چۆن بزانین کە کام بزنس بکەین؟

دیاریکردنی جۆری بزنس، گرنگترین و هەستیارترین بڕیارە کە دەیدەیت.
ڕۆژانە سەدان بیرۆکەی بزنس بە مێشکماندا تێدەپەڕێت، بەڵام هەموو بیرۆکەیەکی جوان، بزنسێکی سەرکەوتووی لێدروست ناکرێت. بۆ ئەوەی بزانیت کام بزنس بکەیت، نابێت تەنها شوێن “ترێند” یان قسەی خەڵک بکەویت.

 

 لەم وتارەدا لەڕێگەی ئەم ٥ پێوەرەوە هاوکارت دەبین بیرۆکەکەت هەڵبسەنگێنیت:

١. لێرەدا باس لە ٤ پرسیاری زۆر گرنگ دەکەین:

بۆ ئەوەی بزانیت چ بزنسێک بکەیت، وەڵامی ئەم ٤ پرسیارە بدەرەوە:

١- چی دەزانیت؟

مەبەست لەم پرسیارە ئەوەیە: شارەزاییەکانت و لێهاتووییەکانت دیاری بکەیت.
٢- حەزت لە چییە؟

چ کارێک هەیە کە ئامادەیت بەبێ پارە و بەبێ ئەوەی لێی بێزارببیت ئەنجامی بدەیت؟

٣- بازاڕ چی دەوێت؟

ئەو کێشەیەی خەڵک ئامادەن پارە بۆ چارەسەرکردنی بدەن.
٤- ئەو بوارە کامەیە کە قازانجت بۆ دەهێنێت؟

پیویستە بوارێک هەڵبژێریت کە هەم قازانجی هەبێت هەمیش حەزت لێیبێت.
باشترین بزنس بۆ تۆ:  ئەو کارەیە کە هەر چوار وەڵامەکەی تێدا کۆبێتەوە.

 

٢. شیکردنەوەی دارایی:

هەندێک بزنس زۆر باشن لە فرۆشتن و لە بازاڕ پێویستن، بەڵام پێویستیان بە سەرمایەیەکی یەکجار گەورە هەیە کە ڕەنگە لە توانای تۆدا نەبێت.

 

لێرەدا بە گوێرەی بودجەکەت یاخود ئەو پارەیەی پێتە بزنسەکان جیا دەکەینەوە بە ٢ خاڵ:

  • ئەگەر تۆ خاوەنی بودجەیەکی کەمیت:بزنسی خزمەتگوزاری، وەرگێڕان، مارکێتینگ، یان ناوەندکاری ئەنجامبدە.
  • ئەگەر تۆ خاوەنی بودجەیەکی مامناوەند یان بەرزیت:فرۆشگای کاڵا، چێشتخانە، کارگەی بچووک، یان هاوردەکردن ئەنجامبدە.

یاساکە: کارێک هەڵبژێرە کە ئەگەر لە ٦ مانگی یەکەمدا هیچ قازانجێکت نەکرد، تووشی قەرزێکی قورس نەبیت و بەلایەنی کەمەوە پارەی بەشی ٦ مانگت هەبێت کاتێک داغڵی پرۆسەی بزنسەکە دەبیت.

٣. تاقیکردنەوەی پێویستی بازاڕ:

بڕۆ ناو بازاڕ و تێبینی ئەو شوێنانە بکە کە خەڵک تێیدا “بۆڵەبۆڵ” دەکەن و ناڕازین.

  • ئەگەر هەموو کەس دەڵێت “گەیاندن لەم شارەدا خاوە”، ئەوە بزنسی گەیاندنێکی خێرا دەرفەتە.
  • ئەگەر خەڵک دەڵێن “خواردنی تەندروست دەست ناکەوێت”، ئەوە چێشتخانەی دایت دەرفەتێکە و بڕیارێکی گونجاوە.

باشترین بزنس:  ئەو بزنسەیە کە کەلێنێکی بازاڕ پڕ دەکاتەوە، نەک ئەوەی تەنها کۆپییەکی ڕکابەرەکان بێت.

٤. گونجانی بزنسەکە:

هەندێک بزنس ٢٤ کاتژمێر کاتی تۆ دەبەن (وەک چێشتخانە) دەرفەتی پشوودانت نامێنێت، هەندێکی تر ئازادیی زیاترت پێ دەدەن (وەک بزنسی ئۆنلاین).

  • پێش دەستپێکردن بپرسە: ئایا من ئامادەم ڕۆژانە ١٢ کاتژمێر لەم شوێنەبم و کار بکەم؟ یان دەمەوێت بزنسێک بێت کە بتوانم لە هەر شوێنێک بێت بەڕێوەی ببەم؟

ئەگەر توانای بەرگەگرتنی سەختییەکانت نییە، دەستپێمەکە!

٥. تاقیکردنەوەی بڕی بچووک:

پێش ئەوەی بڕیاری کۆتایی بدەیت و هەموو پارەکەت خەرج بکەیت، تاقیکردنەوەیەکی بچووک بکە.

  • ئەگەر دەتەوێت ببیتە فرۆشیاری جلوبەرگ، سەرەتا ١٠ پارچە بێنە و لە سۆشیاڵ میدیا دایبنێ. ئەگەر فرۆشرا، واتە بیرۆکەکەت ڕاستە و دەتوانیت گەورەی بکەیت.

کورتەیەک بۆ ئاسانکاری لە بڕیاردان:

پرسیار لە خودی خۆت بکە (چی دەزانیت؟) و سەیری چواردەوری خۆت بکە (بازاڕ چی دەوێت؟). ئەو خاڵەی کە ئەم دووانە بەیەک دەگەیەنێت، ئەو بزنسەیە کە دەبێت دەستی پێ بکەیت.

کۆمێنتێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *