

١. هەڵبژاردنی بزنسی گونجاو:

ناتوانیت بزنسێک هەڵبژێریت کە پێویستی بە ئامادەبوونی جەستەی خۆت هەبێت لە کاتی دەوامدا. ٣ باشترین بژاردە بۆ فەرمانبەران لێرە ڕووندەکەینەوە:

١. بزنسی ئۆنلاین: وەک فرۆشتنی کاڵا بە شێوەی ئۆنلاین یان دروستکردنی براندێکی بچووک لە ئینستاگرام، کە دەتوانیت لە کاتی بەتاڵتدا وەڵامی کڕیاران بدەیتەوە.

٢. خزمەتگوزاریی دیجیتاڵی:  پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری وەک دیزاین، وەرگێڕان، یان بەڕێوەبردنی سۆشیاڵ میدیا لە کاتی پشووەکاندا.

٣. سەرمایەگوزاری:  وەک دروستکردنی کۆرسی فێرکاریی ئۆنلاین، یان چاپکردنی کتێب و دیزاین، کە دەتوانین یەکجار هیلاکبین پێیەوە و دواتر بزنسەکە خۆی پارەمان بۆ دەهێنێت.

٢. پلاندانان و دابەشکردنی کات:

کات گەورەترین سەرمایەی تۆیە. دەبێت کاتژمێرەکانی ڕۆژت بە وردی دابەش بکەیت:

  • کاتی دەوام: تەنها بۆ ئیشی فەرمانبەری تەرخان دەکرێت (نابێت ئیشی بزنسەکە لە کاتی دەوامی فەرمیدا بکەیت).
  • کاتی دوای دەوام: تەرخانکردنی ٢ بۆ ٣ کاتژمێر لە ئێواراندا (بۆ نموونە لە کاتژمێر ٦ بۆ ٩ی شەو) بۆ بەدواداچوونی فرۆش، ڕیکلام، و پەیوەندییەکان.
  • پشووی کۆتایی هەفتە: بۆ کارە قورسەکان (وەک کڕینی کاڵا، گەیاندن، یان پلاندانانی ستراتیژی).

٣. جیاکردنەوەی هەردوو کارەکە:

ئەگەر فەرمانبەری حکومەت بیت، پێویستە بزنسەکەت هیچ ناکۆکییەکی لەگەڵ یاسای فەرمانبەران یان بەرژەوەندیی گشتی نەبێت.
ئامۆژگاری: باشترە بزنسەکەت لە بوارێکدا بێت کە پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە ئیشی سەرەکیی خۆتەوە نەبێت. هەروەها باج و ڕێنماییە یاساییەکان لەبەرچاو بگرە.

٤. بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا بۆ ئۆتۆماتیککردنی کارەکان:

بۆ ئەوەی بزنسەکەت بەردەوام بێت لە کاتێکدا تۆ لە دەوامیت، تەکنەلۆژیا بەکاربهێنە، لیرەدا بە ٢ خاڵ ڕوونی دەکەینەوە.
١.  سیستمی وەڵامدانەوەی خێرا: لە سۆشیاڵ میدیا پەیامی ئامادەکراو بەکاربهێنە بۆ ئەوەی کڕیارەکان ڕاستەوخۆ وەڵامبدرێنەوە.
٢.  هاوبەش یان کارمەند:  دەتوانیت کەسێک دابنێیت کە لە کاتی دەوامدا کاروباری گەیاندن یان وەڵامدانەوەت بۆ بکات، لە بەرامبەردا بەشێک لە قازانجەکەی پێ بدەیت.

لەم وتارەدا بە ٤ خاڵ بەراورد دەکەین لە نێوان فەرمانبەری یاخود کارمەندی و بزنسدا:

١. کارمەندی لە ڕووی داهاتەوە داهاتێکی جێگیری هەیە و هەموو مانگێک لە کاتی خۆیدا وەری دەگرێت. ئەمە خاڵێکی پۆزەتیڤە کە کارمەندەکان زەرەدی دارای ناکەن.

بەڵام بزنس داهات و قازانجی گۆڕاوە، وایە هەندێک جار قازانجێکی زۆر و باش دەکەین، هەندێک جاریش زەرەر دەکەین.

٢. کارمەندی یاسایەکت لە لایەک بەڕێوبەری کارەکەتەوە بۆ دانراوە کە دەبێت پەیڕەوی بکەت و بە گوێرەی یاساکان مامەڵە بکەیت. بەڵام بزنس تۆ خاوەنکاریت و خۆت یاسا دادەنێیت و بە گوێرەی یاساکانی خۆت مامەڵە دەکەیت.

٣. کارمەندی ئیشێکە کە مەترسی تێیدا کەمە یاخود بڵێین تاکە مەترسی تێیدا دەرکردنی کارمەندەکەیە. بەڵام بزنس ئیشێکە کە مەترسی تێیدا بەرزە و ئەگەر هەیە تەواوی سەروەتەکەمان سفر ببێتەوە.

٤. کاتێک کارمەندین کاتی کارکردنمان تا ئاستێکی باش دیارە و لە زۆرینەی کاتەکاندا ٨ کاتژمێر کاردەکەین. بەڵام کاتێک لە بزنسداین کاتێکی دیاریکراومان نییە و دەبێت هەمیشە لەسەر کاربین.

٥. سەبر و نەرمونیانی:

لەبیرت بێت کە سەرەتای کارکردن لەسەر دوو ئیش ماندووبوونی دەروونی و جەستەیی دەوێت. لە ٦ مانگی سەرەتادا پێشبینی قازانجی زۆر مەکە؛ سەرەتا تەرکیز لەسەر جێگیرکردنی بزنسەکە بکە تاوەکو دەبێتە سەرچاوەیەکی دڵنیای داهات.

کۆمێنتێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *