چۆن بە تەلەفۆن متمانە لەگەڵ کڕیارێک دروست بکەیت کە ناتبینێت؟
دروستکردنی متمانە لە پشت تەلەفۆنەوە، بە تایبەت لە بازاڕی کوردستاندا کە کڕیار بە سروشتی خۆی کەمێک بەگومانە و حەز بە بینینی ڕووبەڕوو دەکات، هونەرێکی ڕاستەقینەیە. کاتێک کڕیار ناتبینێت، (گوێی) دەبێتە چاوی و هەموو بڕیارەکان لەسەر بنەمای ئەو دەنگ و وشانە دەدات کە دەیانبیستێت.
بۆ ئەوەی لە یەکەم خولەکەوە متمانەیەکی پۆڵایین دروست بکەیت، ئەم ٦ ستراتیژیانە پەیڕەو بکە کە لەم وتارەدا دەخەینە ڕوو:
١. زەردەخەنەی دەنگی بەکاربهێنە:
مرۆڤ دەتوانێت تێبینی زەردەخەنە بکات تەنانەت ئەگەر نەتبینێت! تۆنی دەنگت یەکەم شتە کە دەگاتە کڕیار.
چۆن جێبەجێی بکەیت؟
پێش ئەوەی تەلەفۆنەکە بکەیت، بە ڕاستی زەردەخەنە بکە. کاتێک بە دەم زەردەخەنەوە قسە دەکەیت:
- دەنگت گەرمتر.
- دۆستانەتر.
- کراوەتر.
دەبێت. دەنگی وشک و بێتاقەت کڕیار دەترسێنێت و وای لێدەکات هەست بکات تەنیا دەتەوێت پارەکەی لێ بسەنیت.
٢. ناوی کڕیارەکە بە ڕێزەوە بەکاربهێنە:
بانگکردنی کەسەکان بە ناوی خۆیانەوە، کورتترین ڕێگەیە بۆ شکاندنی سەهۆڵی نێوانتان و دروستکردنی نزیکی.
چۆن جێبەجێی بکەیت؟
لە سەرەتای پەیوەندییەکەدا ناوی فێرببە و لە کاتی قسەکردندا بە شێوازێکی سروشتی دووبارەی بکەرەوە بۆ نموونە:
(کاک پشتیوان، وەک جەنابت ئاماژەت پێدا… یان خاتوو ڤیان، ئەم خاڵە زۆر گرنگە بۆ تۆ…). ئەمە هەستی ئەوە دەداتە کڕیار کە تۆ گرنگی بە خودی ئەو دەدەیت، نەک تەنیا بە فرۆشتنەکە.
٣. هونەری ئاوێنەکردن:
خەڵک حەزیان بەو کەسانەیە کە لە خۆیان دەچن. ئاوێنەکردن واتە خۆگونجاندن لەگەڵ شێوازی قسەکردنی کڕیارەکەدا بەبێ ئەوەی دەستکرد بێت.
چۆن جێبەجێی بکەیت؟
ئەگەر کڕیارەکە لەسەرخۆ و بە هێمنی قسەی کرد، تۆش خێرایی قسەکردنت کەم بکەرەوە. ئەگەر کڕیارەکە بەپەرۆش و خێرا بوو، تۆش وزەی دەنگت بەرز بکەرەوە.
هەروەها، ئەو زاراوە یان وشانە بەکاربهێنەوە کە خۆی بەکاریان دەهێنێت تا هەست بکات تەواو لە زمانی تێدەگەیت.
تێبینی: نابێت بە ڕادەیەک وەک کڕیار بیت کە وا هەست بکات کە لاسایی دەکەیتەوە.
٤. ڕاستگۆیی:
هیچ بەرهەمێک لە جیهاندا بێ کەموکوڕی نییە، کڕیاریش ئەمە دەزانێت. کاتێک بەرهەمەکەت وەک شتێکی خەیاڵی و بێ عەیب نیشان دەدەیت، متمانەکە هاوسەنگ نابێت.
چۆن جێبەجێی بکەیت؟
ئەگەر بەرهەمەکەت تایبەتمەندییەکی تێدا نییە کە کڕیارەکە دەیەوێت، ڕاستەوخۆ پێی بڵێ:
(کاکە گیان، ڕاستگۆ بم لەگەڵتدا، ئامێرەکەی ئێمە ئەم تایبەتمەندییەی تێدا نییە، بەڵام لە جیاتی ئەوە ئەم قازانجە گەورەیەت پێدەبەخشێت…). ئەم ڕاستگۆییە کتوپڕە متمانەیەکی ئەوتۆ دروست دەکات کە لە چەندین کاتژمێر قسەکردن دروست نابێت.
٥. بەکارهێنانی بەڵگەی کۆمەڵایەتی:
کڕیار کاتێک ناتبینێت، دەترسێت کە تەنیا فێڵی لێبکرێت. بۆیە پێویستی بەوەیە بزانێت کە کەسانی تریش متمانەیان پێکردوویت.
چۆن جێبەجێی بکەیت؟
ناوی کۆمپانیا ناسراوەکان، ناوچەکان، یان ئەو کڕیارانە بهێنە کە لە بازاڕی خۆماندا سوودمەند بوون. بۆ نموونە:
(ئێمە پارساڵ ئەم سیستمەمان بۆ چەند کۆمپانیایەک لە شەقامی سالم لە سلێمانی یان فۆڕمۆڵا وەن لە هەولێر بەست، و تا ئێستاش پشتگیری تەکنیکییان دەکەین).
٦. دووپاتکردنەوەی پەیامەکەی کڕیار (تەکنیکی گوێگرتن):
بۆ ئەوەی بیسەلمێنیت کە تەنیا چاوەڕێی نۆرەی خۆت ناکەیت بۆ قسەکردن، بەڵکو بە ڕاستی گوێ دەگریت، قسەکانی کڕیارەکە پوخت بکەرەوە.
چۆن جێبەجێی بکەیت؟
کاتێک کڕیارەکە کێشەکەی باس دەکات، بڵێ:
ئەگەر ڕاست تێگەیشتبێتم، جەنابت کێشەی سەرەکیت ئەوەیە کە… دروستە؟ کاتێک کڕیار دەڵێت (بەڵێ، تەواوە)، لێرەدا نیوەی ڕێگای متمانەکەت بڕیوە.
یاسای کۆتایی:
هەمیشە وا سەیری پەیوەندییەکە بکە کە دەتەوێت (یارمەتی کڕیارەکە بدەیت) نەک (شتێکی پێ بفرۆشیت). کاتێک نیەتت یارمەتیدان بێت:
- شێوازی هەناسەدان.
- تۆنی دەنگ.
- جۆری وشەکانت.
بە شێوەیەکی سروشتی دەگۆڕێن بۆ زمانێک کە متمانە بەرهەم دەهێنێت.