چۆن بزانم بزنسێک کەی دەگات بە قازانج؟

هەندێک کەس وا بیردەکەنەوە کە گەیشتن بە ئامانج لە بزنسدا شانسە، بەڵام کە ڕاستیدا وا نییە، بەڵکو پرۆسەیەکی ئەندازیارییە.
زۆرێک لە خاوەنکارەکان دەستپێدەکەن بێ ئەوەی بزانن “ئامانج” بە وردی چییە. هەندێک پێیان وایە تەنها مانەوە لە بازاڕدا ئامانجە، بەڵام بزنسە ڕاستەقینەکان وەک کەشتییەک وان کە قیبلەنمایەکی وردیان هەیە، دەزانن بۆ کوێ دەچن و کەی دەگەن.

 

لەم وتارەدا بە ٥ قۆناغی ستراتیژی ڕوونی دەکەینەوە کە چۆن بزنسەکەت دەگاتە لوتکە:

١. هەبوونی ئامانجی ورد و دیاریکراو:

بزنسێک ناگاتە هیچ شوێنێک ئەگەر ئامانجەکانی گشتی بن (وەک: دەمەوێت قازانج بکەم). ئامانجی سەرکەوتوو دەبێت ورد و دیاریکراوبێت :

١.  دیاریکردن: بە وردی چیت دەوێت؟ بۆ نموونە: زیادکردنی فرۆشی کاڵاییەکی دیاریکراو.

٢.  پێوانەکردن: واتە ژمارەیەکت هەبێت کە وەک ئامانج دیاریت کردبێت؟ (بۆ نموونە: ئەم مانگە پێویستە بزنسەکەم بای ٩٠٠$ فرۆش بکات. هەندێک جار ئاساییە ئەگەر زیاتر لەو نرخەی دامان ناوە لە مارکێتینگدا خەرجی بکەین تا بگەین بە فرۆشی ٩٠٠$.

٣. بەرجەستەکردن:  ئایا ئەو ئامانجەی دیاریمان کردووە بە سەرمایەی ئێستامان دەکرێت؟  پێویستە لە دانانی ئامانجدا خەیاڵبین نەبین و بە گوێرەی فرۆشی مانگەکانی ڕابردوومان ڕێژەیەکی واقیعی دیاری بکەین.

٤. پەیوەندیدار: ئایا ئێمە کە ئەم ئامانجەمان داناوە، هاوکاری بزنسەکەمان دەبێت گەشەی باشتر بکات؟

ئەگەر ئامانجەکەمان هاوکارمان نابێت لە گەشەکردن، باشتر وایە ئامانجێک هەڵبژێرین کە هاوکارمان بێت گەشە بە بزنسەکەمان بدەین و فرۆشی باشتر بکەین.

٥. کاتی پێویست: کاتێک دیاریبکە بۆ بە دەستهێنانی ئەو ئامانجە.

(بۆ نموونە: لە ماوەی ٦ مانگدا بڕی ٤٠٠$ فرۆش بکەم).

٢. گۆڕینی ئامانجەکەمان بۆ “سیستمێکی کارکردن”:

ئامانجەکان تەنها ئەنجامن، ئەوەی تۆ دەگەیەنێتە ئەوێ سیستمەکەیە.
ئەگەر ئامانجم گەیشتنە بە ١٠٠٠ کڕیاری نوێ، سیستمی کارکردنم دەبێت ڕۆژانە:

– چەند پەیوەندی بکرێت؟

– چەند ڕیکلام ئەنجام بدەین و بە بڕ و تێچووی چەند؟

– چەند سەردانکردن بۆ شوێنانێک کە دەکرێت ببنە کڕیارمان لەخۆ بگرێت؟

بزنسە گەورەکان سەرنج ناخەنە سەر ئەنجامەکە، بەڵکو سەرنج دەخەنە سەر ئەو کارە بچووکانەی کە هەموو ڕۆژێک دووبارەی دەکەنەوە.

٣. چاودێریکردنی پێوەرەکانی سەرکەوتن:

چۆن دەزانیت ئەو ڕێگایەی کە لە سەری دەڕۆیت ڕێگا ڕاستەکەیە؟ دەبێت “پێوەر”ت هەبێت. خوێنەری ئەم ٣ خاڵەی خوارەوەبن:
١. ئەگەر ئامانجت گەشەکردنە، بەردەوام سەیری ژمارەی کڕیارە نوێیەکانت بکە.
٢. ئەگەر ئامانجت قازانجکردنە، بەردەوام سەیری کەمکردنەوەی تێچووەکانت بکە.
٣. گرنگترین کار کە خاوەنکار لەناو بزنسدا ئەنجامی دەدات ئەوەیە کە تەواوی داتاکانی تۆماربکات. بزنسێک کە داتاکانی تۆمار ناکات، وەک شۆفێرێک وایە کە لە تاریکی و بێ لایت لێدەخوڕێت و دەیەوێت بگاتە شوێنی مەبەست.

٤. خۆگونجاندن:

ڕێگای گەیشتن بە ئامانج هەمیشە ڕاست و تەخت نییە. ڕەنگە بازاڕ بگۆڕێت، ڕکابەرێکی نوێ پەیدا بێت، یان یاساکان بگۆڕێن.
– بزنسێک دەگاتە ئامانج کە بتوانێت پلانەکەی بگۆڕێت بێ ئەوەی ئامانجەکەی بگۆڕێت.
– لەبەرامبەر کێشەکاندا مەوەستەوە، بەڵکو بەدوای ڕێگای جێگرەوەدا بگەڕێ و چارەسەری کێشەکان بکە.

٥. هێزی تیم و سەرکردایەتی:

هیچ بزنسێک بە تەنها ناگاتە ئامانجە گەورەکانی.

مەرجە ئەم ٣ خاڵە لەبەرچاو بگریت:

١. ئایا تیمەکەت تێدەگەن و ڕوونە لایان ئامانجی ئەمساڵی بزنسەکەت چییە؟
٢. ئایا بڕی پێویست هانتداون بۆ ئەوەی هەوڵی تەواوی خۆیان بدەن بۆ بەدەستهێنانی ئامانجی بزنسەکە؟
٣. گەیشتن بە ئامانج پێویستی بەوەیە هەموو کارمەندەکانت بە دڵسۆزی وەک ئامانجێک بۆ بزنسی خۆیان ئامانجی بزنسەکەت ببینن و هەوڵی بۆ بدەن.

ئەمەش بەوە دەکرێت کە خاوەنکار کەسی دڵسۆز و شایستە هەڵببژێرێت و هانیان بدەن.

کورتەیەک بۆ زیاتر تێگەشتن:

بزنسێک دەگاتە ئامانج کە پلانێکی نوسراو، سیستمێکی ڕۆژانە و داتایەکی وردی هەبێت. ئەگەر تەنها هیوای بۆ دەخوازیت و هیچ یەک لەم کارانە ناکەیت، ئەوە خەونە نەک بزنس.

کۆمێنتێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *